کەژەکە: هەڵمەتەکەمان لە ٨ی ئازاردا دەگاتە لوتکە

کەژەکە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش دا هەڵمەتی "لە دژی پاکتاوکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگایە" دەگەیەنینە لوتکە.....

کەژەکە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش دا هەڵمەتی "لە دژی پاکتاوکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگایە" دەگەیەنینە لوتکە و راشیگەیاند، "پێویستە لە ٨ی ئازارەوە بۆ نەورۆز پردێک بە رەنگی ژنان دروست بکرێت و ئەمساڵیش ببێتە ساڵی ئازادی".

دەستەى بەڕێوەبەری کۆمەڵەکانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای ئەنجامدانی چالاکیی کرد.

راگەیاندراوەکەی کەژەکە::

"بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێش لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو شوێنێکی جیهان دا سڵاو لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین، کە بەرامبەر بە دید و تێڕوانینی پیاوسالارانە و سیستمە داگیرکەرەکەکان بەرەنگاری دەکەن.

تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادیی ژنان لە ساراکانەوە تا رۆساکان، لە لەیلاکانەوە تا بێریتانەکان، دەنیز و میناکان لەسەر بنەمای رەنج، بیر، رامان، بەرخۆدان و یادی ژنان، گەشە دەکات و دەگاتە ئاستی شۆڕشی ژنان.

لە کوردستان و کاتێک ئێمە پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژنان و خۆپاراستنیان دەکەین، ساڵی رابڕدوود هەڤاڵانی ژنمان سۆسن بیرهات، نوژین ئامەد، تۆڵهەڵدان ڕامان، سۆزدار جودی و شیلان گۆیی لە هێرشە پاکتاوکارییەکانی فاشیزم دا پاکتاوکران. لە کەسایەتیی ئەو هەڤاڵانەدا یادی هەموو شەهیدانمان دەکەینەوە و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە، کە ئیمە ئاواتەکان و خەونەکانیان بەدی بهێنین. ئێمە بە خۆشەویستی و پەرۆشییەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، نەفرەت لە هێزە پیلانگێڕەکان دەکەین و جارێکی تر ڕایدەگەیەنین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان تاوەکو تێکشکاندنی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی.

ئەم پرۆسە و قۆناغە، کە پیایدا تێیدەپەڕین ئەوەمان نیشان دەدات، کە ژیانی ئازاد لەسەر بنەمای خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنانی ڕادیکاڵ بەدی دەهێنرێت. کاتێک سەیری دەوروبەر دەکەین دەبینین، کە جەنگ، داگیرکاری، میلیتاریزم، سیاسەتی کۆچبەرکردن،  توندوتیژی، هەژاری و کوشتاری سروشت لە هەموو جیهاندا روودەدات و پێشی پێگرتوین. ئەو ڕێگایانەی خۆدەربڕینی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی نەک هەر لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە هەموو جیهاندا خۆی دەردەخات، ئەمەش بنەمای سیستمی پیاوسالارییە. ئەگەر سیستمی جیهانیی پیاوسالاری و سەرمایەداری لە کوردستان، ئەفغانستان و ئۆکرانیا خۆی نیشان دەدات، ئەوا یانی  ئاستی قەیرانەکەی و گرژییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەوەش ئەوەندەی گوزارشت لە دەرفەتی ستراتیژی دەکات بەو ئەندازەیەش مەترسی بۆ سەر ژنان و خەڵک دروست دەکات.

لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەدەی ٢١ وتبوی، "دەبێتە سەدەی ئازادیی ژنان"، کە ئەمڕۆ بە تێکۆشانی ژنانی ڕێکخستنکراو لە سەرتاسەری جیهان دا ئەوە بنیاد دەنرێت و بەدی دێت، گەل و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە هەموو کاتێکی تر زیاتر خاوەنداریی لێدەکەن. چونکە دەبینرێت، کە تێکۆشانی ئازادیی ژنان ئەمڕۆ پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی دەکات. خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی ژنان گەیشتووەتە ئەو ئاستە، کە نوێنەرایەتیی هەموو تێکۆشانێک لە دژی سیستم دەکات، بۆیە پێویستە تێکۆشانی ئازادیی ژن ببێت بە هێزی ستراتیژی سەرەکیی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و بگاتە ئاستی ڕێکخستنکردنی ئەوە.

دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ژنان لەناوببەن

بۆ ئەوەی ئاستی خۆ ڕێکخستنکردن بەهێز بکەین و لە دژی هێرشە فاشیست و پیاوسالارییەکان پەرە بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بدەن، ئێمە هەڵمەتی "لە دژی پاکتاوکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگایە" دەستپێکردووە. ئێمە بە ٨ی ئازار هەڵمەتەکەمان دەگەیەنینە بەرزترین ئاست و ئەوەش چەندین هۆکاری گرنگ و بەرچاوی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە، کە دەیانەوێت ئەو تێکۆشانەى لە کوردستان لە دژی هێرشی فاشیست و پیاوسالارانەکان هەیە لە ناو ببەن و بەوەش دەستکەوتەکانی ژنان لەناوببەن. لە کوردستان ئەو ڕاستییە لە چوارچێوەی تیرۆرکردن، سیاسەتی پاکتاوکردنی سیاسی، پاکتاوکردنی ژنان، هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان خۆی نیشان دەدات. لە ساڵی ڕابردوودا کوشتنی دەنیز پۆیراز، ئەندامانی ژنانی گەنج لە کۆبانێ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکەوە کرانە ئامانج، غەریبە گەزەر، ئایسەل توغڵوک و زەینەب جەلالیان، بە شێوەیەکی سەرەکی لە زیندانەکاندا لە دژی ژنانی خۆڕاگر ئەشکەنجە ئەنجام دەدرێت. مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتاری هەدەپە سەمرا گوزەل زەوتکرا. ئێمەی  ژنان دەبێت خۆمان لە بەرامبەر هێرشە هەمەجۆرە فاشیستییەکان خۆمان بە رێکخستن بکەین و خۆپاراستنی خۆمان بکەین. کاتێک کۆمەڵگایەک ڕێکخستنکراو بێت دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت و ئازادی خۆی بەدیبێنێت.

دەستبەرداری ژیانی ئازاد نابین

لایەنی دووەمی ستراتیژیی هەڵمەتەکەمان ئەوەیە، کە لە دژی ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە بە شێوەیەکی سەرەکی هێزە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە و نێونەتەوەیی لە گۆڕپانێکدا، کە کۆمەڵگەبون لەسەر بنەمای کوردبوونی ئازاد گەشە دەکات، سیاسەتی پاکتاوکاری ئەنجام دەدەن. دەبێت ئێمە لە دژی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییانە بین و لێرە ژیانی ئازاد بپارێزین. کاتێک مرۆڤ سەرنج لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەخمور و شەنگال دەدات، کە بە پێشەنگایەتیی ژنان بەرخودان ئەنجام دەدرێت و هێڵی کوردی ئازاد بونیات دەنرێت، هێرشە پاکتاوکارییەکان لە دژیان زیادی کردووە. هێزی هەژموونگەریی سەرمایەداریی جیهانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی کورد لە سەدەی ٢١دا سیستمی خۆبەڕێوەبەریی خۆی دروست نەکات. لە کوردستان ژیانی ئازاد بە تێکۆشانی ژنانی ڕێکخستنکراو بونیات دەنرێت. بۆیە پاراستنی ئەوەش بە زۆری و بە شێوەی سەرەکی ئەرکی مێژوویی ژنانە. ئێمە وەک کەژەکە لە ٨ی ئازاردا، دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری ژیانی ئازاد نابین و داوا لە هەموو پێکهاتەکانی بزووتنەوەی کۆنفیدراڵی خۆمان دەکەین، کە تێکۆشانی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگا زیاتر و بەهێزتر و گەشتر بکەن.

سیستمی ئیمراڵی تێکدەشکێنین

لایەنێکی تری ستراتیژیی هەڵمەتەکەمان ئەوەیە، کە پێویستە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدیبهێنین، واتە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی تێکبشکێنین. پێش ٨ی ئازار لە ١٥ی شوباتدا بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ئێمە رژابووینە گۆڕەپانەکان. لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بۆ ئەوەی دیوارەکانی ئیمراڵی بشکێنین، سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە نەهێڵین و  ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بهێنین، ئێمە گەشە و پەرە بە هەڵمەتەکەمان دەدەین. کات کاتی ئازادییە!.

دەبێت پیاوان خۆیان ئازاد بکەن

لە کوردستانیشدا بۆ بونیاتنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک، دەبێت پیاوانیش خۆیان بگۆڕن. ئەگەر لە شوێنێک دەستکەوتی ژنان هەبێت، ئەوە مانای ئەوە نییە، کە پیاوان لەوێ خۆیان لە عەقڵییەت و تێگەیشتنی پیاوسالاری ڕزگار کردووە، دەبێت پیاوانیش خۆیان لە تێگەیشتن، عەقڵ، هەڵوێستی زاڵ، دەسەڵاتخواز و داگیرکەر ڕزگار بکەن. دەبێت لەسەر فەلسەفەی 'کوشتنی پیاوی دەسەڵاتخواز"ی رێبەر ئاپۆ بەشداری لە ژیاندا بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە لە ٨ی ئازار نزیک ببنەوە.

٨ ی ئازار لە لایەکەوە وەک رۆژی گەشەپێدانی تێکۆشان لە دژی فاشیزم و تێگەیشتنی پیاوسالارانەیە و لە لایەکی تریشەوە دەبێت وەک ڕێکخستنکردن، ئافراندنی گۆڕەپانی ژیانی ئازادی ئەڵتەرناتیڤ و بونیاتنانی سیستمی ژنان تێبگات. ئێمە پێشوازی لە ٨ی ئازار  دەکەین وەک بە کۆمەڵگەیکردنی هەڵمەتی "لە دژی پاکتاوکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگایە". بۆ گەلانی میزۆپۆتامیاش وەک رۆیشتنە ناو مانگی ئازار، کە بە مانای بەرخۆدانە، هیوا و ئازادی دەبینین. دەبێت ئێمە لە ٨ی ئازارەوە تا نەورۆز کە جەژنی ژیانی ئازادی گەلانی میزۆپۆتامیایە، بە رەنگی شۆڕشی ژنان پردێک دروست بکەین و ئەمساڵ بکەینە ساڵی بەدیهێنانی  بەرخۆدان و ئازادی".

ژ.ت