لە مانگی ئابدا ٢٨ ژن کوژراون، ٢١ ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە

ژن نیوز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ٢٨ ژن و ٢ منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون. ھەروەھا ٢١ ژن و ٢ منداڵیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئاژانسی ژن نیوز لە باکووری کوردستان و تورکیا کۆیکردووەتەوە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ٢٨ ژن و ٢ منداڵ کوژراون، ٢١ ژن و دوو منداڵیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ٤ ژنیش ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بوونەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکە، ١٧ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ٤ ژن لەلایەن هاوڕێ پیاوەکانیانەوە، ٢ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی کە ناسیاوی یەکتربوون و ٣ ژنیش لەلایەن ئەو پیاوانەی کە لە گەڵیان لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون، کوژراون. ھەروەھا ژنێکش لەلایەن پیاوێکەوە، کە نەیناسیووە کوژراوە. گومانلێکراوی کوشتنی ژنێکیش تا ئێستا یەکلایی نەکراوە کە ئایا ناسیوویەتی یان نا.

بە پێی ئامارەکە،  لە ئیستەنبوڵ شەش ژن، لە ئادانا سێ ژن، لە ئەنقەرە دوو ژن، لە دەنیزلی دوو ژن، لە بورسا دوو ژن، لە ئانتالیا دوو ژن، لە کۆنیا دوو ژن، لە ئۆردوو ژنێک، لە نەڤشەھیر ژنێک، لە نیغدەی ژنێک، لە بالیکەسیر ژنێک، لە ھاتای ژنێک، لە ڕحا ژنێک، لە سەمسوور ژنێک، لە کۆجاعەلی ژنێک، لە گیرەسون ژنێک و لە تەکیرداغیش ژنێک کوژراون.

ژ.ن