له‌ مه‌خمور یادی ئه‌و سێ شۆڕشگێڕه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ پاریس تیرۆركرابوون

سێ ژنی شۆڕشگێڕی كورد كه‌ له‌ ساڵی 2013 له‌ پاریس تیرۆركرابوون، له‌ كه‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خمور له‌ باشوری كوردستان یادیان كرایه‌وه‌.

 

له‌ دامه‌زراوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی كه‌مپی په‌نابه‌رانی شه‌هید رۆسته‌م جودی (مه‌خمور) بۆ یادی نۆهه‌مین ساڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژی پاریس، كه‌ سێ ژنی شۆڕشگێڕی كورد سه‌كینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا شایله‌مه‌ز كه‌ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا تیرۆركرابوون، رێوره‌سمێك به‌ڕێوه‌چوو.

رێوره‌سمه‌كه‌ به‌ خوله‌كێك رێزگرتن له‌ شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد. دوای رێزلێنانه‌كه‌، به‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی مه‌خمور فازیله‌ تۆك ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئیشتار وتاری پێشكه‌ش كرد و په‌یمانی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی هه‌ر سێ ژنه‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ی كوردی دوپات كرده‌وه‌.

فازیله‌ له‌ سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا باسی له‌ ساڵی نوێ كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ هه‌موو ساڵێكی نوێدا هیوا و خه‌ونه‌كانیان بۆ ئازادی زیاتر چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و وتی، " ئێمه‌ شه‌هیدان سێڤێ، پاكیزه‌ و فاتمه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان به‌ بیردێنینه‌وه‌، سه‌ری خۆمان به‌رامبه‌ر به‌وان داده‌نه‌وێنین. شه‌هیدانمان شكۆ، ئیراده‌ و راستی ئێمه‌ن. شه‌هیدبوونی هه‌ڤاڵ سارا و هه‌ردوو هه‌ڤاڵه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ بوو. شه‌هید سارا له‌گه‌ڵ گروپی سه‌ره‌تاییدا هیوای بۆ گه‌لی كورد بونیاتنا و له‌ئێستادا ئێمه‌ له‌ سایه‌ی شه‌هیدانی وه‌ك ساراكان له‌سه‌ر پێین. ژنی شۆڕشگێڕ و پێشه‌نگی سه‌رجه‌م ژنانی ئازادیخواز شه‌هید سارا بوو. ئێمه‌ چه‌نده‌ش له‌سه‌ری بدوێین، ناتوانین راستی و تێكۆشانی هه‌ر سێ ژنه‌ كورده‌كه‌ بێنینه‌ سه‌ر زمان. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ته‌نیا له‌ خۆڕاگری شه‌هید سارا له‌ زیندانی ئامه‌د بڕوانێت، ده‌توانێت هه‌ڵوێست و به‌رخۆدانی شه‌هید سارا بناسێت. به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو جۆره‌ هێرش، پاكتاوكردن و تواندنه‌وه‌یه‌كی كولتوری خۆڕاگری كرد و بووه‌ ژنی ئازاد. شه‌هید سارا بووه‌ هیوا بۆ ژنانی ژێرده‌سته‌. ئێمه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ یادی هه‌ر سێ ژنی شۆڕشگێڕی كورد ده‌كه‌ینه‌وه‌ و باڵای سه‌ری خۆمان به‌رامبه‌ر به‌وان داده‌نه‌وێنین. ئێمه‌ به‌ڵێنی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی هه‌ر سێ شه‌هیده‌كان دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌. رێباز و دۆزه‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێت.

دوابه‌دوای قسه‌كانی فازیله‌ تۆك به‌ڵگه‌ فیلمێك له‌سه‌ر ژیان و تێكۆشانی هه‌ر سێ ژنه‌ شۆڕشگێڕه‌ كورده‌كان سه‌كینه‌، فیدان و له‌یلا پیشاندرا و رێوره‌سمه‌كه‌ به‌ دروشمه‌كانی ‌شه‌هید نامرن، بێ سه‌رۆك ژیان نابێت‘،‌بمرێت خیانه‌ت‘ و ‌ژن ژیان ئازادی‘ كۆتایی پێهێنرا.

 

هـ. ب