لە سودان ٨٧ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی تۆمارکراوە

یەکەی بەگژاچوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و مناڵان لە سودان، ٨٧ حاڵەتی توندوتیژی لە وڵاتەکەدا تۆمارکردووە و ڕفاندن و چەوسانەوەی ژنانی سودان دەچوێنێت بە کارەکانی داعش بەرامبەر ژنانی ئێزیدی لە عێراق.

یەکەی بەگژاچوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و مناڵان لە سودان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە زیادبوونی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنبوونی ژنان و کچان لە نیالا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کراوە بە دیارنەمانی ناچاری ژنان لە نیالای باشوری دارفۆر لە ڕۆژئاوای سودان.

بەگوێرەی وتەی شایەتحاڵەکان و ئەو ژنە ڕزگاربووانەی لە شوێنی جیاواز دەستبەسەرکراون، چەندین ژن و کچ لە کۆگا و هوتێلەکانی نیالا و خەرتوم دەستبەسەرن بە مەبەستی "بەکارهێنانی سێکسی".

ڕاگەیاندراوی یەکەکە، ڕفاندن و بەکارهێنانی سێکسییانەی ژنانی سودان، دەچوێنێت بە ڕفاندنی ژنانی ئێزیدی لە عێراق لەلایەن داعشەوە.

یەکەکە، بانگەوازدەکات جووڵەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ڕێگری لەم پێشێلکارییە ترسناکانەی مافی مرۆڤ دژی ژنان و کچانی سودان.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ٥٦ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لە خەرتوم و ٣١ حاڵەت لە باشوری دارفۆر ڕوویانداوە.

جێگەی ئاماژەیە، چەندین دەستە و ڕێکخراوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەم دواییانە باسیان لە زیادبوونی توندوتیژی کردووە دژی ئەو ژن و کچانەی بەهۆی ململانێیەکانی نێوخۆی سودانەوە ئاوارەبوون، هەروەها ئەم کارانەیان شەرمەزار کرد.