لە جنێڤ و بەرلین و بروکسل چالاکیی "با ئەردۆغان دادگایی بکرێت" بەڕێوەچوو

بە بۆنەى ١٠ی کانوونی یەکەم رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و لە چوارچێوەی کەمپەینی "بۆ دادگایکردنی دەسەڵات ١٠٠ هۆکار و ١٠٠ هەزار ئیمزا"، کە لەلایەن بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا) رێکخراوە، چالاکی بەڕێوەچوو.

جنێڤ

چالاکوانانی کورد بە بۆنەى ١٠ی کانوونی یەکەم رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا گردبوونەوەیەکیان رێکخست.

لە کەسایەتیی ئەو ژنانەدا، کە لە تورکیای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماردا و لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، دەقەیەک رێزگرتن بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا ژنان وێنەکانی ئەو ژنانەیان بەرزکردبووە، کە کوژراون و ئاڵاکانی تەژەکە ئەوروپاشیان بەرزکردبووە. بێریڤان ئاڤجی چالاکوانی یەکێتیی ژنانی کورد لە سویسرا وتەیەکی لە چالاکییەکەدا پێشکەش کرد.

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، یەک بە یەک ناوی ئەو ژنانە خوێندرانەوە، کە کوژراون. چالاکییەکە دوای داوای ژنان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکەى ناوەندی سویسرا لە شاری باسل، کە رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەڕێوەدەچێت، بە وتنەوەى دروشم کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

بەرلین

لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لە بەردەم بینای پەرلەمان دا چالاکییەک بۆ هەمان ئامانج رێکخرا.

کوردان و دۆستەکانیان، گوشار و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هەموو زیندانیانی سیاسیان ئیدانە کرد.

سیبەل یگیت ئاڵپ پەرلەمانتاری هەدەپە لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، بۆ دادگایکردنی فاشیزمی ئەردۆغان لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکاندا کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوەکە بەرفراوان دەکەن و راشیگەیاند، کۆتایی فاشیزم نزیک بووەتەوە.

بروکسل

لە شاری بروکسلی پایتەختی بەلجیکا  بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ژنانی کورد و لە چوارچێوەی هەمان کەمپەین دا لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا چالاکییەکیان رێکخست.

لە چالاکییەکەدا ئایتەن کاپڵان یەکێک لە نوێنەرانی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە ئەوروپا لە دژی کوشتار و توندوتیژیی سەر ژنان بێدەنگ نەبێت.

توبا هەزەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەى وان لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بە تێکۆشانی ژنان ئەردۆغان سزا دەدرێت.

چالاکییەکە بە خوێندنەوەى راگەیاندراو لەبارەی کەمپەینی "١٠٠ هۆکار" بۆ دادگایکردنی دەسەڵاتی تورک و بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت