ژنانی ئامەد هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا و فەلەستینیان شەرمەزار کرد

تۆڕی تێکۆشان لە دژە توندوتیژی، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا و فەلەستین لە بەردەم دادگای ئامەد چالاکییەکیان ئەنجامدا.

ئەو ژنانەی لەسەر بانگەوازی تۆڕی تێکۆشان دژی توندوتیژیی لە ئامەد کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر ھێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و فەلەستین ڕابکێشن، لە بەردەم دادگای ئامەد خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ھێزەکانی پۆلیس داوایان لە ژنە چالاکوانان کرد، وشەی "ڕۆژئاوا" لەسەر لافیتەکانیان لاببەن. لەبارەوە نزیکەی ٤٠ گفتوگۆ کرا، بەڵام چالاکوانان کۆڵیان نەدا.

پاشان ئەسمەر ئۆزەر، سەرۆکی ناوەندی مافی ژنانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد کاردانەوەی نیشاندا و وتی: بۆچی پۆلیس ڕێگرییان لێدەکەن، جەختیشیکردەوە، "ئێمەی ژنان شەڕمان ناوێت. بڕیار بوو ئەمڕۆ لێرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام بدەین، بەڵام ڕێگەمان پێنەدرا، چونکە لەسەر لافیتەکە وشەی 'ڕۆژئاوا' نووسراوە".

ئەو ژنە چالاکوانانە هەم هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و هەمیش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین-یان ئیدانە کرد، ھەروەھا وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو پۆلیسانەی ڕێگرییان لێکردن، چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "بەربەست بۆ ئیسرائیل دابنێن نەک بۆ ژنان"، "ژنان شەڕیان ناوێت" و "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە.

ھێزەکانی پۆلیس ڕێگەیان بە ژنە چالاکوانان نەدا کۆنگرەی رۆژنامەنووسی ببەستن، بەڵام ھیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەو کەسانە نیشان نەدا کە لە پێناو فەلەستین ڕێپێوانیان کرد.