ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ئامەد کۆبوونەوە، ئەوەش پێش کۆنگرە فراوانەکەیان لە ئەنقەرە لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ژنان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بوژاندنەوە، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی لقی ١ ی سەندیکای کارمەندانی پەروەردە بەسترا، لەوێدا پانکارتی "بە سەرهەڵدان و ڕێکخستن ئازادی دەپارێزین" هەڵواسرا. کۆبوونەوەکە بە درووشمی "بە سەرهەڵدان خۆمان ڕێکدەخەین، ئازادیمان دەپارێزین" بەسترا، بە بەشداری چالاکوانانی تەژەئا، دایکانی ئاشتی، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئامەد گوڵستان ئاتاسۆی، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد پینار ساکیک تەکین، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد عەدالەت کایا و سێڤلای چەلەنک و جیلان ئەکچا، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا و ژمارەیەک ژنی تر. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەستی پێ کرد.
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد پینار ساکیک تەکین، گوتی: "سیاسەتی گۆشەگیری ڕەها لە ئیمراڵی دەستی پێ کرد و لە هەموو جڤاک بڵاوبوو، بە دڕندانەترین شێوە بەردەوامە، دەتوانین بڵێین گۆشەگیری بۆتە سیستەم، بەبێ هەڵوەشانەوەی سیاسەتی گۆشەگیری، توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان، هەژاری و بێکاری و ڕەنجخۆری زیاتر قووڵ دەبێتەوە. دەبێتە بگەینە نەخشەڕێگایەکی کۆنکرێتی بۆ تێکۆشانێکی مەزنتر دژی سیاسەتی گۆشەگیری دەسەڵاتی پیاوسالاری ئاکەپە_مەهەپە بەرامبەر کورد، تاوەکو بە هەڵوەشانەوەی گۆشەگیری ژیانمان ئازاد بکەین".
هەروەها تەکین لە درێژەدا گوتی: "هیچ چارەیەکمان نییە بێجگە لە تێکۆشان، بە فراوانکردنی ڕێکخستنەکانی ژنان خۆمان دەپارێزین، ئێمە ژن پێکەوە ژیانی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان بونیاد دەنێین".
پاش وتەکان، ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن و گفتوگۆی پرۆژەکان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوە بە هەڵبژاردنی نوێنەرەکان کۆتایی هات.