ژنانیش راوچیی ئازا و بەهێز بوون

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە باشووری ئەمریکا، ژنان لە پێش مێژوودا راوچیی ئازا و بەهێزبوون و شانبەشانی پیاوان راوچێتی و نێچیرڤانیان کردووە، بەڵام دواتر لە پێناو بەخێوکردنی منداڵدا لە راوچێتی دوورخراونەتەوە.

پسپۆڕانی زانکۆی کالیفۆرنیا – داڤیس لێکۆڵینەوەیەکیان لە گۆڤاری پێشکەوتنە زانستییەکاندا (science Advances) بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ارپۆرتەکە لێکۆڵینەوە لە ئێسک و پروسکی ٢٧ مرۆڤی ٤ هەزار ساڵ لەوە پێش لە چیای ئاند کراوە، کە کەسی ١٧ ساڵەشیان لە ناودا بووە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا باسی ئەوەکراوە، ئەو ٢٧ کەسە زۆربەیان بە چەکی راوچێتییەوە بە خاکسپێردراون و ١١ کەسیشیان ژن بوون.

نزیکەى نیوەى راوچێیەکان ژن بوون

پێشتر وا دەزانرا، کە پێش مێژوو تەنها یان بە زۆری پیاوان راوچێتیان کردووە، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوەیە روونی دەکاتەوە، کە نەک تەنها پیاوان، بەڵکو ژنانیش راوچی بوون.

وەک لەو لێکۆڵینەوەیەدا خراوەتەڕوو، لە کۆمەڵگەی دانیشتوانی چیای ئاند دا سەدا ٣٠ بۆ سەدای ٥٠ی راوچییەکان ژن بوون.

یەکێک لە ئێسک و پروسکەکان مرۆڤێکی تەمەن ١٧ بۆ ١٩ ساڵە و ئەوە روون بووەتەوە، کە ئێسک و پروسکی ژنێکە و کەلوپەلەکانی راوچێتیی ئەو سەردەمە، کە پێکهاتوون لە چەقۆ و بەردی تیژ و بۆ پارچەکردنی گۆشت بەکارهاتوون لە ناو تورەکەیدا لەگەڵیدا بەخاکسپێردراون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە راوچیبوونی ژنان لە ئەنجامی تەنها ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بە دەستنەهاتووە، بەڵکو لە سەرتاسەری ئەو کیشوەرەدا و لە ١٠٧ شوێنی جیاجیادا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ٤٢٩ ئێسک و پروسک ئەوە روون بووەتەوە، کە دواترین لێکۆڵینەوە لە سەر ئێسک و پروسکی ٢٧ مرۆڤی راوچی و نێچیرڤانان بووە، کە کەلوپەلی راوچێتیان لەگەڵدا خراوەتە ناو گۆڕەکانیانەوە و لەوانەش  ١١ کەسیان ژن بوون.

بۆ ژنان لە راوچێتی دوور خرانەوە؟

مرۆڤناسەکان (ئانترۆپۆلۆگەکان) لە هەوڵی تێگەیشتن ئەوەدان، کە بۆ لە کۆمەڵگەى راوچێتیدا ژنان لە راو دوورخراونەتەوە. بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە، کە لەلایەن رانداڵ هاس-ەوە ئەنجامدراوە، ئەو کەرەستانە کە لە باشووری ئەمریکا لەلایەن راوچییەکانەوە بۆ راوکردن بەکارهێنراون، بەپێی سەردەمی دوای هەزاران ساڵ لە خۆیان، ئامێر و کەرەستەى سادە و ئاسان بوون و منداڵە کوڕەکان بە بەراورد بە منداڵە کچەکان زووتر فێری بەکارهێنان و پەلاماردان و هێرشکردن بەو ئامێر و کەرەستانە دەبوون.

بۆیە لەو چوارچێوەیەدا مەزەندە دەکرێت، منداڵە کچەکان پێش ئەوەى فێری راهێنان و بەکارهێنانی چەک بکرانایە بۆ راوچێتی بەپێی رەگەزەکەیان راهێنانی بەخێوکردنی منداڵ و گەورەکردنی منداڵیان پێکردوون، یان کاتێک ژنێکی راوچی منداڵێکی بووە وەک دایکێک خۆی تەرخانکردووە بۆ بەخێوکردن و پاراستن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکەی و لەبەر ئەو هۆکارانەش لە راوچێتی دوورخراونەتەوە.

ژ.ت