لە مانگێکدا ٤٧ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون

بەگوێرەی ئامارێک لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ٤٧ حاڵەتی کوشتن یاخود ناچارکردن بە خۆکوشتنی ژنان و کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.

 زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگا کە دەسەڵاتی سیاسی بە تەواوەتی پشتیوانی لەو ئەقڵیەتە دەکات وایکردووە ئامارەکانی کوشتن و ناچارکردنی ژنان و کچان بە خۆکوشتن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرزی بمێنێتەوە.

بەردەوامی توندوتیژی جەستەیی، رەگەزی، دەرونی، کوشتن و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن وەک کێشەیەکی سەرەکی و ئاستەنگێکی بەردەم چەسپاندنی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک لە ئێران دادەنرێت. ژنان قوربانی یەکەم، یاخود ئامانجی یەکەمی ئەقڵیەتی پیاوسالارانەی دواکەوتووی کۆمەڵگان. ئەوەی پاڵنەر و مایەی هێشتنەوە و بەهێزبوونی ئەو ئەقڵیەتەیە خودی دەوڵەت و یاساکانی ئەو دەوڵەتن و پرسی ئەو توندوتیژی و کوشتارەی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت لە ئاستێکی کارەساتباردا هەڵکشاوە.

لەبەرامبەر ئەو گوشار و کوشتارەی دژی ژنان لە ئارادایە، تێکۆشانی ژنانیش بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە و ئەو تێکۆشانە لە ماوەکانی رابردوودا لە چوارچێوەی "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" گەیشتە لوتکە و لەئێستاشدا بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە.

ئاژانسی ژن نیوز لە راپۆرتێکدا بۆ خستنەڕووی دۆخی ژنان و ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرێت، ئاماری تایبەت بە مانگی بەفرانبار (٢١ی کانونی یەکەم- ٢١ی کانونی دووەم)ی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ئەو مانگەدا لانیکەم ٣٢ ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. لەو ژمارەیە ٤ ژن لەسێدارەدراون، شەش ژن و دوو منداڵیش لە ئەنجامی مووشەکبارانی نێوان ئێران و پاکستان کوژراون هەروەها منداڵێک و ژنێکیش بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون. ئەوانەی دیکە لە لایەن کەسوکار، هاوسەر، هاوسەری پێشوو یان پیاوانی دیکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئامارەکە لەماوەی ئەو مانگەدا لانیکەم ١٥ ژن و کچ کە ژمارەیەکی بەرچاویان مێرمنداڵنن بە هۆکاری جیاجیا ناچارکراون کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.

هـ . ب