ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی بڕیاری لەسێدارەدانیان شەرمەزار کرد

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی، لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە دژی لەسێدارەدان تاجە گوڵی ڕەشیان دانا و ڕایانگەیاند کە پێکەوە دژی ئەم کردەوە دژە مرۆییە تێکۆشان دەکەن.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی شەرمەزار کردنی سزای لەسێدارەدان کۆبوونەوە. پۆلیسی ویستی ڕێگری لە لێدوانی ژنان بکات. بەڵام ژنان هەڵوێستیان نیشاندا، سەرەڕای ڕێگرییەکان بەڵام ژنان بە هەڵگرتنی وێنەی ئەو ژنانەی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لەبەردەم پەرژینی پۆلیسان لێدوانیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی-ئەنقەرە، تاتلی گوڵ وتی:

"ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە تا دەنگمان بۆ پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەد چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان کە لە ٢٣ی تەمموز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا سەپێنرا، بەرز بکەینەوە. دەمانەوێت پێیان بڵێین ئێوە تەنیا نین و تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنان لە هەموو شوێنێ بەردەوامە. پەخشان عەزیزی لە نامەکەیدا وتبووی: "من و شەریفە محەممەدی و ئەو ژنانەی دیکە کە سزای لەسێدارەدان بەسەرماندا سەپێنراوە، یەکەم و دوایین کەس نیین کە تەنها لەسەر داوای ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە سزای لەسێدارەدان بەسەرماندا دەسەپێندرێت، بەڵام ئەوەش دەزانین ئازادی بەبێ باج نییە و باجەکەشی قورسە." ئێمە بەم تاجە گوڵینە ڕەشە ناڕەزایەتی خۆمان دژ بە بڕیاری لە سێدارەدانی ڕێژیمی پیاوسالاری ئێران دەربڕین.

"لەبەرامبەر ستەمدا بێدەنگ مەبن، وەرن بەرخۆدان پەرە پێبدەین"

تاتلی گۆل لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "دەمانەوێت جارێکی تر جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە سزایانە زیان بە کەرامەتی مرۆڤ دەگەیەنێت. دەنگی شەریفە و پەخشان لێرەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک بەرخۆدانی ژینا ئەمینی دەگاتە هەموو جیهان. لە بەرامبەر ئەم زوڵم و چەوساندنەوەی ئێراندا بێدەنگ مەبن. بە پشتیوانی ژنان، گەلی کورد و ستەملێکراوان با پێکەوە دژی کردەوە نامرۆییەکان تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە. جارێکی تر داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین؛ ئەم کوشتن و لەسێدارەدانانە ڕابگرن. بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە. ئێمە قەد لە ڕووبەڕوبوونەوە دژی ئەو سزا نامرۆڤیانە پاشەکشە ناکەین و درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."