ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، بەدواداچونێکی بۆ پرسی ژنان کردووە لە سەر ئاستی جیهان بە گشتی و دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنی کورد بە تایبەتی، لەوبارەشەوە نامیلکەیەکی بە ناونیشانی 'بەدواداچوونێک بۆ پرسی ژنان' لە ١١ لاپەڕەدا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کردووە، بەرەو زیادکردنی کاری هاوبەش هەنگاو بنێن، ئەوەش لە پێناو درووستکردنی فشار بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی نادادپەروەری بەرامبەر بە ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان.
لە نامیلکەکەی ڕژاکدا هەروەها تیشک خراوەتەسەر هەموو ئەو جۆرە نادادپەروەریی و ستەمکارییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، کە چۆن دەچەوسێنرێنەوە، دەکوژرێن و مافەکانیان زەوت دەکرێت.
ڕژاک هۆکاری هەموو ئەو ستەم، چەوساندنەوە و زەوتکردنی مافەکانی ژنانی، بە سەردەستی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاریی، هەروەها چەسپاندنی هەژموونی سستمی سەرمایەداریی به سەر زۆربەی وڵاتانی جیهان به تایبەتی ئەو وڵاتانەی لە ژێر كاریگەری شەڕ و هەژاری و داتەپینی باری ئابوورییەوه دەناڵێنن گرێداوە و جەختیکردووەتەوە، ژنان قوربانی یەكەم و سەرەكین و بەهۆیەوه چەندین كێشەی قووڵ و جەوهەری بۆ ژنان درووست بووە.
ڕژاک ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرباریی هەموو ئاستەنگییەكان، ژنان لەسەردەمی ئیستادا تا ئاستێک توانیویانه بەری ڕەنج و تێكۆشانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانیان بچننەوه و خۆیان لە ژێر چنگی دەسەڵاتی پیاوسالاریی ڕزگار بکەن و ببنه سمبولی تێكۆشان و ئازادیی.
هاوکات لە نامیلکەکەی ڕژاکدا، بە کورتی باس لە تێکۆشان و خەباتی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان کراوە و ئاماژە بەو دەستکەوت و بەرهەمانەش دراوە، کە لە سایەی ئەو تێکۆشانە درێژخایەنە بەدەستهاتوون.
بۆ دابەزاندنی نامیلکەکە کلیک لێرە بکە