لە عەفرین ٨٤ ژن کوژراون

رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی عەفرین ئاماری تاوای شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ٨٤ ژن کوژراون و بە هەزاران ژنیش ڕفێنراون.

بە دەیان ئەندامی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کانتۆنی شەهبا کۆبوونەوە و لەبارەی تاوانی داگیرکەران لەدژی ژنانی عەفرین ئامارێکیان ئاشکرا کرد.

راگەیەنراوەکە بە زامنی عەرەبی لەلایەن وەفا محەمەد ئەندامی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین – سوریاوە خوێندرایەوە و کوردیەکەشی لەلایەن گولێ جەعفەر ئەندامی بەڕێوەبەری رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە خوێندرایەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە دۆخی ژناندراوە لە ناوچە داگیرکراوەکان و لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەو کردەوانەی کە لە عەفرین روودەدەن، لە ئاستی تاوانی شەڕ و دژی مرۆڤدان. دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەم شێوەیە تۆڵە لە ژنان بکاتەوە کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پیشەنگایەتیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر دەکرد. تاوانی ڕفاندن، کوشتن، دەستدرێژی، هاوسەرگیری زۆرەملێ لە تەمەنی بچوکدا، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بەردەوامە."

بەپێی راگەیەنراوەکە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم شێوەیەیە: "لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ەوە و تاوەکو ئێستا، ٨٤ ژن کوژراون، لەو ژمارەیە ٦ ژن کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، بە هەزاران ژن ڕفێنراون و توندوتیژی جەستەیی لەبەرانبەر ٧١ ژن ئەنجامدراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو تاوانانە لەدژی پێوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانی جنێف و جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە.

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا تاوان و پێشێلکاریەکان لەدژی ژنان و منداڵان لە هەموو هەرێمە داگیرکراوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکران. هەروەها داوا لە یونیسێف، رێخکراوەکانی مافەکانی ژنان، منداڵان و مرۆڤ کرا کە لە بەرانبەر پێشێلکاریەکان بێدەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ف.ق