ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم ژنە تێکۆشەری گەلی کوردە
ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم ژنە تێکۆشەری گەلی کوردە کە لە ١٢ی ئایاری ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لەسێدارەدرا.
ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم ژنە تێکۆشەری گەلی کوردە کە لە ١٢ی ئایاری ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لەسێدارەدرا.
ژنه تێكۆشه‌ری كورد له‌یلا قاسم له ساڵی ١٩٥٢ له گوندی بامیلی سه‌ر به شاری خانه‌قین له خێزانێكی هه‌ژار و نیشتیمانپه‌روه‌ری كورد له‌دایكبووه. قاسم حه‌سه‌ن-ی باوكی له‌یلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگه‌ی نه‌وتی ئه‌ڵوه‌ند بووه. هه‌موو خوشك و براكانی له‌یلا (سه‌بیحه، سه‌لام، سه‌فا، سه‌ڵاح) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ریكی خوێندن بوون، هه‌ریه‌كه‌شیان بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌یان كاریان كردووه.
قۆناغی خوێندنی له‌یلا قاسم
له‌یلا قاسم، له ساڵی ١٩٥٨ له شاری خانه‌قین ده‌ستی به خوێندن كردووه و قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی هه‌ر له خانه‌قین سه‌ركه‌وتووانه ته‌واو كردووه. له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست كردووه و گرنگی به هاوڕێیه‌تی داوه. كه‌سوكاری له‌یلا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌یلا هه‌میشه ئاگاداری هاوڕێكانی بووه و گرنگی به بارودۆخی ژیانی ھاوڕێکانی داوه و هاریكاری كردوون.
هاوڕێی منداڵی له‌یلا، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان ئه‌حلام مه‌نسوور-ی كۆچكردوو ده‌ڵێت: «له‌یلا، هه‌ر به منداڵییه‌وه كچێكی چالاك و وریا بوو، هه‌میشه سه‌یری ئاسمان، مانگ و ئه‌ستێره‌كانی ده‌كرد، كچێك بوو حه‌زی له زانین ده‌كرد، بۆیه له خوێندنیشدا زۆر زیره‌ك بوو.»
سه‌ره‌تای هۆگربوونی له‌یلا به نیشتیمان
زوڵم و زۆرداری ڕژێمی ئێراق له به‌رانبه‌ر گه‌لی كورد، هه‌ر له منداڵییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر له‌یلا دروست كردووه و هۆگری نیشتیمان و وه‌ڵاتی كردووه، ڕۆحی یاخیبوونی له ناخیدا دروست كردووه، سەرەنجام ویست و ھەستی پێداگری له‌سه‌ر ناسنامه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كه‌ی گەشەی کردووە. سه‌بیحه قاسم-ی خوشكی له‌یلا له‌و باره‌یه‌وه به‌سه‌رهاتێك ده‌گێڕێته‌وه: «ساڵی ١٩٥٩ سه‌ردانی به‌غدامان كرد، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌سه‌ر حوكم بوو. ڕۆژێك بیستمان ئاهه‌نگێك هه‌یه، بڕیارماندا ئێمه‌ش بچین سه‌یری بكه‌ین. له به‌رده‌م وه‌زاره‌تی به‌رگری خه‌ڵكێكی زۆر كۆبووبوهوه و هوتافیان بۆ پشتیوانی له عه‌بدولكه‌ریم قاسم لێ ده‌دا، له‌یلا داوای له باوكی كرد بیخاته سه‌رشانی، باوكی به قسه‌ی كرد و هه‌رئه‌وه‌نده له‌یلای خسته سه‌ر شانی خۆی، له‌یلا به ده‌نگێكی به‌رز ده‌ستی كرد به هوتاف لێدان و گوتنی درووشم بۆ كورد و كوردستان.»
ده‌ستپێكی خه‌باتی له‌یلا قاسم
له‌یلا له ساڵی ١٩٧١ له به‌شی كۆمه‌ڵناسیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غداد وه‌رگیراوه. باوكی له‌یلا كه پێداگربووه له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی له‌یلا له خوێندن، بڕیار ده‌دات ماڵیان بگوازنه‌وه بۆ به‌غدا. دواتر له هه‌مان ساڵدا له ڕێی سه‌لام قاسم-ی براگه‌وره‌ی، له‌یلا په‌یوه‌ندی به بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورده‌وه كردووه و له ڕیزه‌كانی «یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان» ده‌ستی به تێكۆشان كردووه. له‌یلا قاسم كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بووه له ڕێكخستن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خوێندكاره كورده‌كانی زانكۆی به‌غدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌یلا پێداگری له‌سه‌ر یه‌كسانی ژن و پیاو كردووه و بۆ به‌شداری ژنان له تێكۆشان و چه‌سپاندنی یه‌كسانی هه‌وڵی زۆری داوه.
عه‌شق و خه‌باتی له‌یلا
لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی «جەواد هەمەوەندی» په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی هه‌بوو. جه‌واد، ئه‌ندامی پارتی دێمۆكراتی كوردستان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له كارگه‌یه‌كی زه‌یت له به‌غدا كاری ده‌كرد، جه‌واد و له‌یلا بەیەکەوە خەبات و چالاکییان ده‌كرد، ئه‌شقی خۆیان و ئه‌شقی ئازادی كوردستانیان ئاوێته‌ی یه‌ك كردبوو. لەیلا ھەر له ڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە. ئامانجی لەیلا قاسم، ناسینی زیاتری ڕەوشی سیاسیی کورد و پێشخستنی خه‌باتی ڕێكخستنی شاره‌كان بوو.
به‌رخۆدان له‌نێو دڵی دوژمن
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ كه ڕژێمی ئێراق هێرشه‌كانی له دژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان به‌رفره‌وان كرد. ڕژێم له سه‌ره‌تای به‌هاری ١٩٧٤ به سه‌ختی بۆردومانی شارۆچكه‌كانی قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و به سه‌دان كه‌س بوونه قوربانی. ھەر لەو کاتانه‌دا ھەزاران کەس لە تاکەکانی كۆمه‌ڵگه بۆ بەرگریکردن لە گه‌ل و نیشتیمان ڕوویان لە شاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان ھەڵگرت. لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی دیكه‌یان، پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکوو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمن‌دا پێویستیەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغه‌یه. بۆیە ڕوویان نەکردە شاخەکان و لە بەغدای پایتەختی ئێراق به‌رخۆدانیان كرد و به‌رده‌وامیان به تێكۆشان دا.
لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی‌یان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدا، لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە، بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕژێمی ئێراق، وه دەستپێکردنەوەی شەڕ نه‌یانتوانی بڵاوی بكه‌نه‌وه. دواتریش له كاتی ده‌ستگیركردنی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی، ده‌ستنووسی لێكۆڵینه‌وه‌كه كه‌وته ده‌ستی هه‌واڵگری ڕژێم و له‌ناویان برد.
ده‌ستگیركردنی له‌یلا قاسم
لەگەڵ ته‌شه‌نه‌كردنی شه‌ڕ له باشووری كوردستان، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس زۆر بە توندی چاودێری یه‌ك به یه‌كی كوردانیان ده‌كرد، به تایبه‌ت له شاری به‌غدای پایته‌خت كوردان له‌ژێر چاودێری وردی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت بوون. شەوی ٢٨-٢٩ ی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، حەسەن حەمە ڕه‌شید، ئازاد سلێمان و نه‌ریمان فوئاد) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفره‌وانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیرکران. ڕۆژنامەی «سه‌وره»ی زمانحاڵی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆی ئێراق، ده‌ستگیركردنی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی ڕاگه‌یاند و وەک تێرۆریست، تێکدەر و گێڕەشێوێن ناوزه‌ندیان كردن.
ئه‌حلام مه‌نسوور كه له هه‌مان كاتدا و له هه‌مان زانكۆ له به‌شی كوردی خوێندوویه‌تی باس له ڕۆژێك به‌ر له ده‌ستگیركردنی له‌یلا قاسم ده‌كات و ده‌ڵێت: «سڵاوم له له‌یلا كرد، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه به ساردی وه‌ڵامی دامه‌وه و په‌شۆكاو دیاربوو.» ده‌رباره‌ی كاتی ده‌ستگیركردنی له‌یلا، سه‌بیحه-ی خوشكی له‌یلا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ویستوویه‌تی بۆ سه‌ردانێك له‌یلا له‌گه‌ڵ خۆی ببات بۆ جه‌له‌ولا، به‌ڵام دواتر له‌یلا پێی گوتووه كه ناتوانێ له‌گه‌ڵی بچێت. سه‌بیحه قاسم له زاری دایكییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: «دایكم گوتی: دره‌نگانی شه‌و بوو هێزێكی زۆری چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵمان و پرسیاری له‌یلایان كرد. له‌یلاش هات و خۆی پێناساندن، به‌ڵام باوه‌ڕیان پێ نه‌كرد و گوتیان: تۆ له‌یلا نیت، له‌یلا سه‌رۆك سه‌ددام و هه‌موو حكوومه‌تی توڕه كردووه. دواتر له‌یلا ناسنامه‌ی زانكۆی پیشاندان، ئینجا باوه‌ڕیان كرد و به بیانووی لێكۆڵینه‌وه و پرسیاركردن لێی، ده‌ستگیریان كرد و له‌گه‌ڵ خۆیان برد.»
به‌رخۆدانی له‌یلا قاسم له زیندان
به‌رخۆدان و وره‌به‌رزی له‌یلا قاسم له‌نێو زیندان و كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئێراق ده‌نگی دابوه‌وه، چونكه به چه‌ندین شێوه له‌یلا ئه‌شكه‌نجه درابوو، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو له‌سه‌ر داوا ڕه‌واكانی خۆی و گه‌له‌كه‌ی په‌شیمان بێته‌وه. كاربه‌ده‌ستانی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری زۆر هه‌وڵیاندا به گفتوگۆ بڕوا به له‌یلا بكه‌ن كه په‌شیمان بێته‌وه، به‌ڵام سوودی نه‌بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر-ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێراق داوای له له‌یلا كردووه نامه‌یه‌كی په‌شیمانبوونه‌وه بۆ سه‌ددام حوسێن بنووسێت، له به‌رانبه‌ردا ئازاد ده‌كرێت، به‌ڵام له‌یلا ڕه‌تیكردۆته‌وه و له وه‌ڵامدا گوتویه‌تی: «ئه‌گه‌ر من له كارێكی خۆم له‌م ژیانه‌دا په‌شیمان بم، ئه‌وه‌یه: زوو ده‌مرم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانم ماوه‌یه‌كی درێژ بۆ گه‌له‌كه‌م خه‌بات بكه‌م. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت داوای لێبووردن له كه‌سێك بكه‌م، ئه‌وا داوای لێبووردن له گه‌لی كورد ده‌كه‌م، چونكه له ڕاستیدا من بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌م كه‌م خه‌باتم كردووه.»
دادگه‌یی كردنی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی
كاربه‌ده‌ستانی ڕژێمی به‌عس بێ ئومێد ده‌بن له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی له‌یلا، هه‌ست ده‌كه‌ن به‌رخۆدانی له‌یلا كاریگه‌ری له‌سه‌ر وره‌ی زیندانیانی دیكه ده‌كات، بۆیه دادگه‌ی شۆڕش به‌په‌له مه‌ڕاسیمێكی دادگه‌یی كردن ڕێكده‌خات و به تۆمه‌تی تێرۆر و هه‌وڵدان بۆ ته‌قینه‌وه له سینه‌مایه‌كی شاری به‌غدا، دادوه‌رێك به ناوی «جاوروڵا» سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر له‌یلا قاسم و هاوڕێكانیدا ده‌سه‌پێنێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی له مێژووی سیاسیی ئێراقدا تا ئه‌و كاته هیچ ژنێك له‌سێداره نه‌دراوه، سه‌ددام حوسێن دوودڵ ده‌بێت له له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم، بۆیه خۆی ڕاسته‌وخۆ هه‌وڵ ده‌دات له‌یلا په‌شیمان بكاته‌وه. سه‌ددام حوسێن-ی سه‌رۆك كۆماری ئێراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خۆی ده‌چێته زیندان و له‌گه‌ڵ له‌یلا قاسم قسه ده‌كات و داوای لێ ده‌كات په‌شیمان بێته‌وه و له به‌رانبه‌ردا سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرێن.
سه‌دام حسێن سه‌ردانی له‌یلا قاسم ده‌كات له زیندان
به‌ر له له‌سێداره‌كانی له‌یلا، په‌یامێكی له‌یلا ده‌گاته خانه‌واده‌كه‌ی و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت: «ڕۆژی ١٢ی ئایار له‌سێداره ده‌درێم، وه‌رن بۆ دیده‌نیم، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌تان پێ بدرێت، بڵێن هاتووین بۆ لای زیندانییه‌كی خه‌ڵكی جه‌له‌ولا كه ناوی سه‌ڵاح-ه.». له ڕۆژی ١٢ی ئایار دا، دایكی له‌یلا نامه‌یه‌ك بۆ هاوژینه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت و به‌په‌له ده‌چێته دیده‌نی له‌یلای كچی له زیندانی ئه‌بوغرێب: [هه‌ر كه ڕێگه‌یان پێدام بچمه ژووره‌وه، له‌یلام بینی و به ده‌نگێكی به‌رز با‌نگم كرد «له‌یلا؟» له‌پشت ئاسنهكانهوه یه‌كترمان ماچ كرد. له‌یلا زۆر به‌هێز و به وره دیار بوو، پێی گوتم: دایه خه‌فه‌ت نه‌خۆی و بڵێی كچه‌كه‌ی وه‌های لێ هاتووه، ڕاوه‌سته بۆت باس بكه‌م: سه‌ددام حوسێن له‌گه‌ڵ چه‌ندین گهورهكاربهدهستی حكوومه‌ت هاتن بۆ لام، سه‌ددام پێی گوتم چیت ده‌وێ بۆت ده‌كه‌م. داوای لێ كردم په‌شیمان ببمه‌وه، له به‌رانبه‌ردا نه‌ك هه‌ر ئازادم ده‌كات، به‌ڵكوو چیم بوێت بۆ خۆم و خانه‌واده‌كه‌م ده‌یكات.] وەڵامی لەیلا بۆ سەددام لە زاری خۆیەوە: [كه سه‌دام قسه‌كانی كرد، دواتر لێم پرسی قسه‌كانت ته‌واو بوو؟ سه‌دام گوتی: به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌و داوایه‌م لێت هه‌یه و تۆش چیت ده‌وێ بیڵێ با بۆت جێبه‌جێ بكه‌م. منیش پێم گوت: با پێت بڵێم من كوردم و كوردستانیم. سه‌ددام توڕه بوو، گوتی به‌خوا ئیعدامت ده‌كه‌م - به‌خوا چاوت ده‌ردێنم. منیش وه‌ڵامم دایه‌وه و پێم گوت: «من بكوژن، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه بزانن كه به كوشتنی من هه‌زاران كورد له خه‌وی گران وه‌ئاگا دێنه‌وه. من زۆر خۆشحاڵم كه به سه‌رفرازی له ڕێگه‌ی ئازادیی كوردستان گیانی خۆم فیدا ده‌كه‌م.»]
خانه‌واده‌ی له‌یلا قاسم ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، باوكی له‌یلا كه زانیویه‌تی له‌یلا له‌سێداره ده‌درێت، ئه‌ویش به‌په‌له خۆی گه‌یاندۆته زیندانی ئه‌بوغرێب و له دوایین دیده‌نیدا، به كچه‌كه‌ی گوتووه: «كچم له‌یلا، نه‌ڵێی من له‌نێو قه‌فه‌زی زینداندا وه‌ستاوم، تۆ سه‌ری هه‌موو كوردت به‌رزكردۆته‌وه. كوردستان قه‌ت نامرێت و ده‌بێ ئاڵاكه‌ی هه‌ر هه‌ڵدرێت.»
داواكاری له‌یلا به‌ر له له‌سێداره‌دانی
باس له‌وه ده‌كرێت كه له‌یلا قاسم به‌ر له له‌سێداره‌دانی، داوای كردووه كه جلی كوردی بۆ ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی له‌سێداره‌داندا له‌به‌ریان بكات و ببێته «بووكی كوردستان» هه‌روه‌ها ده‌شگوترێت له دوایین دیده‌نیدا، داوای له دایكی كردووه قژه زه‌رده‌كه‌ی ببڕێت و له‌گه‌ڵ خۆی بیباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به ئاڵای كوردستان.
مێدیاكانی عێراق: یه‌كه‌مین ژن له مێژووی عێراقدا له‌سێداره درا
ڕۆژی ١٣ی ئایار هه‌واڵی سه‌ره‌كی مێدیاكان ئه‌وه بوو: «شه‌وی ڕابردوو، له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی له‌سێداره‌دران. - یه‌كه‌مین ژن له مێژووی سیاسیی ئێراقدا له‌سێداره درا.» گه‌لانی ئێراق و كوردستان به بیستنی هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی تووشی شۆك بوون. گەلی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێراق ڕۆژێکی تاریک و پڕ له خه‌میان ده‌ستپێكرد. له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی نه‌ك هه‌ر له كوردستان و ئێراق، به‌ڵكوو له ته‌واوی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان ده‌نگی دایه‌وه، بوو به باسی مێدیاكان و قسه‌وباسی ڕای گشتی.
كاردانه‌وه‌ی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم له ئاستی جیهانیدا
عادل موراد، به‌رپرسی ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان له به‌غدا ده‌رباره‌ی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم كه ئه‌و له‌و كاته‌دا به مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له كۆنگره‌ی خوێندكارانی جیهان له بودابێست بووه، باس له كاردانه‌وه‌ی هاوژینی سه‌رۆكی پێشووی شیلی «ئالێنده» ده‌كات و ده‌ڵێت: «ئه‌و ناوی گه‌لی كوردی قه‌ت نه‌بیستبوو، ئێمه باسی كوردمان بۆ كرد و هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسممان پێ ڕاگه‌یاند. دواتر پشتیوانی له ئێمه كرد و به به‌رچاوی نوێنه‌رانی ئێراق به ڕێكخه‌رانی كۆنگره‌كه‌ی گوت: بۆچی ناهێڵن نوێنه‌رانی كورد له كۆنگره به ناوی كورده‌وه قسه بكه‌ن؟ دیاره ڕژێمی ئێراق ڕژێمێكی فاشیسته و ژنانی كورد له‌سێداره ده‌دات. چۆن ده‌بێت ژن له‌سێداره بدرێت؟ دیاره هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ڕژێمی پینوش (له ساڵی ١٩٧٣ له شیلی كوده‌تا به‌سه‌ر سه‌رۆك ئالێنده-دا كرا و پینوش ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست) و ئێراق نییه. ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی له‌یلا، عادل موراد ده‌ڵێت: «له‌یلا قاسم ژنێكی ژیر و ئازا بوو، ئازادی ژن و كوردستانی به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دا، له‌گه‌ڵ جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی خاوه‌نی عه‌شقێكی پاك بوون. له ته‌له‌فزیۆن دیمه‌نی دادگه‌یی كردنه‌كه‌م بینی، شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه به ده‌موچاوی له‌یلاوه دیار بوو، به‌ڵام زۆر سه‌ربه‌رزانه، به‌بێ ترس وه‌ڵامی دادوه‌ری ده‌دایه و ده‌یگوت: په‌شیمان نیم. له‌یلا قاسم به به‌رخۆدانه‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر ڕژێمی ئێراق له كاتی لێكۆڵینه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌دا، كه‌سایه‌تی خۆی سه‌لماند.»
له‌یلا چۆن به‌گرتن درا؟
ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی ویستوویانە دوو تەقینەوە لە بەغدا ئەنجام بدەن، بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی ئێراق و کەم کردنەوەی فشارەکانی ڕژێم لەسەر ناوچەکانی باشووری کوردستان. دواتر لە لایەن چەند کەسێکی نێو ڕێکخستنی «پ.د.ک»ەوە لە بەغدا کە دەستیان لەگەڵ ڕژێم تێکەڵ بووە، پلانەکە گەیەنراوەتە دەزگەی ھەواڵگری ڕژێم. ھەرچەندە ڕوون نییە کە پلانی ئەم چالاکییانە بە دەستپێشخەری خودی شانەڕێکخستنەکەی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بووە یان بە بڕیار و داوای سەرکردایەتی کورد لە شاخ. ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە دوای لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی سەرکردایەتی کورد خاوەنداریی لێ نەکردن. زۆر سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی لە لایەن چەند ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی ڕێکخستنەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان (پ.د.ک) لە بەغدا بەگرتندراون.
ڕژێم ته‌رمه‌كانی ڕاده‌ستی خانه‌واده‌كانیان نه‌كرده‌وه
ڕژێمی بەعسی ئێراق له دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌م پۆله تێكۆشه‌ره (له‌یلا قاسم، جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، حەسەن حەمە ڕه‌شید، ئازاد سلێمان و نه‌ریمان فوئاد) ته‌رمه‌كانی لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی نەدانهوه بە بنەماڵەکانیان و له شاری نه‌جه‌ف به‌خاكی سپاردن. به له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم، كۆست له دوای كۆست ڕووی له خانه‌واده‌ی له‌یلا قاسم كرد. سه‌لام قاسم-ی برای له‌یلا، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی له‌یلای خوشكی ناردووه بۆ ئه‌ندامانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات، له لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه شه‌هید كرا. باوكی له‌یلا له پاڵاوگه‌ی دۆره-وه گواسترایه بۆ «شوێنی فرۆشتنی قلێنهی غاز» له كاتێكدا باوكی له‌یلا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رزی خوێندن بوو. هه‌روه‌ها یه‌كێك له براكانی كه ٣ هه‌فته بوو دامه‌زرابوو، دوورخرایەوه بۆ سه‌ماوه. سه‌بیحه‌ی خوشكیشی بۆ دهۆك گواسترایه‌وه. خانه‌واده‌ی له‌یلا قاسم له به‌رانبه‌ر هه‌موو فشاره‌كانی ڕژێم خۆیان ڕاگرت و له‌سه‌ر ڕێبازی كچه‌كه‌یان به‌رخۆدانیان پێشخست. دایك و باوكی ماوه‌یه‌ك دواتر به خه‌م و په‌ژاره‌ی له‌ده‌ستدانی ڕۆڵه‌كانیان «له‌یلا قاسم و سه‌لام قاسم» كۆچی دواییان كرد.
هه‌زاران منداڵی كورد ناویان لێ نرا له‌یلا
دوای له‌سێداره‌دانی ژنهتێكۆشهری گه‌لی كورد لەیلا قاسم، ھەزاران منداڵی کورد له سه‌رانسه‌ری كوردستان ناوی «له‌یلا»یان لێ نرا. له‌یلا بوو به شیعر و گۆرانی، بوو به سمبولی تێكۆشانی ژنان. له دوای تۆماركردنی داستانه واتادارهكهی، هه‌ر وه‌ك له‌یلا خۆی مژده‌ی دابوو، هه‌زاران ژن له باشوور، باكوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاڤای نیشتیمان ڕوویان له مه‌یدانه‌كانی تێكۆشان كرد و خاوه‌ندارییان له په‌یامی له‌یلا قاسم كرد. ئێستا له چیاكانی كوردستان، له ده‌شته پان و به‌رینه‌كانی ڕۆژاڤای كوردستان و باكووری سووریا هه‌زاران ژن شه‌ڕی ئازادی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن «ئێمه هه‌موومان له‌یلاین»
له‌یلا له‌نێو هه‌ڵبه‌ستی شاعیران‌دا
له‌یلا قاسم، به وره و كه‌سایه‌تییه به‌رخۆدێر و سه‌نگینه‌كه‌ی نه‌ك ته‌نها له‌نێو دڵی گه‌لی كورد، به‌ڵكو له‌نێو دڵی مرۆڤه ئازادیخوازه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین جێی گرت. هێمن-ی شاعیر بۆ له‌یلا قاسم نووسیویه‌تی:
کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من
لە بسکت رەشترە مانگەشەوی من
برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە
کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!
بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە
کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم
جگه‌رخوێن-ی شاعیریش له به‌رانبه‌ر به‌رخۆدانی له‌یلا قاسم نووسیویه‌تی:
لەیلا کەچا میت و مەدا
جانێ خوە دا د بەر مە دا
بژین ھەچی کۆ جانفیدا
خوەش بن ژ تە ژار و گەدا
لەیلا چراخا شەڤرەشە
وێ روو ل کوردان کر گەشە
کوشتن ب مە کوردان خوەشە
زۆرداری ئێدی نامەشە!
لەیلا بژی، سەد ئافەرین
ژ بۆ مە بوویە ئۆل و دین
دیسا ل من دەر بوون برین
ھەتا جگەر من بوویە خوین!