لە کۆنفرانسی بەیروت بانگەوازکرا بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد
لە دانیشتنی سێیەمی کۆنفرانسی ئەزموونی تەڤگەری ژنانی نێونەتەوەیی، بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
لە دانیشتنی سێیەمی کۆنفرانسی ئەزموونی تەڤگەری ژنانی نێونەتەوەیی، بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا بە درووشمی "لەسەر ڕێچکەی: ژن، ژیان، ئازادی" لەژێر ناوی "ئەزموونی ژنی کورد بۆ ڕزگاربوونی لە قەیرانە هەرێمییەکان" لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لە ڕۆژەی دووەمدا بەردەوام بوو.
کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەی ژینی ژنان، کۆمەڵەی نەورۆزی جڤاکی، دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا. لە تونس، ئوردن، عێراق، لوبنان، سودان، تورکیا، فەڵەستین، میسڕ، سوریا و ئێرا، هەروەها لە شەنگال و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٨٠ نوێنەری دامەزراوەکانی ژنان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.
لە پانێڵی یەکەم، ژنان لەسەر مژاری "ئەنجامی دەستوەردانی سیستەمی سەردەستی گەردوونی لەسەر ژنانی هەرێمەکە لە سەدەی ٢١" نرخاندنیان کرد، لە پانێڵی دووەم، باس لە "ئەزموونی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" کرا.
پانێڵی سێیەم، بە سەرپەرشتی نوسەر و ئەندامی دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی ئۆجالان لە ئوردن، ئەمەل ئەلکوردی بەڕێوەچوو، ژنان سەبارەت بە "ڕوانینی هاوڕێی ژنان، ڕوناکبیر عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی ڕەوایەتی ئازادی ژنان" گفتوگۆیان کرد.
ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی و مامۆستا لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژیان حەسەن، گوتی: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ڕێبازی ئازادی ژنان مژارێکی پێشکەش کرد، یەک لەو نموونانەی بەڕێز ئۆجالان باسی دەکات، پاراستنی جەوهەرییە، پاراستنی جەوهەری پاراستنە لە هەموو جۆرەکانی غیاب و هێرش. ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە چوارچێوەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەسەر بناغەی پاراستنی جەوهەری خۆیان ڕێکخستووە. ئەمە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، هێزی پاراستنی چاندی و هونەری و سیاسەت و هەموو گۆڕەپانەکانی ژینە، بەتایبەت بۆ ژنان".
"سی. پی. تی. زانیاری ڕاست لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد نادات"
پارێزەر لە باکوری کوردستان، ڕەنگین ئەرگول، باسی گۆشەگیری دژواری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورک لە زیندانەکان کرد. ئاماژەی بەوە کرد لە تورکیا سیستەمێکی توند بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت لە زیندانی ئیمراڵی، ٢٩ مانگە گۆشەگیرییەکی توند بەڕێوە دەچێت و ڕێگە نادرێت ماڵبات و پارێزەران دیدار ئەنجام بدەن، گوتی: "دۆزی بەڕێز ئۆجالان دۆزی ئازادی و دیموکراسی گەلانە، بەڵام گۆشەگیرییەکی دژواری لەسەرە. دوو ساڵ زیاترە، هیچ زانیارییەک لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە نییە. دەوڵەتی تورک بەم گۆشەگیرییە یاسا نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، هەروەها (سی. پی. تی.) هیچ زانیارییەکی ڕاست لەبارەی ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان نادات".
"یەکێتیی ژنان باشترین وەڵامە"
وتەبێژی دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی ئۆجالان لە لوبنان، سەوسەن شومان، دەربارەی شکاندنی گۆشەگیری قسەی کرد. باسی لە رێگەی تێکۆشان کرد بۆ شکاندنی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی، گوتی: "یەکێتی ژنان باشترین وەڵامە، چونکە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی، هێرش و گۆشەگیرییە بۆ سەر گەل و بەتایبەت بۆ سەر ژنان. چونکە ڕێبەر ئۆجالان، ئازادی جڤاک لە ئازادی ژندا دەبینێتەوە".
دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی ئۆجالان، دەسپێشخەرییەکی ژنانە بۆ تێکۆشان و یەکێتی لە دژی گۆشەگیری ئیمراڵی، سینڤزیۆنێکی پیشاندا.
لە دانیشتنی دواییندا، گفوتگۆ کرا دەربارەی پلانسازییەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.