مانگی ڕابردوودا لە تورکیا لانیکەم ٢٦ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژران

بە گوێرەی ئامارێک، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، لانیکەم ٢٦ ژن و ٢ منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون. ٩ ژن و ٤ منداڵیش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێکی ئاژانسی ژن نیوز، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا ٢٦ ژن و ٢ منداڵ کوژراون. هەروەها ٩ ژن و ٤ منداڵیش به شێوەیەکی گوماناوی گیانیان له دەستداوە. ھاوکات هەوڵی کوشتنی ٤ ژنیش دراوە.

بە گوێرەی ئامارەکە، ٩ ژنیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، کە ٤ کەسیان لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون کوژراون.

لە ئامارەکەدا ھاتووە، "بەپێی قەبارەی توندوتیژی، ٧ ژن لەلایەن هاوڕێ پیاوەکانیانەوە، ٣ ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، ٢ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی لەگەڵیان دەژیان، ٢ ژنیش لەلایەن کەسوکاریانەوە، یەکێکیش لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە، ژنێکیش لەلایەن ھاوپیشەکەیەوە کوژراون. ھەروەھا ژنێکیش کوژراوە کە نازانرێت چ پەیوەندییەکی بە بکوژەکەوە ھەیە.

بە گوێرەی ئامارەکە، ئەو شارانەی زۆرترین ژنانی تێدا کوژراون بەمجۆرەن: "لە ئیستەنبوڵ٧، لە مێرسین٢، لە ئەنقەرە ٢، لە ناڤشەهیر٢، لە مانیسا ٢، لە بورسا یەک، لە ئانتاڵیا یەک، لە چۆروم یەک، لە مێردین یەک، لە سامسون یەک، لە ئێلیح یەک، لە دیلۆک یەک، لە ساکاریا یەک، لە گیرەسون یەک، لە مەلەتی یەک و لە ئیزمیریش یەک ژن کوژراون.

ژ.ن