پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز: ئاکەپە سەرچاوەی توندوتیژییە

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە قەرس، گوڵستان کلیچ کۆچیت، هێرشی دڕندانەی سەر دلبەر عەلیناکی ٨٠ ساڵەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، ئاکەپە سەرچاوەی هەموو توندوتیژییەکە لەسەر ژنان.

ئەندامی پێشووی مەجلیسی شارەوانییەکانی ئاکەپە، ئەکرەم ئایبی، لە ٩ ی ئاب لە ناوچەی دیگۆری قەرس، هێرشی کردە سەر دلبەر عەلیناک و ویستی بیکوژێت. عەلیناک ٥ ڕۆژە لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی حکومی قەرسە و ڕەوشی ترسناکە. تاوانبارەکە لە ڕۆژی تاوانەکە دەستگیرکرا و پاش ئیفادە وەرگرتن ڕەوانەی نوسینگەی داواکاری گشتی دیگۆر کرا. ئایبی هەوڵیدا دۆزەکەی وەک دۆزی کەسێکی "شێت" پیشانبدات. دادگای سزاکان بڕیاری گرتنی دەرکرد و ڕەوانەی زیندانی کرد. بەپێی زانیارییەکان، بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ "مێشکی لەسەر خۆیەتی یان نا" لە ١٠ ی ئاب ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەندروستی و دەروون‌پزیشکی خارپیت کراوە.

ڕێکخراوەکانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە شارەکە، لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی عەلیناکی تێدا چارەسەر دەکرێت، لەبارەی ئەم هێرشەوە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە قەرس، گوڵستان کلیچ کۆچیت، گوتی: "هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە توندوتیژی دژی ژنان زیاتر دەکات. لەم وڵاتەدا، ڕۆژانە لانی کەم، ٤ ژن دەکوژرێن. پیاوان لە ناوەڕاستی ڕێگەدا لە ژن دەدەن. هەروەها پیاوان مناڵانی ئەم وڵاتە بەکاردەهێنن. لە کەمپەکاندا مناڵانی بێ سەرپەرشت بەکاردەهێنن و هیچ ڕێکارێک لە دژی ئەمە نەبووە. ئەم پیاوانە لە قۆناغی دادگایکردن بەرەڵا دەکرێن. سەراپای جڤاکەکەمان لەنێو گەمارۆیەکی توندە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا دەخوازین بۆ هاوڕێمان دلبەر. بەهیواین زوو چاک بێتەوە. ئێمە دەزانین ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێت، ئەم توندوتیژییە زیاتر دەبێت".

"حکومەت بکەری توندوتیژییە"

کۆچیت لە کۆتاییدا گوتی: "ژیانی ژنان سەلامەت نییە. خودی حکومەت مەترسی دەئافرێنێت. سیستەم و زیهنیەتی پیاو باڵادەستە. ژنان و پارتەکەمان هەردەم دژی ئەم زیهنیەتە تێدەکۆشن. دەیانەوێت بە پاساوی "شێتی" بکەرەکە بپارێزن و دادگایی نەکرێت. بەڵام ئێمە ڕێگە بەمە نادەین. توندوتیژی لەلایەن ئەو کەسەی کاندیدی ئاکەپە بووە و ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ئاکەپەوە هەیە، شتێکی ڕێکەوت نییە. ئاکەپە سەرچاوەی توندوتیژییە. لە پرسی دادگاییدا،، ئێمە لەپاڵ بنەماڵەی عەلیناک دەوەستین. ئێمە ناهێڵین بکەرەکە ئازادبکرێت".