کژار لە پێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی وریشە مورادی هەڵمەتێکی دەستپێکرد
لە پێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامێکیان بە ناوی وریشە مورادی کە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە رفێندراوە، کژار دەستی بە هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوە کرد.
لە پێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامێکیان بە ناوی وریشە مورادی کە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە رفێندراوە، کژار دەستی بە هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوە کرد.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە رێگەی ماڵپەڕی 'دادخواست'ەوە دەستی بە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆکردووە لە پێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی وریشە مورادی (جوانا سنە) ئەندامی کژار کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە لە نزیک سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە رفێندراوە و چارەنووسی دیار نییە.
دەقی بانگەوازەکەی کژار لە هەڵمەتەکەدا بەم جۆرەیە:
"بۆ ڕای گشتی، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران! ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ!
لە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار”، بە ناوی “وریشە مورادی” ناسراو بە “جوانا سنە”، کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کاروباری سیاسی و ڕێکخستنی پێوەندیدار بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوەو بۆ شوێنێکی نادیار راگواستراوە.
لەم ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی هاوڕێمان وریشە مورادی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە. ئەم بابەتە نیگەرانی ڕێکخراوەکەی ئێمە “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار” و هەروەها بنەماڵەکەی، سەبارەت بە دۆخی نادیاری ناوبراوی زیاتر کردووە.
سەبارەت بە بێ سەروشوێنکردنی ئەم هەڤاڵمان لە لایەن هێزەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئێمە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی گیان و مافەکانی هەڤاڵ جوانا سنە.
هەر بۆیە داوا لە ڕای گشتی و ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنکردنی هەڤاڵ جوانا سنەو هەروەها “سیناریۆ سازی دامەزراوە ئەمنییەکان” لەدژی ناوبراو بگرنەبەر".
بۆ واژۆکردنی کەمپینەکە کلیک لێرە بکەن