سزای زیندان بەسەر ئەو دوو رۆژنامەوانەدا سەپێندرا کە هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردبووەوە

ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامدی کە یەکەم جار هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردبووەوە، سزای قورسی زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

دادگای باڵای ئێران بڕیاری خۆی لەبارەی دوو رۆژنامەوان بە ناوەکانی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامدی ئاشکرا کرد کە یەکەم جار هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان لە ١٦ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بڵاوکردبووەوە.

بە گوێرەی بڕیارەکە ئێلاهە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا کە وەک وڵاتێکی دوژمن پێناسەکراوە" ٦ ساڵ سزای زیندان، بە هۆی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ٥ ساڵ و بەهۆی تۆمەتی "پیلانگێڕیی"یش سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

نیلوفەر حامدیش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا" کە وەک دەوڵەتی دوژمن پێناسەکراوە سزای ٧ ساڵ و بە تۆمەتی " تاوان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی " سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "بانگەشەی لە دژی کۆماری ئیسلامی"ش سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

لە کۆی ئەو ١٢ ساڵ زیندانەی بە سەر ئیلاهە محمەدیدا سەپێندراوە دەبێت شەش ساڵی تێپەڕێنێت و نیلوفەر حامدیش لە کۆی ئەو ١٣ ساڵە دەبێت حەوت ساڵ لە زینداندا بێت.