ژینا ئەمینی و 'ژن، ژیان، ئازادی' بە شایانی خەڵاتی ساخارۆڤ دەست نیشان کرا

ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ئازادی بیرکردنەوەی ساخارۆڤی بەخشییە کچە کوردی گیانبەختکراو ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژنانی 'ژن، ژیان، ئازادی'.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆبەرتا مەتسۆلا، ڕایگەیاند، "ژینا مەهسا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەهۆی ئەوەی سەری دانەپۆشیوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، دوای سێ ڕۆژ بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا، ئەمە بووە سەردەمێکی یەکلاکەرەوە".

مەتسۆلا وتی، "ئەم ڕووداوە بزووتنەوەیەکی بەپێشەنگایەتی ژنانی دەستپێکرد کە شوێنی خۆی لە مێژوودا گرتەوە. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ئێراندا گۆڕدرا بۆ دروشمێک کە هەر کەسێ خوازیاری یەکسانی، کەرامەت و ئازادین لە دەوری کۆببنەوە."

ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە تاران لەلایەن پۆلیسی  ئیرشادەوە کوژرا و ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سەرانسەری.

خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی فیکری لە ساڵی ١٩٨٨ەوە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دەبەخشرێت و خەڵاتێکی باناوبانگە.