لە راگەیەندراوێکدا ٢٧ رێکخراو و گروپی چەپ، دیموکراتیک، فیمینیست و کوئیر داوادەکەن لە ١٦ی ئەیلول، ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرتاسەری جیهان بەمەبەستی دەربڕین پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.
راشیانگەیاندووە: سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەبەستی هێشتنەوەی دەسەڵاتە درزتێکەوتووەکەیان سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە، بەڵام سەرجەم چین و توێژەکان و چالاکوانانی بوارە جیاجیاکان، لە دژی سەرکوت، هەڵاواردن، نایەکسانی، نادادپەروەری، حیجابی زۆرەملێ و هەڵاواردنی رەگەزی، لەناوبردنی ژینگە، بەردەوامبوون لە تێکۆشان و ئەو خۆڕاگرییە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ گەیشتە لوتکە.
هەروەک باسیان لەوەشکردووە، لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کرایە هاواری هاوبەشی رابوونی جەماوەری لەپێناو ئازادی، یەکسانی و رزگاری لە دەوڵەتی ئایینی و ئەو سیستمەی لەسەر بنەمای نادادپەروەری و چەوسانەوە دامەزراوە.
باس لەوەشکراوە، ئەو سەرهەڵدانە راستەڕێی رزگاربوون لە دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی، رزگاری و دادپەروەری بەشێوەی دیموکراتیک بۆ تەواوی گەلانی ئێران بە روونی رەنگڕێژ کردووە و توانیویەتی ببێتە مایەی یەکگرتوویی بەرچاوی گەلانی چەوساوە و ستەملێکراو لە ئێران و جیهان.
هەربۆیە ئەو رێکخراوانە داوایان کردووە کە لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، کە هاوکاتیشە لەگەڵ ٣٥ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی زیندانییە سیاسیەکان لە هاوینی ١٩٨٨ بە شێوەیەکی یەکگرتوانە لە سەرتاسەری جیهان ببنە دەنگی گەلانی ئازادیخواز و یەکسانی خوازی ئێران.
بۆ ئەوە مەبەستەش رۆژی شەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە شار و وڵاتانی جیاجیای جیهان بۆ پشتیوانی لە خيڵکی ئێران و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی خۆپیشاندان رێکدەخەن و داواکاریشن سەرجەم جین و توێژ و لایەنە جیاجیاکان بەشداری لەو خۆپیشاندانانەدا بکەن.
هەروەک داواشیان کردووە کە ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی دەیانەوێت لەو هەنگاوەدا لەگەڵیان بەشداربن، بەمەبەستی هەماهەنگی لە رێگەی ئەم ئیمەیلەوە پەیوەندیان پێوەبکەن: [email protected]
هـ . ب