ڕژاک: قومارکردن بە ژن و خێزانەوە، قومارکردنە بە خاک و نیشتمان

ڕژاک لەبارەی مەترسیەکانی بڵاو بوونەوەی دیاردەی قومارکردن بۆ سەر کۆمەڵگە ھۆشداری دەدات و داوا لە سەرجەم لایەن و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن و هەڵوێست وەربگرن. دەشڵێت: قومارکردن بە ژن و خێزانەوە، قومارکردنە بە خاک و نیشتمان.

دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی پارێزەرێک بەناوی” هێرۆ عەتار”، کە باسی لە زۆربوونی حاڵەتەکانی قومارکردن بە ژن و خێزان کردبوو، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (ڕژاک) لە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییە گەورەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕژاکدا ھاتووە، کەسانێک بتوانن خێزانی خۆیان بفرۆشن و قوماری پێوە بکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئامادەن بست بە بستی ئەم خاکە و تەواوی کۆمەڵگەش بفرۆشن.

ڕژاک داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و توێژەکانی کۆمەڵگا کردووە، بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن و ڕێگەچارەی جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە بگرنەبەر.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی  ڕژاک بەمشێوەیەیە:

لە کاتێکدا ئەم هەرێمە لە مەترسییەکی گەورەی سیاسی و ئابووریی دایە، بەداخەوە بۆئەوەی خەڵک بێ ئاگابێت لەو مەترسییانە بە کاری جۆربەجۆر سەرقاڵ دەکرێن، ئەوەش مەترسییەکی تری گەورەیە بۆسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، کە تێکدان و بەلاڕێدابردنی تاک و کۆمەڵگە و خێزانە، ئەوەش قومارکردنە بە خێزانەوە.

کاتێکیش کۆمەڵگە و خێزان و تاک، دوور خرانەوە لە بەها ئەخلاقیەکان ئیتر بە ئاسانی دەستەمۆ دەکرێن و دەکەونە واری ڕادەست بوون بەو ئامانجانەی، کە داگیرکاران بۆ ئەم هەرێمە هەیانە.

لەهەموو دۆخ و بارێکیشدا ژن قوربانیی سەرەکی و یەکەمینە، داگیرکاران بیانەوێت هەر خاکێک داگیربکەن سەرەتا ژن داگیردەکەن، کەلتوور و هونەر و ئەخلاق تێک دەدەن، لەم هەرێمەشدا ئەو ڕێگایانە بە ئاشکرا بەکاردێنن بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان.

ئێستا ماددەی هۆشبەر و یانەکانی کڕین و فرۆشتنی جەستەی ژن بە ئاشکرا و لەبەر چاوی کۆمەڵگە و خێزان دەکرێنەوە و ڕۆژانە ژنان لە دەرەوەی هەرێم و ناوەوە بازرگانیان پێوە دەکرێت.

بەوەشەوە نەوەستاون و قێزەونترین کاری تر بووەتە کاری سەرەکی ئەوانەی، کە دوورن لە بەها ئەخلاقیی وسیاسییەکان، ئەویش گۆڕینەوەی ژن و کچ و کوڕەکانیانە و لەقومارخانەکان قوماریان پێوەدەکرێت، ئەوەش دوورە لە بەها ئەخلاقی و ئاینییەکان و کەلتووری کۆمەڵگەی کوردی.

گۆڕینەوەی ژنان لەکاتی دۆڕان و قومارکردن دا، تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر کۆمەڵگە و هەموو ژنان، ئەگەر بتوانن خێزانی خۆیان بفرۆشن و قوماری پێوە بکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئامادەن بست بە بستی ئەم خاکە و تەواوی کۆمەڵگەش بفرۆشن.

ئەو بازرگانییەی بە کچان و ژنانی کورد کرا لەماوەی ڕابردوو لە هێرشە داگیرکاریەکان و بە درێژایی مێژووی کورد و ئەو قومارکردنەی بە خێزانەوە کراوە و دەکرێت لەم کاتەدا هەمان ئەقڵییەتە.

لەبری بەرگری کردن لە خاک و نیشتیمان و کارکردن دژی ئەو مەترسیانەی لەسەر کەلتوور و هونەری کوردی هەیە، لەبری ئەوەی کاربکرێت دژی ئەو مەترسیانەی لەسەر ژینگە هەیە، لەبری ئەوەی کاربکرێت لەسەر چارەسەرێک بۆ برسێتی خەڵک و پێش خستنی هزر، زانست، هۆشیاری کۆمەڵگە، دێن و بازرگانی و قومار بە خێزانەوە دەکەن.

لەبری ئەوەی شوێنی هۆشیاری و پەروەردەکردن درووست بکرێت، قومارخانە و یانەی کڕین و فرۆشتنی ژنان دەکەنەوە، ئەو مەترسیانەی کە لەسەر ئەم هەرێمە هەیە نابینن و مێشێک میوانیان نیە، دێن و بازرگانی و قومار بە هەمووشتێکەوە دەکەن.

گەنجی ئەم هەرێمە لەبەر بێکاری و نەبوونی ژیانێکی شایستە کۆچ دەکەن و ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، ئالودەی ماددەی هۆشبەر دەکرێن وەکو سیاسەتێکی قێزەون تا نەبنە داینەمۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا.

هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتی و یاری کردنەی بە بەهاکان دەکرێن، دەسەڵات بۆ خۆیەتی، چوونکە بە ئازادی هەر کەس دەتوانێ قومارخانە و شوێنی بازرگانی کردن بە ژنەوە بکاتەوە و پەرەی پێبدات، لەکاتێکدا گەنج و ژن بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەن، بەڵام هەردووک لەم هەرێمەدا بوونەتە قوربانی ئەو ئەقڵیەتەی، کە تەنها بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵات و بنەماڵە هەوڵ دەدەن.

هەر بۆیە پێویستە یاسا و لایەنی پەیوەندیدار کاری خۆیان بکەن و بەئەرکی خۆیان هەستن، لێپرسینەوەی جدی لەو دۆخە بکەن، هاوکات تەواوی کۆمەڵگە بەرپرسیارن بۆ هەڵوێست وەرگرتن.

داوا لەڕێکخراوەکانی ژنان، هەموو ژنانی ناو حیزب و لایەنەسیاسیەکان، دادگاکان، وەزارەتی کاروبارکۆمەڵایەتی، ڕوشنبیران و هونەرمەندان، مامۆستایان و تاک بەتاکی گۆمەڵگە دەکەین، بەهەموو شێوازێک هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر ئەوکارە نەشیاوانە و هەموو پێکەوە کار و هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی دەست پێ بکەین و چالاکی جۆربەجۆر ئەنجام بدەین و ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن ڕووبەڕووی یاسا و سزا بکرێنەوە.

هەڵوەشانەوەی خێزان و دوورکەوتنەوە لە بەها ئەخلاقیەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی نیشتمان.

ئەم لێدوانەمان بۆ هەموو کاتێک پێویستە و ئێستاش، کە ئەوکەیسەی باس لەقومارکردن دەکات بە خێزانەوە پێویستی بەم لێدوانە هەبوو، کە لەم ڕۆژانەدا خاتوونێکی پارێزەر باسی کەیسەکەی کردو کۆتایی نایەت و پێویستی بەکار و هەڵوێستی جدییە.

داوا لە گەلەکەمان دەکەین هەموو پێکەوە بەرامبەر ئەو کارە بووەستینەوە بۆ پاراستنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، چوونکە ئەو کارانە جێگای قبوڵ کردن نین.

ڕێکخراوای ژنانی ئازادی کوردستان

٦ـی ئەیلولی ٢٠٢٣

ژ.ن