شیوا قەڵوەزی: بزووتنەوەی ئازادی، یەکێتی هێزی هەموو ژنانە

دەرهێنەر شیوا قەڵوەزی ڕایگەیاند کە هەموو ژنانی ئێران و ژنانی کوردستان بە ڕەنگی خۆیان بەشداری کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی"یان کرد و بەشداریی خۆی بە مایەی شانازی ناوبرد.

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆنفرانسێک بە پێشەنگایەتی کەژار بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا زۆرێک لە ژنانی ئەکادیمی، پارێزەر، چالاکوان، سیاسەتمەدار و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە زۆربەی  وڵاتانی ئەوروپاوە بەشداریان کرد.

لە نێو بەشداربووان، شیوا قەڵوەزی، دەرهێنەری کورد، کە لە نەرویجەوە بەشداری کردبوو، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

شیوا قەڵوەزی تێبینییەکانی خۆی هێنایە زمان و ڕایگەیاند، دوای ڕاپەڕینی ئەم دواییەی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، یەکەمجارە لە کۆنفڕانسێکی لەو شێوەیەدا دەنگ و داواکاری هەموو ژنان بە یەکدەنگییەوە بەرز بکرێتەوە.

قەڵوەزی شانازیی خۆی بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە دەربڕیی وتی: "لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران ڕاپەڕینێک سەرێهەڵدا، کە لە مێژوودا قەد لەبیرناکرێت، تا ئێستا خۆپیشاندان و وۆرک شۆپێکی زۆر ئەنجامدراوە، بەڵام جیاوازی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە یەکەمجارە زۆرێک لە ژنان لە پێکهاتە جیاوازەکان بە دەنگ و ڕەنگی خۆیانەوە کۆبونەوە، ژنان خواست و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئێستا و داهاتوو هێنایە زمان، گفتوگۆی زۆر گرنگ ئەنجامدرا، دووبارە دەڵێم گرنگ بوو هەموو ژنان بە ئامادەبوونی خۆیان لەم کۆنفرانسەکە بەشدار بوون. بۆ نمونە ڕۆزا ثابیت وتارێکی سەبارەت بە دۆخی ژنانی عەرەبی سوننە پێشکەش کرد، کە ئەم کۆمەڵگایە لە ئێراندا لەژێر گوشاردایە. فەریبا بەلووچ لە وتارەکەیدا بە وردی باسی لە کوشتن و گوشارەکانی سەر ژنانی بەلووچ کرد. مریەم فەتحی بە ناوی کەژارەوە هەڵوێستی تەڤگەری ئازادیی دەربڕی. ڕۆژین مۆکریانی باسی لە نەبوونی دیالۆگ بۆ چارەسەری کرد و بۆچوون و ڕوانگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی پێشکەش کرد. هەمووان ئازادانە بە جۆش و خرۆشەوە بیروڕای خۆیان دەربڕی. ئەم کۆنفرانسە و دەستپێشخەرییەکەی کەژار دەبێتە نموونەیەک بۆ نەوەی نوێ تا بتوانن لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی داهاتوویان ڕێکبکەون. من زۆر شانازی و دڵخۆشم بە بەشداریکردنم لەم کۆنفرانسەدا".