"رێگای ڕزگاری یەکێتی ژنانە"

ڕۆژنامەنووسانی مەخموور ڕایانگەیاند، کە کوشتنی ژنان بە ئامانجی بێدەنگکردنی ژنان ئەنجام دەدرێت و وتیان: "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە دەوڵەتی ئێران لەژێر ناوی ئیسلام و شەرەفەوە هێرش دەکاتە سەر ژنان".

ڕاپۆرتێکی تایبەت سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە مانگی تەمموزدا ٥ ژن لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، ٢٢ چالاکوانی ژن دەستگیرکراون، ٥ چالاکوانی ژن سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە و ٢ چالاکوانی ژنیش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. هەرچی کات تێدەپەڕێت، ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بەرزدەبێتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پرسە و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی ژن، ڕۆژنامەنووسانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.

'ئەوانەی دەیانەوێت ڕاستییەکان بگوازنەوە، دەکرێنە ئامانج'

لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕۆژنامەنووس قەدەر کار ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی ئێران سیاسەتەکانی بە ڕێگای قڕکردن، لەسێدارەدان، گوێ نەدان بە کۆمەڵگا و بە تایبەت پێشێل کردنی مافەکانی ژنان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و وتی: "بەم سیاسەتانەوە کۆمەڵگا لە مافە ڕەواکانی بێبەش دەکات. کاتێک بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگرین، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و ڕووناکبیرانی ژن ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێک دەبنەوە. دوای سەرهەڵدانی"ژن، ژیان، ئازادی"، هێرشە قڕکارییەکان دژ بە ژنان زیاتر بووە. ڕژێمی داگیرکەر دەیەوێت بەم سیاسەتانە ژنان، کۆمەڵگا و گەنجان بێدەنگ بکات بە تایبەت دەیەوێت ژنانی کورد زیاتر بکاتە ئامانج.

لە کۆتایی قسەکانیدا قەدەر کار ڕایگەیاند، کە تاکە ڕێگای ئازادی یەکگرتوویی ژنانە و وتی: "ئێستاش چالاکی بواری مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ و دەیان ژنی وەک ئەوان لەلایەن ئەو ڕژێمەوە ئەشکەنجە دەدرێن. لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا سەپێنراوە. ئەمەش ترسی ڕژیمە لە هێزی ژنان.

"دژایەتی ژنان دەکات"

هەروەها ڕۆژنامەنووس مزگین کارا ڕایگەیاند کە سیستەمی دەسەڵاتدار بە مەبەستی بنیاتنانی سیستەمی تایبەتی خۆی ژنان و گەنجان بەئامانج دەگرێت. چونکە ژنان و گەنجان وەک بەربەرست لەبەردەم کردەوەکانی دادەنێت و  وتی: "کاتێک دەوڵەت دەبینێت ژنان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان دەنگ بەرز دەکەنەوە، بە هەموو شێوەیەک هێرشی دەروونی و هێرشی جەستەیی دەکاتە سەر ژنان و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەمشێوەیە ژنان بە ئامانج دەگرێت. نزیکترین ژن لە ئازادی ژنی کوردە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و هەموو جیهان ژنانی کورد دەکرێنە ئامانج.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەساڵانە ڕژێمی ئێران لەژێر ناوی ئیسلام و شەرەفەوە هێرش دەکاتە سەر ژنان. ژن دەکوژرێت، بێسەروشوێن و بێدەنگ دەکرێت. بەتایبەت ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی کە دەیانەوێت ڕاستییەکانی ژنان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگۆزنەوە، لەلایەن ڕژێمەوە دەکرێنە ئامانج. لەم دواییانەشدا چالاکوانانی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووسان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سیستەمی ئێستا چەندە کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەیە. پێویستە ژنان لە بەرامبەر هێرشەکاندا یەکێتی خۆیان پەرە پێ بدەن."