لە ستۆکهۆلم رێپێوان بۆ گۆڕانکاری و ئازادی بەڕێوەچوو

ژنانى کورد و دۆستانیان لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختى سوید لە دژی عەقڵییەتى قڕکەر، توندوتیژی و گوشارەکانى سەر ژنان، بۆ گۆڕین و ئازادی رێپێوانیان ئەنجامدا.

بزووتنەوەى ژنانى ئازاد (تەژەئا - TJA) لە چوارچێوەى هەڵمەتى "بۆ گۆڕانکاری و ئازادی تۆش راپەڕە" لە گۆڕەپانی ماریاتۆرگێت لە شاری ستۆکهۆلمی سوید چالاکییەکیان رێکخست.

ژنان پۆستەر و لافیتەى مۆر و وێنەکانى ٣ ژنی شۆڕشگێڕ ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە تیرۆرکرابوون و ئاڵاکانى تەژەئا-یان بەرزکردبووە.

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی و رێزگرتن و دواى ئەوە بە دروشمی "شەهیدان نامرن" دەستیپێکرد.

عایشە گۆکتەپە لە ئەنجوومەنى ژنانی ئامارا بە ناوی رێکخراوەکانەوە بەشداری چالاکییەکە بوو و راگەیاندراوێکى هاوبەشی خوێندەوە.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە "شۆڕشی رۆژئاوا لە دژی توندوتیژیی سیستمی پیاو، مۆری خۆی لە تێکۆشان و رێکخستنی ژنان لە هەموو ئاست و جومگەکانى کۆمەڵگەدا داوە".

داوا لە رای گشتیى سوید کرا، کە دەبێت لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک پشتیوانى لە رۆژئاوا بکەن، کە سیستمی ئازادیخواز و یەکسانە بۆ ژنان و پێکهاتە جیاوازەکان و باوەڕییەکان.

دواى پێشکەشکردنى وتەکان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە. هەموو رێپێوەران پێکەوە سرودی "چاڤ بێلا - Çav bela "یان وتەوە.

ژ.ت