ژنانی باشووری کوردستان: ئەو تیرۆرستانەی شەهید فریالیان تیرۆر کرد سزا بدرێن

ژنانی باشوری کوردستان داوایان لە ژنان کرد کە بە یەکڕیزیی لە دژی ئەو کردەوانە بوەستنەوە و لایەنە پەیوەندییدارەکان بە زووترین کات بکەری کردەوە تیرۆریستیەکە دەستگیربکەن و سزای بدەن.

ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی دوای ئەنجامدانی دیبەیتی عەفرین، بەشێک لە ڕێکخراو و ژنانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لەبارەی دەستگیرکردن و بەسزا گەیاندنی بکەری تیرۆرکردنی شەهید فریال سلێمان ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، هەمرین ئیدریس، لەسەر ناوی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "وەکو رێکخستنی ژنانی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە شەرمەزار دەکەین کە  ژنە چالاکوانێکی سیاسیی  دەکەنە ئامانج، وەک  دەزانرێت شەهید فریال ژنێکی شۆڕشگێڕی پێشەنگ بوو و لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ کاری ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی باشووری کردبوو، بە مەبەستی خەباتی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان  لە باشوور سەردان و دیداری ڕێکدەخست، بەڵام لە ناوەندی کەرکوکدا لە لایەن دەستێکی ڕەشی تیرۆرەوە شەهید کرا".

باسی لەوەشکرد، بە ناوی کۆنگرەی ستارەوە، داوادەکەین کە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات بکووژی ئەم  ژنە شۆڕشگێڕە  سزابدرێت و ڕادەستی  دادپەروەریی بکرێت، ئـێمە دەنگی خۆمان دەگەیەنیین بە هەموو ڕێکخستن و ڕێکخراوی ژنان لە هەموو کوردستان و عێراق، هیوادارین خاوەن هەڵوێست بن و مافی ژنانی ژێردەست و ژن بپارێزن، چونکە ئێمەی ژن لە بەرامبەری  توندوتیژیی شەڕ دەکەین.

هەروەها سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: "بەناوی تەواوی ژنانی باشووری کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خۆمان و خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و ئازادییخوازان دەکەین، ئەو کردەوەیە تیرۆرێکی سیاسیی و کوردبوون بوو، دوژمن پێی وتین ئێوە چەند تێکۆشان بکەن ئێمە بە تیرۆرکردن وەڵامتان دەدەینەوە، بۆیە داوا لە تەواوی گەلی باشوور دەکەین هەڵویستیان هەبێت و ڕێگریی بکەن لە تیرۆرکردنی ژنان و ئازادییخوازان".

وتیشی: "ئەو سیستەمەی ئێستا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت لە ژنی ئازاد و پیشەنگی ژنان دەترسێت، بۆیە دەیانکاتە ئامانج و تیرۆریان دەکات، ژنێکیان دەوێت کە وەک بووکەڵە بەدەستی دەسەڵاتەوە بێت، ئێمە ئەو تیرۆرانە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بە تیرۆرکردنی هەڤاڵ زەلال ویستی پلانە شکستخواردووەکانی بشارێتەوە و ڕێگریی بکات لەو دەستکەوتە میژووییانەی ژنان بەدەستییان هێناوە."
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، شەیدا مەعرووف، لەسەر ناوی دەستپێشخەریی ژنان کوردستان دەپارێزن وتی: "دیارەی کوشتنی ژنان بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، داوا لە هەموو ژنان دەکەین یەکڕیز و یەکچەتر بن، بۆ ئەوەی ڕێگربین لە تیرۆرکردن و کوشتنی ژنان بە هەر بیانوویەک بێت، ئەو ژنانەی کە تیرۆر دەکرێن هەڵبەت دەسەڵاتەکان لێیان دەترسن."