بە پێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەری هەرانا، ئۆرگانی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دوابەدوای كوژرانی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق، لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە و دەستپێكردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، تائێستا لانیكەم ٦٦ ژن لەو خۆپیشاندانانەدا كوژراون.
هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرهەڵدانەكەدا، سێ هەزار و ٩٥٣ ژن دەستگیركراون، كە ناسنامەی هەزار و ١٩ كەسیان یەكلایی كراوەتەوە و لەو ژمارەیەش ١٦٠یان كچە خوێندكاری زانكۆ جیاجیاكان.
٢٩٠ حاڵەتی هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەكان تۆمار کراون
بە گوێرەی ئامارەكەی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ناوەڕاستی مانگی كانونی یەكەمەوە تا ئێستا، لە ٩٩ شاری ٢٨ پارێزگای ئێران، لانیكەم ٢٩٠ جار بە گازی ژەهراوی هێرش كراوەتە سەر خوێندگەكان كچان و بە هۆیەوە حەوت هەزار و ٦٨ خوێندكار ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.
هەروەها ئەوەشی خستووتەڕوو، زۆرترین هێرش بۆ سەر خوێندنگەی كچان لە ڕۆژی ٤ی ئادار ئەنجامدراوە، كە تەنیا لەو ڕۆژەدا ٨١ جار خوێندنگەكان كراونەتە ئامانج.
لەماوەی یەک ساڵدا ٣٨ ژن کوژراون و ١٢ ژنیش خۆیان کوشتووە
لە بەشێكی دیكەی ئامارەكەدا هاتووە، لە نێوان ٩ی ئاداری ٢٠٢٢ تا ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، لانیكەم ١٥ ژن و پیاو بە پاساوی شەرەف كوژراون و ١٤ ژن لە زیندان لەسێدارە دراون و سزای لەسێدارەدانیش بەسەر دوو ژندا سەپێندراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بە گشتی ٣٨ ژن كوژراون، كە زۆرینەیان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە گیانیان لەدەستداوە و ١٢ حاڵەتی خۆكوشتنی ژنانیش، كە چوار حاڵەتیان بە شێوەی خۆسوتاندن بووە تۆماركراون.
هەرانا ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ماوەی ئەو یەك ساڵەدا، ٢٠٠٣ ژن لەلایەن گەشتی ئیڕشاد یان پۆلیسی ئەخلاقەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كراوە و ٩٢ حاڵەتی داخستنی شوێنی كار و رێكخراوەكان بە هۆی پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێوە و ٦٢ حاڵەتی جیاكاری ڕەگەزی لە شوێنی كار بەرامبەر بە ژنان تۆمار كراون.
هـ . ب