مەزڵوم عەبدی و جۆلانی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد

فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی کاتی سوریا لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ وەک مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد و تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان لەنێو ئیدارەی سوریادا، ڕێککەوتن.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی دەستەی تەحریر ئەلشام (هەتەشە) محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) کە وەک سەرۆکی کاتی سوریا ڕاگەیاندراوە، کۆبوونەوە.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، مەزڵوم عەبدی و جۆلانی لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:

1- مسۆگەرکردنی مافی هەموو سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی  و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی.

٢- کۆمەڵگەی کورد، کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە و دەوڵەتی سوریا هاوڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی کورد مسۆگەر دەکات.

٣-  ئاگربەست لە سەرانسەری سوریا ڕادەگەیەنرێت.

٤- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

٥- ئەو سورییانەی لە زێدی خۆیان ئاوارەکراون، بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارەکانی خۆیان و لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە بپارێزرێن.

٦- هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو مەترسییەکانی سەر ئاسایش و یەکێتی سوریا.

٧- قسەی ڕقئامێز و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی و بانگەوازی دابەشبوون لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا، ڕەتدەکرێتەوە.

٨- لیژنەکانی جێبەجێکردن، کاردەکەن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.