ساڵی رابردوو لە باکور و تورکیا ٢٨٠ ژن کوژراون و ٢١٧ژن بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە

لە ساڵی ٢٠٢١ لە باکوری کوردستان و تورکیا ٢٨٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ٢١٧ ژنیش بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.

پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە) راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە ساڵی رابردوو لە باکوری کوردستان و تورکیا ٢٨٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و  ٢١٧ژن بە شێوەیەکی گۆماناوەی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە:-

" لەو ٢٨٠ ژنە، ١٢٥ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ٣٧ ژن لەلایەن هاوڕێ پیاوەکانیانەوە، ٢٤ ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە، ٢١ ژن لەلایەن هاوسەری پێشوویانەوە، ١٦ ژن لەلایەن خزمە نزیکەکانیانەوە، ١٣ ژن لەلایەن هاوڕێیانی پیشوویانەوە، ١١ ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، ٦ ژن لەلایەن براکانیانەوە، ٣ ژن لەلایەن کەسانی ناسیاوەوە و ژنێکیش لەلایەن کەسێکەوە کە ماوەیەک بۆ بەدوایەوە بوو، کوژراون. ١١ ژنیش کە کوژراون نازانرێت بکوژەکان خزمی ئەو ژنانەن یاخود نا.

" ١٧٨ ژن لە ماڵەکانیان، ٣٣ ژن لە کۆڵان، ١٢ ژن لە چۆڵەوانی، ١٠ ژن لە شوێنی کارەکانیان، ٩ ژن لەنێو ئۆتۆمبێڵ، ٨ ژن لە شوێنە دووردەستەکان، ٦ ژن لە هۆتێل، ٢ ژن لە باڵەخانەکان، ٢ ژن لە پارک، ژنێک لە قۆمارخانە، ژنێک لە نوسینگەی پارێزەری خۆی، ژنێک لە کارگە، ژنێک لە گەراجی ئۆتۆمبێڵ، ژنێک لەبەردەم ماڵەکەی و ژنێکیش لە باخچەیەکی نەخۆشخانەیەک کوژراون. شوێنی مردنی ١٠ ژنیش ئاشکرا نەکراوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا لەسەدا ٦٤ی ژنان لە ماڵەکانیاندا کوژراون."

ف.ق