کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) دەربارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی دژی ئۆتۆمبیلێکی ڕۆژنامەوانان و شەهیدکردنی ڕۆژنامەوانی ژن، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"ئەمڕۆ خەباتکارانی چاپەمەنی ئازادی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ئەنجامی هێرشی درۆنێکی دەوڵەتی تورک کوژران. سەرەتا ئەم هێرشە نامەردانەیە بەتوندی شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە کەسوکار و خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد و گەلەکەمان دەکەین. بەڵێن دەدەین گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە تێکۆشانی ژنانماندا وەک قارەمانی ژنی جیهانی ئازاد زیندوو بهێڵینەوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ ڕێبین دەخوازین کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو.
لەبەرئەوەی ڕێکاری پێویست ناگیرێتەبەر بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان، ئەم هێرشانە گۆڕاون بۆ هێرشی سیستەماتیک. تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی (سی پی تی) ڕایگەیاندبوو، لەنێوان ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٤ لە هێرشەکانی تورکیادا ٣٤٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥٨ کەس برینداربوون، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ١٧٠ گوند چۆڵکراون. هاوکات لە ڕۆژئاوا و شەنگال هێزەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن. لە باکووری کوردستان شەڕێک دژی زمانی کوردی هەیە. تێگەی قڕکردنی سەرتاسەری کورد لەسەر هەموو کوردێک پیادە دەکرێت.
بە پەیمانی ئەنقەرە-بەغدا لە ١٥-٨-٢٠٢٤، ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ قڕکردنی کوردان جێبەجێ کرا. ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێککەوتنی هێزە قڕکەرەکان جیا دەکاتەوە ئەوەیە، یەکەمجارە هێزێکی بەناو کورد، ڕاستەوخۆ لەم ڕێککەوتنی قڕکردنەدا بەشدارە. پەدەکە بۆ یەکخستنی ئەم هێزە قڕکەرانە لە ڕێککەوتنەکەدا، ڕۆڵی وەزیری دەرەوەی تورک دەگێڕێت، پاش ڕێککەوتنەکە تەسفیەکردنی هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگال یەبەشە-یەژەشە و داخستنی چاپەمەنی ئازادی خستە ڕۆژەڤەوە. بەم شێوەیە پەدەکە زەمینەی هێرش و کۆمەڵکوژیی نوێی ئافراند. گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ئەنجامی زەمینەخۆشکردن بۆ ئەم ڕێککەوتنە کوژران.
پێویستە گەلەکەمان و ڕای گشتیی هێژا بزانن ئەم ڕێککەوتنە نوێیەی قڕکردن تەنها دژی تەڤگەری ئازادی نییە. بە ئامانجی لەناوبردنی هەنگاو بە هەنگاوی هەرێمی باشووری کوردستان و هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و شەنگال و هەموو کوردێک لە جیهاندا، ئەم پلانی قڕکردنە جێبەجێ دەکرێت. ڕێککەوتنێکی نوێی جەزائیر و ڕەوشێکی نوێی ئەنفالکردن هەیە. چونکە تەڤگەری ئازادی وەک بەربەستێک لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم قڕکردنە دەبینن، ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر تەڤگەری ئازادی. ئامانجی ئۆپراسیۆنی داگیرکاری دژ بە گەریلا کە بە هاوکاری کۆماری تورک- پەدەکە پەرەی پێدراوە، پڕۆژەی قڕکردنی میساقی میللییە کە موسڵ-کەرکوکیش دەگرێتەوە. بەم مانایە دەوڵەتی عێراق کەرامەت و ئایندەی گەلی عێراقی فرۆشتووە بە دەوڵەتی تورک.
لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلەکەمان و ڕای گشتی دیموکراتیک دەکەین، دژی خیانەت و قڕکردن هەڵوێستی شۆڕشگێڕی پیشان بدەن. بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کراوەیی بواری ئاسمانیی لە باشووری کوردستان و شەنگال و ڕۆژئاوا بەڕووی دەوڵەتی تورکدا، هاوکارییە بۆ کۆمەڵکوژیی کورد، بانگەوازیان لێ دەکەین دەستهەڵبگرن لە هاوکاری کۆمەڵکوژی، داوا لە هەمووان دەکەین فشار لە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی بکەن. پێویستە کەس سیاسەتی هەرزان لەسەر کورد نەکات و هێزی گەلی کورد پشتگوێ نەخات. گەلی کورد لە هەر کات زیاتر ئەم ڕێککەوتنی قڕکردنە لەناودەبات و دیکتاتۆرییەتەکان دەڕووخێنێت و دادگاییان دەکات".