یەپەژە بانگەواز دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی شەنگالی و ئەفغانی

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بە ڕاگەیاندراوێک پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی شەنگالی و ئەفغانی دووپات کردەوە.

فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی شەنگال تێپەڕی، لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤، چەتە بەربەرییەکانی داعش هێرشی قڕکردنیان ئەنجامدا، هێزەکانی پەدەکە گەلیان جێهێشت و هەڵهاتن، زلهێزەکانی جیهان بە بێدەنگی سەیریان کرد. هەروەها لە ١٥ ی ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان بە هەمان زیهنیەتی قڕکەرەوە ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد، تاڵیبان بەناوی پەیماننامەی ئاشتییەوە گەیشتە دەسەڵات، بە پشتیوانی و هاوکاری نێودەوڵەتی چەندەها کاری نامرۆڤانەی ئەنجامدا.

بەم بۆنەیەوە، بەڕێزەوە یادی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی ئێزدی و ئەفغانی دەکەینەوە، بەتایبەت ژنان و مناڵان، کە بوونە قوربانی ئەم کۆمەڵکوژییانە، بەتوندی ئەم گرووپە دڕندە و دژە ژن و ژیانانە شەرمەزار دەکەین. هەروەها بە شانازییەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکان بەرز ڕادەگرین کە بە چەک و سینگ و ڕۆحی خۆیان بەرەنگاری ئەم کۆمەڵکوژیانە بوونەوە.

لە ئەفغانستان بەناوی باوەڕەوە، هەزاران ژن لە هەموو بوارەکانی ژیان دوورخرانەوە، ژنە چالاکوان و پەرلەمانتار و ڕۆژنامەوان و پارێزەر و پزیشکەکان بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران، هەروەها دەیان چالاکوان لە زیندانەکان ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە. لە شەنگال بە هەمان زیهنیەتەوە شایەتحاڵی قێزەونترین کۆمەڵکوژی بووین. بەشێوەی ئەنقەست و دڕندانە، ژنان کوژران و ڕفێنران و دەستدرێژی کرایە سەریان و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، هەموو ئەمانە بە بەرچاوی جیهان و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ڕوویدا.

سەرەڕای ئەم کارە دڕندانە و هێرشانەی قڕکردن، ژنانی ئەفغان و ئێزدییەکان ژیانی کۆیلایەتیان قبووڵ نەکرد و دەنگی خۆیان گەیاندە جیهان، بۆیە سڵاو دەنێرین بۆ ئەم بەرخۆدانە شکۆدارەی ژنانی ئەفغانی و ئێزدی، بەڵێن بۆ ژنانی چەساوەی دەستی پیاوسالاری دووپات دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، ئاستی تێکۆشانی ئازادی ژنان لە ڕۆژئاوا بەرزدەکەینەوە بەرەو شەنگال و ئەفغانستان.

ئێمە دەزانین سەرەڕای جیاوازی کات و شوێن، بەڵام بە زیهنیەتی پیاوسالاری جڤاکێکی مەزن دژی ژنان پێکدێت. لە کەسێتی ژندا، دەیانەوێت ژیانێکی خاڵی لە شکۆ و چاند و ئەخلاق بەسەر جڤاک و مرۆڤایەتیدا بسەپێنن. ئەو زیهنیەتەی لە شەنگال و ئەفغانستان قڕکردنی ئەنجامدا، ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک کاردەکات. لە هەرێمەکانمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوڕێیانمان لە هێزە چەکدارەکان کە چەندین ساڵ ڕووبەڕووی داعش بوونەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەکرێنە ئامانج، هەروەها ئەو ژنە عەرەبانەی هاتنە ڕیزی تێکۆشان و شۆڕشی ڕۆژئاوا بە نوێنەرایەتی ژنانی عەرەب، ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە لەسەر دەستی داعش و دەوڵەتی تورک. لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی تورک، وەک عەفرین و گرێ‌سپی و سەرێکانی، ڕۆژانە ژنان ڕووبەڕووی ڕفاندن و دەستدرێژی و کوشتن دەبنەوە. ناگیهان ئاکارسال لە سلێمانی تیرۆرکرا، ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکرا، پێشەنگی تەڤگەری ئازادی ژنان، ئەڤین گۆیی لە ئەوروپا کرایە ئامانج، چالاکوانی ژنان مورسیل نەبیزادە لە ئەفغانستان تیرۆرکرا، هەمووی بە هەمان زیهنیەتی پیاوسالاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

ئەم کۆمەڵکوژییانە ژدی ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان ڕوودەدەن، بەپێی ئەو زیهنیەتە پیاوسالارییەی لەلایەن زلهێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە پێشدەخرێت، تۆڵە لە ژنانی سەرهەڵدەر و ڕۆشنبیر و ڕێکخراو دەکرێتەوە. بەم هۆیەوە، تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی ئەم زیهنیەتە وێرانکەرە خۆپاراستن و ڕێکخستنی هاوبەشی هەموو ژنانی جیهانە، تاکە ڕێگەش بۆ ڕزگاربوون لە کارەساتی قڕکردنی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ئازادییە.

لەسەر ئەم بناغەیە، ئێمە وەک یەپەژە، بەشدارین هەڵمەتەکەی کەجەکە و دەڵێین: "ئێمە پشتیوانی ژنانی ئەفغانی و شەنگالی دەکەین دژی جڤاکی پیاوسالار". ئێمە وەک یەپەژە، بەگوێرەی هزر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەدەوری ئازادی ژن خۆمان ڕێکخستووە و هێزی پاراستنمان پەرەپێدا، ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی دەربازبوونی لە کۆیلایەتی پیشانداین، دەنگی خۆمان گەیاندە هەموو ژنانی جیهان بە بەشداری ژنانی عەرەبی و ئاشوری و تورکمانی و ئەنتەرناسیۆنالەکان، ئەمڕۆش سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک دەپارێزین.

بۆیە، وەک چۆن ئێمە وەک یەپەژە هاوشان لەگەڵ گەریلاکانی یەژاستار، ژنانی ئێزدیمان لە دڕندایەتی داعش پاراست. ئەمڕۆش لەسەر ئەم بناغەیە ژنانی شەنگال هێزی پاراستنی خۆیان پێکهێناوە لەژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال، ئەم هەڵوێست و تێکۆشانە هاوبەشەمان سنوورێک دادەنێت بۆ سیستەمی پیاوسالاری.

بەرامبەر ئەو جڤاکەی لە شەنگال لەسەر دەستی چەتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری داعش پێکهات، هەروەها لە ئەفغانستان لەسەر دەستی تاڵیبان خەریکە پێکدێت، ئێمە وەک شەڕڤان و فەرماندەکانی یەپەژە دووبارە دەڵێین، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ژنانی ئێزدی و ئەفغانی دەبین.  

لەسەر ئەم بناغەیە وەک یەپەژە، هەنگاوی بەرجەستە دەنێین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ژنان.

_ دژی زیهنیەتی پیاوسالاری، سیستەمێک پەرە پێ دەدەین بۆ پاراستنی جەوهەری، بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن و پاراستنی ڕەوا.

_ وەک چۆن ئەزموونی شەڕ و خۆپارستنمان لەگەڵ ژنانی شەنگال هاوبەش کرد، ئامادەین لەگەڵ ژنانی شەنگالیش هاوبەشی بکەین.

_ وەک یەپەژە، ئامادەین بۆ وەفاداری بەرامبەر ئەرکە مێژووییەکانمان لەپێناو بونیادنانی سیستەمێکی جیهانی پارێزەری ژنان.

ئێمە دەزانین تێکۆشانی ڕەوای ژنانی شەنگال و ئەفغانستان تێکۆشانی ئێمەشە، هەرگیز پاشەکشە ناکەین و دوژمنانی ژن و ژیان دەبەزێنین. سەرەڕای فشار و جڤاک و قڕکردن و دەستدرێژی. لەم پێناوەدا، لە هەر کوێ بین، وەک ژنان هێز لە یەکتری وەردەگرین، لە کەسێتی مورسیل نەبیزادە لە ئەفغانستان و ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بێریڤان ئێزدی لە شەنگال، تۆڵەی هەموو ژنان دەکەینەوە و پاشەڕۆژێکی ئازاد بۆ ژنان و مرۆڤایەتی پێشدەخەین".