لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) رۆژین موکریان توێژەری سیاسی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شۆڕشی رزگاری ژنان، گەلان و بەتایبەتی زیندووکردنەوەی کورد خەبات لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا کرد و بەبیری هێنایەوە کە ماویە نزیکەی سێ ساڵە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نازانڕێت، هەربۆیە داوای کرد ژنان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازان بەرامبەر بە گۆشەگیرییە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن.
جەختیشی کردەوە: " بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت هەموو جیهانیش ئازادی ئۆجەلان پێویست و چارەسازە چوونکە بیرۆکەکانی ئۆجەلان بیرۆکەی ڕزگارین".
دەقی چاوپێکەوتنەکە
چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتور ڕۆژین موکریان
سەبارەت بە ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ
دکتور ڕۆژین موکریان: عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد و هاوکاتیش تیۆریسیەنێکی سیاسیە کە تاوەکوو ئێستا ٤٠ پەڕتووکی لەسەر پرسەکانی کورد، ژن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانەکانی ژینگە و شارستانییەت و هەروەها قەیرانەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری نووسیوە. لە ڕاستیدا ئۆجالان کەسێکە کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی داهێناوە و فۆڕموڵەی کردووە. ئۆجالان دەڵێ: ژن یەکەم کۆیلەکراو و داگیرکراوی مێژووی شارستانییەتە بۆیە ئازادی کۆمەڵگە لە گرەوی ئازادی ژن دایە چوونکە دەسەڵات و داگیرکاری سەرژنان، بۆتە بەردی بناغەی هەموو جۆرەکانی دەسەڵات و هیرارشی و داگیرکاری شارستانییەت. ئۆجالان ئەو فەیلەسوفەیە کە دەڵێ تەنیا شۆڕشی ژنان دەتوانێ ئێمە لەو قەیرانە گەورانەی شارستانییەت کە تێیدا دەژین ڕزگار بکات، چوونکە ژنان نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی سروشتی دەکەن کە لە جیاتی دەسەڵات و هیرارشی و چەوساندنەوە؛ بنگەی لەسەر هاوتەریبی و پێکەوژیانی ئاشتیانەی نێوان مرۆڤەکان بۆخۆیان و نێوان مرۆڤ و سروشتە. ئۆجالان ئەو کەسەیە کە لە تورکیا وهەموو بەشەکانی کوردستان، کوردی لە توانەوە و لەناوچوون ڕزگار کرد.نابێ لەبیربکەین، ئەو سەردەمەی پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرا، نەتەنیا دەوڵەتی تورک بەڵکوو کورد (لە باکوری کوردستان) بۆخۆیشی حاشای لە هەبوون و ناسنامەی خۆی دەکرد. ئۆجالان جارێکی دیکە ناسنامەی کوردی زیندوو کردەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ئەو فەیلەسوفە گەورەیە لە ساڵی ١٩٩٩ زایینی لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لە لایەن میتی تورکیە و بە هاوکاری موسادی ئیسڕائیل و هەروەها بە هاوئاهەنگی ناتۆ لە کێنیا ڕفێندرا و گەڕێندرایەوە تورکیە و لە دادگایەکی نایاسایی دا دەستپێک بە لەسێدارەدان و پاشان بە زیندنی هەتاهەتایی سزا درا. لەوکاتەوە تائێستا ئۆجالان لە دوڕگەی ئیمڕاڵی لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بەندکراوە. لەو زیندانەدا تەسلیم نەبوو، بەرخۆدانی کرد و تێکۆشانێکی دەستپێکرد. لەواقعدا ئۆجالان لە ڕێگەی نووسینەکانیەوە لە زیندان کە ئەنجامەکەی بوو بە فۆڕموولەکردنی تیۆرییەکانی وەک شارستانییەتی دێموکڕاتیک و کۆنفێدڕالیسمی دێموکڕاتیک؛ شۆڕشێکی زیهنییەتی و هزری لە سەربنەمای ئازادی ژن و سروشت دەستپێکرد. ئەو بیرۆکانەی بوون بە هەوێنی بزووتنەوەکانی فێمێنیستی و نەتەوە چەوسێندراو وداگیرکراوەکان لە دنیادا. ئەو بیرۆکانەی کە خەیاڵ نین و هەر ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە پێکهاتوون. ئۆجالان ئەوکەسەیە کە دەڵی هەر ڕۆژەو کە لەخەو هەڵدەستێت، جارێک پیاوێتی لە خۆیدا دەکوژێت. ئەو کەسەیە کە هەر رؤژ پیاوێتی لە خۆیدا دەکوژێ تا منی ژن، ئێوەی ژن و لە ئەنجامدا کۆمەڵگە لە زیهنییەتی پیاوسالاری ڕزگار بکات. ئەو زیهنییەتەی هەموو ڕۆژێک شەری هێز، چەوساندنەوە، دەسەڵات و داگیرکاری پتەو دەکات.ئێستا ئەوە نزیک بە سێ ساڵە کە ئۆجالان مافی پەیوەندی گرتن و دیداری لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیشی نییە. لە ساڵی ١٩٩٩ وە تاوکوو ئێستاش لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بەندکراوە. لە هەلومەرجێکی بەتەواوی نایاسایی و نامرۆڤانەدا بەندکراوە کە لەگەڵ یاساکانی دەوڵەتی تورک و یاسا نێونەتەوەییەکانیش دژایەتی هەیە.بەردەوام ئەشکەنجەی دەروونی دراوە. بواری تەندروستی ئۆجالان لە دۆخێکی قەیراناوی دایە. بۆیە لەسەر ئێمە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی، چالاکانی سیاسی، فێمێنیست، مافی مرۆڤ، بزوتنەوەکانی مەدەنی و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان فەڕزە، بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی سەر ئۆجالان بێدەنگ نەبین و بۆ ئازادی جەستەیی ئۆجالان، زنجیرەیەک لە بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ گوشار خستنەسەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتی تورک پێکبێنین. ئازادی ئۆجالان، ئازادی ژیان لە ژێردەسەتی دەسەڵاتە. بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت هەموو جیهانیش ئازادی ئۆجەلان پێویست و چارەسازە چوونکە بیرۆکەکانی ئۆجەلان بیرۆکەی ڕزگارین.