لە بێرن یادی ئەو منداڵانە کرایەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژ کران

گروپی سویسری دژ بە جینۆسایدکردنی ژنان، لە ناوچە گرنگەکانی شاری بێرنی پایتەختی سویسرا پۆستەرەکانی ڕانیە ئەتا، زۆزان زێدان، دیلان عیزەدین و دایان عەلۆیان هەڵواسی. ئەو چوار کچە منداڵە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژکرابوون.

ڕۆژی ١٨ی ئاب دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر خوێندنگایەک لە گوندی شەمۆک لە سەر ڕێگای تل تەمر و حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ٤ منداڵی کۆمەڵکوژکرد. ئەو کۆمەڵکوژییە لە شاری بێرنی سویسرا بە چالاکیی هەواڵسینی پۆستەر ئیدانە کرا.

چالاکوانانی گروپی سویسری دژ بە جینۆسایدی ژنان (Gruppe Offensiv gegen Feminizide) لە شوێنە گرنگەکانی شاری بێرنی پایتەختی سویسرا پۆستەرەکانی ڕانیە ئەتا، زۆزان زێدان، دیلان عیزەدین و دیانا عەلۆیان هەڵواسی، کە لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا کۆمەڵکوژ کران.

بەناوی گروپەکەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی ئاب، ناوەندی پەروەردەی کچان، کە لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، لەلایەن فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرا. لەو بۆردومانەدا ٤ کچی منداڵ کۆمەڵکوژکران و ١١ی دیکەش برینداربوون. ئەو منداڵانەی کە کۆمەڵکوژکران بریتین لە، ڕانیە ئەتا، زۆزان زێدان، دیلان عیزەدین و دیانا عەلۆ. منداڵان بنەمای ژیانن!. ئێمە ئازارەکانمان دەکەین بە تووڕەیی و تووڕەیی خۆمان دەکەین بە بەرخودان و بەرەنگاری".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا، پێداگری لەسەر تێکشکاندنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرایەوە.

ژ.ت