لە ئێران سزای ٧٤ قامچی بەسەر چالاکوانێکی کورد سەپێنرا

چالاکوانی کورد ڕویا حیشمەتی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێ سەرپۆش سزای ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنرا.

 

حیشمەتی لەبەرئەوەی لەکاتی جێبەجێکردنی سزاکەی سەرپۆشەکەی کەوتەخوار، هەڕەشەی سزای نوێی لێ کرا. ئەشکەنجەی سەر و مل و پشت و قاچی حیشمەتی دراوە.

حیشمەتی لەکاتی لێدانی قامچیدا، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکردەوە و ڕایگەیاند تێکۆشانێکی شکۆمەند دەکات و ئەم سزایە کاریگەری لەسەری نابێت.

حیشمەتی ڕایگەیاند, پێش جێبەجێکردنی سزاکە لەگەڵ پارێزەرەکەی چووەتە دادگا، لەکاتی جێبەجێکردنی سزاکە سەرپۆشەکەی کەوتووە و هەڕەشەی سزای زیاتر دەدرێت.

ئاماژە بەوە دەکات کاتێک چۆتە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە سەرپۆشەکەی لابردووە، بەرپرسێکی ئەوێ پێی گوتووە "سەرپۆشەکەت لەسەر بکە تا تووشی کێشە نەبی" ئەویش ئەم داوایەی ڕەتکردۆتەوە. پاشان بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکان هەمان داوای لێ کردووە و هەمدیسان ڕەتی کردۆتەوە، ئەویش پێی گوتووە "ئەوەندە قامچیت لێ دەدەم تا بزانی لە کوێیت، دۆسیەیەکی نوێ دەربارەت دەکەمەوە، تا دووبارە ببیتەوە میوانمان و ٧٤ قامچی ترت لێ بدەم".