وریشە مورادی: بۆ هەموو ئەوانەی گیانیان بەخشی هەتا کەسانی دیکە هەناسەیەکی نوێ هەڵمژن
وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا سەپێنراوە، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر و کرێکار، نامەیەکی بڵاو کردەوە.
وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا سەپێنراوە، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر و کرێکار، نامەیەکی بڵاو کردەوە.
وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان، نامەیەکی لە پشت حەسارەکانی زیندانی ئێڤینی تارانەوە بڵاو کردەوە. وریشە مورادی لە نامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنانی ئازادیخواز، پێداگریی لەسەر بەرخۆدان و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان لەپێناو ئاشتی و دیموکراسی کردۆتەوە.
وریشە مورادی لە نوێترین نامەکەیدا ئاماژەی بە سزای لەسێدارەدان بۆ خۆی و هەندێک لە زیندانییەکانی دیکە داوە و بە دیاریکراوی ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە کە زەینەب جەلالیان، ژنە زیندانیی سیاسیی کورد کە ١٧ ساڵە لە زیندانە لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە.
دەقی نامەکەی وریشە مورادی وەهایە:
بۆ هەموو ئەوانەی گیانیان بەخت کرد بۆ ئەوەی کەسانی تر هەناسەیەکی نوێ هەڵمژن
لە پشت حەسارەکانی زیندانەوە، کە دەبێ ڕووناکی لە مێشک و دڵی مرۆڤدا بگەڕێت، پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە ژنە تێکۆشەر و پێشەنگەکان دەکەم، لە هەر شوێنێکی ئەم گەردوونەدا بن. ئەمساڵ لە ناو گەرمەی چالاکیی ژناندا پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین، سەیری هەر کوێیەک بکەم، بۆنی شیرینی دەستکەوتەکانی ژنان دەکەم، دڵخۆشم کە لە سەدەی ٢١دا زنجیرەی خەباتی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوامتر دەبێت.
زۆر جار باس لەوە کراوە کە سەدەی ٢١سەدەی ئازادیی ژنە و هەر بە ئازادیی ژنە کە ئازادیی کۆمەڵگە بەدی دێت.
جەنگی جیهانیی سێیەم لە ئارادایە و ئەمەش گۆڕانکاریی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکەوێتەوە، شەڕێک کە زلهێزەکان لە خزمەت سیستمێکی دژە ژن و رەگەز پەرەستدا ئەنجامی دەدەن، نەک هەر ڕەچاوی داخوازییەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان ناکات، بەڵکو ژیانی ئەوانیش دەخاتە مەترسییەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٤ گەلان و حکوومەتەکان زیاتر تووشی ناکۆکی لەگەڵ یەکتر بوون، هەرچەندە سیاسەتی ڕەگەز پەرەست زیاتر تەشەنەی کرد، بەڵام بەرخۆدانیش زیاتر و زیاتر چڕتر بووەوە! لە کاتێکدا کە دەوڵەت نەتەوەکان ئاگری شەڕیان بەرز دەکردەوە، کۆمەڵگە بۆ دامەزراندنی ئاشتی و دیموکراسی خەباتی دەکرد.
ناسیۆنالیزم و دینگەرایی بوونە سەرەتایترین سیاسەتی ڕژێمەکان، بەڵام لە بەرامبەردا کۆمەڵگە پێداگریی لەسەر یەکسانیی جیاوازییە نەتەوەیی – ئایینەکان دەکرد و خۆشبەختانە ژنان پێشەنگ و پێشەنگی ئەو پرۆسە ڕزگاریخوازانە بوون.
بێگومان حکوومەتی ئێرانیش لەوە بێبەری نییە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا شەڕی هەمەلایەنەی لەگەڵ کۆمەڵگە و پێشەنگەکانی کرد.
زیندانەکانی ئێران بۆ ساتێکیش لە هێرشەکانی ڕێژیم ڕزگاریان نەبوو. سزای سێدارە بەسەر من و هەندێک لە زیندانیانی دیکەدا سەپێندرا. هەندێک لە ژنانیش لە زیندانەکانی دیکە، لە نێویاندا زەینەب جەلالیان، لە بچووکترین مافی سرووشتی خۆیان بێبەش کران. بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە نامرۆڤانەدا، بینیمان کە زیندانەکان بوونە قوتابخانەی ئەندێشە و ڕامان و کرانە سەنگەری تێکۆشان و بەرخۆدان، من و هاوبەندییەکانم جارێکی تر ویستمان نیشانی بدەین کە هەموو ڕۆژێک بۆ ئێمە ٨ی مارسە.
ئایا دەکرێت ڕووبەڕووی هێرش ببیتەوە و بەرگری لە خۆت نەکەیت؟ ئایا دەتوانین لەبەرامبەر ستەمدا بێدەنگ بین؟ ئایا دەتوانین ئازار لە چاوی منداڵ و ژن و لاوان و گرووپە چەوساوەکانی تردا ببینین و چاومان لە خەبات دابخەین؟ بە دڵنیاییەوە نا!
مێژوو فێری کردووین کە هەنگاوەکانی خەبات هیچ کۆسپ و تەگەرە و بەردەڵانێک ناناسن. باوەشی گەرمی خەبات بۆ هەر کەسێک کە دڵی بۆ ئازادی لێدەدات و تامەزرۆی فڕین بێت، کراوەیە و ئێمەش نەوەکانی ئەم مێژووە پڕ لە خۆڕاگری و خەباتەین. تەنانەت لە تاریکترین شوێنیشدا چاوەکانمان دوور دەڕوانن و باوەڕم وایە ئاسۆمان هێشتا گەشاوەیە.
من لە ڕەچەڵەکی ژنانێکەوە هاتووم کە هەموو ساتێکیان پڕ بووە لە خەبات و بەرخۆدان، هەمان ئەو ژنانەی ئەلفوبێی خەباتیان فێرکردین لە دژی چەوساندنەوەی سەپێندراو.
لێرەوە دەستی گەرمی خۆم درێژ دەکەمەوە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە لەگەڵ هیوای بەرقەرارکردنی ئاشتی و دیموکراسی بۆ وەدیهێنانی ئازادی و سەردەمێکی دوور لە ستەم و چەوساندنەوە تێدەکۆشن.
من هەمیشە لەگەڵتانم و باوەڕم وایە خەبات بە هیچ سنوورێکی کات و شوێنەوە نابەسترێتەوە و بۆ ئەوەی ئازادی بەدی بهێندرێت و ئەم ڕۆژە لە کات و شوێنێکی ئازاددا بەرز ڕابگیرێت، بۆ ڕێزگرتن لە یادی هەموو ئازادیخوازان لە ڕابردووەوە تا ئێستا، نابێت بۆ ساتێکیش پشوو بدەین.
بژی ٨ی ئادار
بژی بەرخۆدانی ژنان
ژن، ژیان، ئازادی
وریشه مورادی