ڕۆژین موکریانی: یەکێتی و بەرخۆدانی ژنان هێشتا بەهێز نەکراوە

د. ڕۆژین موکریانی ئاماژەی بەوە کرد ئەندامانی بەرخۆدانی "ژن، ژیان، ئازادی" هێشتا پەیوەندییەکانیان بەهێز نەکردووە و گوتی: "ئەگەر لەپێناو چارەسەردا لە ئاستی نەتەوەی ئازاددا یەکێتی هەبێت، ئەوا هۆکاری هەموو کێشە هەنوکەییەکان، واتە دەوڵەت-نەتەوە چارەسەر دەبێت".

کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ستۆکهۆڵم بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ئازادی ژنانی کوردستان (کژار) بەردەوامە.  

لە دانیشتنی ئەمڕۆ د. نەدا هۆشەنگ ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی ئێران سرووشت و شارەکانی ئێران و کوردستان وێران دەکات، ژیانی ملیۆنان مرۆڤ تادێت خراپتر دەبێت. بێگومان کاریگەری تێکدانی سرووشت زیاتر لەسەر ژنان بووە. بۆیە ژنان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخۆدان بوون. بۆیە چەمکی "ئیکۆفیمینیزم" بۆتە ڕۆژەڤی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم تێگەیشتنەش پاش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەهێزتر بووە.

پاشان د. ڕۆژین موکریانی دەربارەی داگیرکاری و نەتەوەپەرستی دوا.

موکریانی ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک باس لە بەرخۆدانی ژنان دەکرێت، پێویستە وتوێژ دەربارەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە بکرێت کە خۆی لەسەر قەیران و هێرش و داگیرکاری و تێکدانی سرووشت دامەزراندووە. دووپاتی کردەوە، کێشە هەنوکەییەکان لە جوگرافیای ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە-پیاوسالاری و سەرمایەداری بوونەتە هۆی قڕکردنی نەتەوەیی و توندوتیژی ڕەگەزی و وێرانکاری و ڕەنجخۆری و تێکدانی ژینگە.

د. ڕۆژین موکریانی ئاماژەی بەوە کرد، سەروەختی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەمووان باسی یەکێتی و بەرخۆدانی ژنانیان کرد، بەڵام لایەنەکانی ئەم بەرخۆدانە نەیانتوانی بەباشی پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن. چونکە پرسی نەتەوەیی وتوێژی لەسەر ناکرێت. قەت باسی پرسی کوردستان و بەلوجستان نەکراوە، گوتی: "کژار لە ڕاگەیاندراوەکەی خۆیدا بەڕوونی دووپاتی کردۆتەوە، تەڤگەری ئازادی بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی خاوەنی ئەرک و پارادایمێکی ڕاست و گەشەسەندووە، کە پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەگەر لەپێناو چارەسەردا لەسەر بناغەی نەتەوەی ئازاد یەکبگرین، ئەوکات سەرچاوەی هەموو کێشە هەنوکەییەکان لەناودەچێت، کە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە".