ژنانی زیندانی لە دژی سزای لە سێدارەدان دەستیان بە مانگرتن کرد

لە زیندانی ئێڤینی تاران ٦١ ژنی زیندانی بەمەبەستی شەرمەزارکردنی لە سێدارەدانی محەمەد قوبادلو و فەرهاد سەلیمی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. بۆ پشتیوانی لەو ژنانە زەینەب جەلالیانیش مانی لە خواردن گرت.

٢٣ی کانونی دووەم دوو زیندانی بە ناوەکانی محەمەد قوبادلو و فەرهاد سەلیمی لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارەدران.

لە دژی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو دوو زیندانیە سیاسیە، ٦١ ژنی زیندانی لە زیندانی ئێڤین لە رێگەی تەلەفونەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردەوە کە ئەوان لە ٢٥ی کانونی دووەمەوە دەست بە مانگرتن دەکەن.

دوای راگەیاندنی ئەو بڕیارەی ژنانی زیندانی، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و سیاسەتمەداران پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو چالاکیە دەربڕی.

زەینەب جەلالیانیش مانی لە خواردن گرتووە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان کە لە زیندانی یەزد زیندانییە، بە مەبەستی پشتیوانی لەو ٦١ ژنەی بۆ شەرمەزارکردنی سزای لە سێدارەدان مانیان لە خواردن گرتووە، دەستی بە مانگرتن کردووە.

خزمێکی زەینەب جەلالیان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە، "زەینەب جەلالیان کە لە زیندانی یەزد زیندانی کراوە و لە ژێر گۆشەگیری تونددایە و رێگری لە دیدار و پەیوەندییە تەلەفونیەکانی دەکرێن، سەرباری هەموو ئەوانە زانیومانە بۆ پشتیوانی لە ژنانی مانگرتووی زیندانی ئێڤین و لە دژی سزای لە سێدارەدان دەستی بە مانگرتن کردووە".

هـ . ب