لە ڕانیە سیمینارێک دەربارەی دیدی ڕێبەری گەلی کورد بۆ ڕۆڵی ژن بەڕێوەچوو
لە شارۆچکەی ڕانیە، سیمینارێک دەربارەی دیدی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆڵی ژن بەڕێوەچوو، تیایدا دووپاتکرایەوە، دەبێت ژنان خاوەنی باوەڕ و ئیرادەی خۆیان بن.
لە شارۆچکەی ڕانیە، سیمینارێک دەربارەی دیدی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆڵی ژن بەڕێوەچوو، تیایدا دووپاتکرایەوە، دەبێت ژنان خاوەنی باوەڕ و ئیرادەی خۆیان بن.
ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین لە باشوری کوردستان، پەیوەست بە هەڵمەتەکەی کەژەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان"، پەیوەست بە دیدی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆڵی ژن، سیمینارێک بەڕێوەچوو. سیمینارەکە لەلایەن شادی سەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، پێشکەشکرا.
شادی سەمەد، لە سیمینارەکەدا، تیشکی خستەسەر دید و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرسی ژن و ڕۆڵی ژنان، هەروەها هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی سیستەمی پیاوسالاری، لەپێناو بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و گەڕاندنەوەی مافی ژنان. شادی سەمەد گوتی: "ژنان بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵ و پێگەی گرنگیان ھەبووە، ئێستاش دەبینین کە ژنان پێشەنگایەتی شۆڕش و خەبات و تێکۆشان دەکەن ھەر وەک لە ڕۆژئاوا بینیمان و ھەروەھا لە ڕۆژھەڵات و ئێرانیش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشێکی نوێیان بەرپا کردووە".
هەر لەوێدا باس لە ڕەوشی ژن کرا لە باشووری کوردستان، ئاماژە بەوە کرا، هێزە هەژموونگەراکان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ڕۆڵی ژن لاوازبکەن، پارتە دەسەڵاتدارەکان دەخوازن هەموو مافێک لە ژنان زەوت بکەن، لەڕێگەی میدیا و دراماوە ژنان تەنها وەک کاڵایەک پیشان بدەن و ژنان لە جەوهەری خۆیان دووربخەنەوە.
شادی سەمەد، لەکۆتاییدا گوتی: "پێویستە ژنان خاوەن باوەڕ و ئیرادەی خۆیان بن و زیاتر خۆیان پێش بخەن و چیتر ستەم و زوڵم قەبوڵ نەکەن و ئازادانە بژین و سازش لە مافەکانیان نەکەن، داواکارام کە ژنان یەکگرتوو بن و زیاتر خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و بەردەوامبن لە کار و چالاکییەکانیان و خەبات و تێکۆشان".