کەژەکە بانگەواز لە گەلان دەکات وێرانکاری بگۆڕن بۆ ئاوەدانکردنەوە

کەژەکە بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی بومەلەرزەی ٦ ی شوباتەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، بەبۆنەی قوربانییەکانەوە، سەرەخۆشی لە هەموو گەلان دەکات، دەڵێت: "بانگەواز لە گەلی کورد و تورک و عەرەب دەکەین، وێرانکاری بومەلەرزەکە بگۆڕن بۆ ئاوەدانکردنەوە".

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. کەژەکە تیشکی خستە سەر کارەساتی سیاسەتی تاڵان و وێرانکاری و داوای کرد کەس جارێکی تر نەچێتە ماڵەکانی مردنی تۆکی، کە دەسەڵات ئەم تۆکییەی گۆڕی بۆ کەرەستەی هەڵبژاردن.

سەرەخۆشی لە گەلان

ڕاگەیاندراوی کەژەکە بەم جۆرەیە: " لە یەکەمین ساڵیادی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، هەموو ئەو مرۆڤانەمان کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاریان و هەموو گەلان دەکەین.

مەرەش، سەمسوور، مەڵەتی، دیلۆک، ئامەد، هاتای، شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا هەزاران ساڵە ماڵی شارستانیەتەکان بوون؛ بوونەتە جوگرافیایەک کە کورد و عەرەب و تورک و ئەرمەن و موسڵمان و عەلەوی و مەسیحی و هەمووان دەحەوێنێتەوە. هەمیشە پێشەنگ بووە لە بنیاتنانی شارستانیەتێکی دیموکراتیک. بەهۆی ئەم پێشەنگایەتییەوە ڕووبەڕووی هێرشی هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان بووەتەوە. دەوڵەتی فاشیستی تورک بە سیاسەتی کرێ‌خۆری و تاڵان ڕێگەی بۆ چەندەها کارەسات کردۆتەوە، بوومەلەرزەکەی وەک دەرفەتێک بینی و بووە تەماشاکەری مردنی گەل، دووبارە سیاسەتەکانی تاڵانکاریی جێبەجێ کردەوە.

ئەو مناڵانەی پێشکەشی مەزهەبەکان کران

ئەو ژمارانەی لە ڕاگەیاندنی فەرمی سەبارەت بە قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەدرێن، دوورن لە ڕاستییەوە. هەرچەندە هەزاران بنەماڵە بۆ ئەو منداڵانەی لە بن بەرد و کەلاوەکان ڕزگارکراون و ونبوون، وەک ونبوو ڕایانگەیاندوون، بەڵام دەوڵەتی فاشیست ئەوە ڕەتدەکاتەوە. چونکە لە منداڵی ناو لانکە تا منداڵی کوردی عەلەوی تەمەن ٥ ساڵ، هەزاران منداڵ پێشکەش بە مەزهەبەکان کران. وەک سیستەمێکی سەر بە نەریتی عوسمانی؛ منداڵانی خاکە فەتحکراوەکان لە خێزانەکانیان جیا دەکرێنەوە، پاشان پەروەردە دەکرێن و بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت بەکاردەهێنرێن. ئەمەش لەسەر منداڵی ئەو گەلە دێرینانەی کە لە هەرێمی بوومەلەرزەکە ڕزگار کران، ئەنجامدرا.

ماڵی مردن: تۆکی

بومەلەرزەکە سەلماندی هۆکاری مردنی ئەو ژمارە زۆرە ڕووداوێکی سروشتی نییە. هۆکاری ئەوەش سیاسەتی کرێ‌خۆری و تاڵانکاریی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەیە. بەو تەندەرانەی پێشکەشی لایەنگرانی کردووە، ئەندازیاری ئەو پڕۆژە و بینایانەی کردووە کە مرۆڤی ئێمە دەکوژێت. هەزاران مرۆڤی ئێمە پاش بومەلەرزەکەدا، لەژێر داروپەردووی بیناکان لە چاوەڕانی ڕزگاکردندا گیانیان سپارد. لە کەشێکی وەهادا حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هاوکاری بەسەر لایەنگرانیدا دابەشکرد و زۆربەی گەلەکەمانی بۆ مردن جێهێشت. خێمەکانی مانگی سووری بە گەلەکەمان فرۆشت کە ساڵانێک بوو باجی بوومەلەرزەیان دەدا. تەنانەت خوێنی فرۆشت و دەرگای کرێخۆرییەکی نوێی کردەوە. دەوڵەتی تورک لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا لە ژێر وێرانەدا مایەوە و ڕووخساری فاشیستی خۆی بە هەموو دامودەزگاکانیەوە نیشان دا. دوژمنایەتی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی کوردانی عەلەوی لەم بوومەلەرزەیەدا گەیشتە ترۆپک.

پاش بومەلەرزەکەش سیاسەتی کرێ‌خۆری بەردەوام بوو، بەزۆر خاکی گەلی عەرەبمان کە گەلی دێرینی هاتایە زەوتکرا. بیناکانی تۆکی کە بەسەر مرۆڤاکانماندا داڕمان، دیسانەوە دروستکرانەوە، تا بیکەنە کەرەستەی هەڵبژاردنە هەرێمییەکان. دایکێک کە لە بوومەلەرزەکەدا کەسوکارەکەی لەدەستداوە سەبارەت بە بینا وێرانبووەکان گوتبووی "بەدەستی خۆمان تابووتی خۆمان کڕی". پێویستە گەلەکەمان گوێ لە دەنگی ئەم دایکە بگرێت و جارێکی تر نەچنە ناو ماڵەکانی تۆکییەوە کە وەک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دروست دەکرێن.

هاوکاری ژنان

هەرچەند هەموو بەشەکانی جڤاک بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشت، بەڵام لە هەمووان زیاتر زیان بە ژنان و مناڵان گەیشت. هاوکات لەگەڵ کارەساتەکانی کاتی بوومەلەرزەکە، ژنانیش لە دوای بوومەلەرزەکەوە تووشی کێشەی تەندروستی و پاکوخاوێنی و خۆراک بوونەتەوە و زۆرێک لە ژنانی دووگیان لە سەر شەقامەکاندا لە ڕەوشی خراپی زستاندا منداڵیان بووە. ئەو تراومایەی لە جڤاکدا ڕوویدا، خۆی وەک توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نیشان داوە، تەنانەت لە خێمەکانیشدا، ئەو بنەماڵانەی کە لە ڕەوشێکی ئابووری خراپدان، ڕوویان لە نەریتە دواکەوتووەکانی وەک هاوسەرگیری لە کچە مناڵەکان کردووە. هەموو ئەمانە مافی ئەوەمان پێدەبەخشن دژی دەسەڵات و نەریتە فاشیستییە پیاوسالارییەکان بەرخۆدان بکەین.

سەرباری ئەمانەش، لە هەرێمی بومەلەرزەدا، خێمەی هاوکاری ژنان و بارهەڵگرەکانی هاوکاری ژنان، لەگەڵ هەڵمەتێک بۆ ناردنی سەبەتەی نان و خۆراک بۆ هەر ماڵێک لە سلۆپییەوە تا سەمسور، کۆمەڵێک خوێندکاری کچی خۆبەخش کە قوتابخانەکانیان بەجێهێشت بۆ هاوکاری ژنان و زەردەخەنە خستنەسەر ڕوخساری مناڵەکان، بوو بە واتادارین دیمەنەکان. بە هاوکاری ژنان دژی دەوڵەتی فاشیستی پیاوسالاری بەرخۆدانیان کرد. هاوکاری جڤاکی دووبارە بۆ هەموو جیهان سەلماند کە دژایەتی دەوڵەت واتای ژیانێکی ڕاستەقینە دەگەیەنێت.

بانگەوازی بنیاتنانی ژیان

بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات برینێکی مەزن و توڕەییەکی مەزنی گەلەکەمانی لێ کەوتەوە. بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بۆ ئێمە ڕۆژی ماتەمینییە، بۆ نەتەوەبوونی دیموکراتیکی دێرین، ڕۆژی ماتەمینییە. ئازارەکانمان مەزنن، بەڵام پێویستە لە ڕێگەی ڕێکخستن و هاوکارییەوە ئازارەکانمان واتادار بکەین. وەک کەژەکە بانگەواز لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵە و سەندیکا و پارتە سیاسییەکان و ژنان و گەنجان و شۆڕشگێڕان و مرۆڤی دیموکراتیخواز و سۆسیالیست و هەموو گەلانی کورد و تورک و عەرەب دەکەین کە کارەساتی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بگۆڕن بۆ ئاوەدانکردنەوە.

بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین، بەبێ لەبیرکردنی قوربانیان، بەبێ هاوکاری دەوڵەت، با توڕەیمان بکەینە سەرچاوەی بنیاتنانی ژیانێکی ڕێکخراو و دیموکراتیک و ئازاد. بانگەواز دەکەین، بە سیستەمی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنانی ئێمە، دژی سیاسەتی بکوژی دەوڵەت، ژیانێک دابمەزرێنن".