ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ژنانی شەنگال: ژنان تۆڵەی فەرمانی ٧٤ەمین دەکەنەوە

ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ژنان لە شەنگال راگەیەندرا و تیایدا باس لەوەکراوە کە ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' یەکیانگرتووە و بەرامبەر هەموو چەشنە توندوتیژی و دەسەڵاتدارییەک دەوەستنەوە و پەرە بە تێکۆشانی ئازادی ژنان دەدەن.

ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ژن لە شەنگال راگەیەندرا کە بەدروشمی 'لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان' بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بەڕێوەچوو.

کۆنفڕانسەکە رۆژی ٢٣ی نیسان بە بەشداری ٣٥٠ نوێنەر و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی و عەرەب سازکرا و ژمارەیەک میوان لە بەغدا ، باشوری کوردستان و ئەڵمانیاوە بەشداربوون، ژمارەیەک لە میوانەکانیش کە لە دەرەوە بەنیازبوون بەشداری بکەن لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ سازکرا.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشدار بوو. کە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە گرنگە ژنان لەچوارچێوەی هزر و رامانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان بەرێکخستن بکەن.

لە کۆنفراسەکەدا جەختکرایەوە پێویستە ژنان بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن و نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.

لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک پەیام و سیمینار پێشکەشکرا، بە دوو پانێڵ و شەش تەوەر لەژێر ناونیشانەکانی “سەرەتای خەباتی ژنان تا گەیشتن بە ژنۆلۆژی”، “ژن، ژیان، ئازادی” و “ڕێکخستنی ژنانی ئێزیدی” گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی ژن و چۆنێتی بەردەوامیدان بە خەبات و بەڕێکخستن کردنی ژنان کرا.

ژنۆلۆژی بنەمای تێکۆشانە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی ژنانی ئێزیدی

پانێڵی یەکەم لە لایەن ڕۆژهەڵات ناسر، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پێشکەشکرا، کە تیشکی خستەسەر کار و تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەپێناو ئازادی ژنان، هەروەها سەرەنجی ئامادەبووانی بۆ پڕۆژەی سیستمی هاوسەرۆکی ڕاکێشا، کە ڕێگەیەکە بۆ جێگیرکردنەوەی ژنان لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.

هاوکات، ڕۆژهەڵات ناسر ڕایگەیاند، هەوڵ و تێکۆشانی گرنگ لەپێناو ئازادی ژنان  لە سەرتاسەری جیهان و بەشەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە لێکۆڵینەوە و چالاکییەکانی ژنۆلۆژییان بە بنەما گرتووە، جەختی لەوە کردەوە بەڕێوەچوونی ئەو خەباتە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی گرنگە و دەبێت کارکردن لەسەر ژنۆلۆژی لە شنگال بەردەوامی هەبێت.

ڕۆژهەڵات ناسر باسی لە عەقڵیەتی پیاوسالاری کرد و ڕایگەیاند کە ژنۆلۆژی خەباتێکی بنەڕەتییە لە دژی کۆیلایەتی و ستەم و هەژموونخوازی و وتی: “ئەگەر بمانەوێت بڵێین ئێمە بوونمان هەیە، دەبێت خۆمان لە عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی پیاوسالاری ڕزگار بکەین، پێویستە کار و چالاکییەکانمان بۆ پێشخستنی ئازادی ژنان لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا قووڵتر بکەینەوە، ڕێبەر ئۆجالان ژنۆلۆژی وەک ئەرک و کارێکی تایبەت پێبەخشین تا لەڕێگەیەوە بتوانین چارەسەر بۆ هەموو کێشەکانمان بدۆزینەوە”.

فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە قڕکردن دەمانپارێزێت

لاوە شنگالی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، لەپانێڵەکەدا تەوەرێکی لەبارەی “ژن، ژیان، ئازادی” پێشکەش کرد، لە سەرەتای وتەکانیدا لاوە شەنگالی شەهیدانی شۆڕشی وەبیرهێنایەوە و کۆنفرانسەکەی پێشکەش بە ڕۆحی ژینا ئیمینی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە فەلسەفەی ژیانی ئازاد ڕاستەقینەیە و ڕایگەیاند، گەر زووتر خەباتی “ژن، ژیان، ئازادی”مان ئەنجامدابا، ئەوا ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان نەدەبووینەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، “ژن، ژیان، ئازادی”، لە فەلسەفەی ژیانی ئازادەوە پەرەی سەندووە، کە دامەزرێنەرەکەی ڕێبەر ئۆجەلانە و بە ماندووبوون و قوربانیدانی زۆر هاتووەتە بەرهەم، دەستپێشخەریی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک هەموو بیرۆکە و فەلسەفەیەکی دیکە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە سەریهەڵدا و گەشەی کرد و بڵاوبووەوە.

لاوە شنگالی جەختی لە گرنگی هاودەنگی و یەکدەنگی ژنان کرد و وتی: بۆچی گەلان و دەوڵەتەکان ئەوەندە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەترسن؟ چونکە دەزانن بەو دروشمە دیواری ستەم و نادادپەروەری و کۆیلایەتی ڕوخاون، هەروەک چۆن هاوپشتی ژنان بەرەو ژیانێکی ئازاد سەردەکێشێت، ئەوان لەو هێز و باوەڕی و ڕۆحی خەباتگێڕانەی ژنان دەترسن”.

سەندنەوەی تۆڵەی فەرمانی ٧٤ەمین

لە سمینار و پانێلەکاندا سەرنجڕاکێشترین بابەت لە مێژووی ئێزدییەکاندا کە باسی لێوەکرا پێشەنگایەتی و قارەمانێتی ژنانی ئێزدی بوو کە کولتوری بەرخودانیان دروست کرد. لەوبارەوە راگەیەندرا کە ئەمڕۆ بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی گوزارشت لە خۆیان دەکەن و تەنیا بەو فەلسەفەیە کە ژنانی ئێزدی دەتوانن تۆڵەی فەرمانی ٧٤ەمین بکەنەوە.

بڕیارنامەی کۆنفرانس؛ تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەرزدەکەینەوە

پاش پانێڵ و پێشکەشکردنی تەوەرەکان، ئامادەبووان بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرسەکان دەربڕی و پێشنیاری زیاتریان خستەڕوو.

وتەی کۆتایی کۆنفرانس لەلایەن ڕیهام حەسن، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شنگال پێشکەشکرا، سەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنفرانسەکەی لە ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم ژنە شەهیدەکان و بەشداربووانی و ژنانی ئێزدی کرد.

لەپێناو پێشخستن و بەهێزکردنی هەوڵەکان، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیار لەسەر کۆمەڵێک ڕێگە و هەنگاو درا، بە پلەی یەکەم تێگەیشتن و بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی ژیانی ئازاد و بەڕێوەبردنی کار لەسەر ئەو بنەمایە و هەبوونی هەڵوێستە لە دژی هێرشەکان بوو، هەروەها هەنگاوی بەهێز لەلایەن ژنانەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بنرێت و لەو پێناوەشدا خەبات و تێکۆشانی جدی و فراوان بکرێت.

هـ . ب