سەدان ژن لە لەندەن ۸مارسیان بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' پیرۆز کرد

ژنان بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشیان پیرۆز کرد. سیاسەتە دژە ژنییەکانی ئێران و تورکیایان ئیدانە کرد و داوای ئازادییان بۆ زەینەب جەلالیان کرد.

دوێنێ شەو لە کاتژمێر ١٨:٣٠ دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ پیرۆزکردنی ۸ ی مارس رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش، ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست لە نەتەوە جیاوازەکان، بە ئامادەبونی کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار)، ئەنجومەنی ژنانی جهان، گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی ئازادیخواز لە لەندەن گردبونەوەیەکیان لە تەلەگرافسکوێر لە ناوەڕاستی لەندەن بەڕێوەبرد.

پەیامی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی ژنان و گەنجانی شۆڕشگێر بۆ ئامادەبوان لە لایەن سۆنیا کەریمی و بەفرین-ەوە بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئامادەبوان خوێندرایەوە .

لە پەیامی ژنانی کورددا ئاماژە بە ڕۆڵی ژنانی کورد لە مێژوودا کرا و ڕایانگەیاند، ژنانی کورد ئەمڕۆ شۆڕشگێڕ و گەریلان بۆ ئازادیی نەتەوەیەک تێدەکۆشن و بەرخۆدانی ژنانی کورد بوو بە ئیرادە و ئیلهام بۆ سەرجەم ژنانی جیهان .

هەروەها لە درێژەی پەیامەکەدا، ژنانی کورد یادی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسیان کردەوە و رایانگەیاند، سێ ژنە کورد ساڵی رابردوو لە  پاریس شەهید و کۆمەڵکوژکران و ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئیدانە کرد.

هەروەها لە پەیامەکانیاندا، باسیان لە ژنانی سیاسی و رۆژنامەنووس و بوارە جیاوازەکانی دیکە کرد، کە ئەو ژنانە لە ئێران زیندان و  ئەشکەنجە دەدرێن و بەرەو سێدارەیان دەبەن، لەهەمان کاتیشدا ژنان لە تورکیا بەهەمان زیهنیەتی دەوڵەت لەلایەن فاشیزمی دەولەتی تورکەوە ڕووبەڕووی زیندانیکردن و ئەشکەنجەی دەرونی دەکرێنەوە و لە رێگەی بکەر نادیارەوە تیرۆر دەکرێن.

لە درێژەی گردبونەوەکەدا وێڕای خستنەڕووی داخوازیی جۆراوجۆر بە چەسپاندنی مافەکانی لەلایەن ژنان لە نەتەوە جیازەکانەوە، داوای ئازادی بۆ ژنە چالاکوان و سیاسیی کورد 'زینەب جەلالیان' کرا، کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا زیندانی کراوە.

ژنان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و لاتین کردبووە دروشمی یادی ۸ی مارس .

چالاکییەکە تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ بەردەوام بوو و چالاکییەکە بە بە گۆڤەندو دیلان کۆتایی پێهات.

ژ.ت