'١٥ی ئاب لە هەمان کاتدا دژی هێڵی نۆکەرایەتی بوو'
فازڵ شەڤگەر، یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە: " هەنگاوی ١٥ی ئاب (تەباخ) سەرەڕای ئەوەی دژی دوژمن بوو، لەهەمان کاتدا دژی هاوکارانی دوژمن بوو کە گوشار و هەژارییان بەسەر گەلی کورددا سەپاندبوو."
فازڵ شەڤگەر، یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە: " هەنگاوی ١٥ی ئاب (تەباخ) سەرەڕای ئەوەی دژی دوژمن بوو، لەهەمان کاتدا دژی هاوکارانی دوژمن بوو کە گوشار و هەژارییان بەسەر گەلی کورددا سەپاندبوو."
فازڵ شەڤگەر، یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە ڕایگەیاند، هیوای ژیانێکی ئازاد بە هەنگاوی 15ی ئاب لەدایک بوو و ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاوی ١٥ی ئاب تەنها سەربازی و چەکداری نەبوو، بەڵکوو ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، کولتووری و ڕێکخستنی بوو.
فازڵ شەڤگەر یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە بە بۆنەی ٤٠ـەمین ساڵیادی هەنگاوی ١٥ی ئاب لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.
پێش ١٥ی ئاب دۆخی کوردستان چۆن بوو؟ لەپێناو چ ڕێبازێکدا قۆناغی خەباتی چەکداری دەستی پێکرد؟
پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، پێش هەموو شتێک ٤٠ـەمین ساڵیادی جەژنی ژیانەوە لە ڕێبەر ئاپۆ، هەموو گەلەکەمان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان پیرۆز دەکەم. لە کەسایەتی فەرماندەی مەزن هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کورکماز)دا، سەرجەم شەهیدانی ١٥ی ئاب بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیر دێنمەوە و سەری ڕێزیان لەبەردەم دادەنوێنم. ئێمە بەڵێنی سەرکەوتنمان دووبارە دەکەینەوە و بە دڵنیاییەوە دەڵێین دوژمنی فاشیست و قڕکەر بێ کاریگەر دەکەین.
بۆ ئەوەی مرۆڤ 15 ی ئاب بناسێ پێویستە بزانین ئەو کاتە لە کوردستاندا چی دەگوزەرا کاتێک سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین دەبینین ئەگەر بە هەر شێوەیەک هەڕەشەی لەناوچوون لەسەر مرۆڤ هەبێت هیچ ڕێگەیەکی تر جیا لە بەرخۆدان بۆ ڕزگار بوون نامێنێتەوە. گەلی کورد بەتایبەتی لەم 100 ساڵەی دواییدا لەدۆخێکی وەهادا بووە لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی پرۆسەی جینۆساید بووەتەوە و هەموو لایەک لەناو ئەم پرۆسەیەدا بوون و سەیری ئەم دۆخەیان دەکرد، هەڵبەت گەلی کورد بەرامبەر بەو هێرشانە هەمیشە لە بەرخۆدانی گەورەدا بووە بەڵام بەهۆی لایەنە نەتەوەیی، فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەوە بەردەوام دوا کەوتووە و نەیتوانیوە خۆی ڕزگات بکات، لەبەر ئەوەی لەنێو گەلی کورددا ڕێبەرێکی ستراتژیک نەبووە. هەرچەندە بەرخۆدانێکی زۆر هەبوو بەڵام بەداخەوە ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد سەرکەوتوو نەبوون. دوای ڕاپەڕینێکی زۆر گەلی کورد بە سەردەمێکدا تێدەپەڕی کە دوژمن دەیگوت گەلی کوردمان لە گۆڕناوە و کۆنکریتمان بەسەردا کردووە، لەو کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە تێکۆشان کرد، گەلی کورد بە هزر و فەلسەفە و ڕێکخستنیەوە گەشەی کرد. مێژووی ونکراوی گەلی کوردی بۆ ناوچەکە و جیهان ئاشکرا کرد. ئەم ڕێکخستنەوە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە دەستی پێکرد، کەس نەیتوانی پێشی لێ بگرێت و گەشەی کرد و دەنگی دایەوە و بوو بە هیوایەکی نوێ لەنێو گەلدا. بڕوابەخۆبوون گەشەی کرد و هەر ڕۆژ گەورەتر و بەهێزتر بوو. بەو هۆیەوە دوژمن لەبەرامبەر خۆی مەترسییەکی گەورەی بینی. بۆ ئەوەی لە پلانە کۆمەڵکوژییەکاندا سەرکەوتوو بێت، هەوڵی ڕێگری لە بزووتنەوەی ئازادی کرد. دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو شێوازە گڵاوەکانی دژ بە گەلی کورد و بزووتنەوەی ئاپۆیی بەکارهێنا. لەسەر ئەو بنەمایە هێزەکانی ناتۆ دەستوەردانیان کرد و کودتای فاشیستی ١٢ی ئەیلول ڕوویدا. بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمە تەنها یەک ڕێگا هەبوو و ئەویش شەڕی چەکداری بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە نزیکەوە هەستی پێ کردبوو.
لە ساڵیادی ١٥ی ئاب نزیک دەبینەوە. چی بووە هۆی ئەوەی کە ئەم هەنگاوە وا مانادار بێت و بناغەی گۆڕانکاری گەورەی لێ بکەوێتەوە؟
کاتێک کودتای فاشیست لە ١٢ی ئەیلولدا ڕوویدا، ڕێبەر ئاپۆ بە پێشبێنییە گەورەکەیەوە، بە خێرایی هەستی بەم دەستێوەردانانە کرد و بۆ پووچەڵ کردنەوەی ڕووی کردە دەرەوەی وڵات. لەوێ تێکۆشان بەردەوام بوو. بەڵام دیسان هەوری ڕەش ئاسمانی کوردستانی گرتبوو، جارێکی تر پلانی گڵاو و پیلانی گەورە لە ئارادا بوو. لە هەلومەرجێکی وادا، ئەنجامدانی هەرجۆڕە تێکۆشانێک لە کوردستاندا، وەک ئەوە وابوو بیرێک بە دەرزی هەڵکەنیت. بە ڕوودانی کودتا، زۆرێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادی دەستبەسەر کران. تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە دەرەوەی وڵات و بەرخۆدن لە زیندانەکاندا، پلانی دوژمنی پووچەڵ کردەوە، بزووتنەوە و گەلی کوردی لە چنگی کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد. بە تایبەتی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بە پێشەنگایەتی مەزڵوم، فەرهاد، کەماڵ، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف، عەلی چیچەک دەستی پێکردبوو و گەیشتبووە لوتکە و چۆکی بە دوژمندا هێنا بوو. سەرەڕای ئەوەی لەزیندانەکاندا بە هەموو شێوازێک دژ بە مرۆڤایەتی ئەشکەنجەدانی قورس هەبوو، بەڵام دوژمن نەیتوانی ئیرادە و باوەڕی تێکۆشەرانی ئازادیی لە ناو ببات. ئەشکەنجەیەک لە زیندانی ئامەد ئەنجامدەدرا کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبوو. سەرەڕای ئەوەش کودتای فاشیست نەیتوانی بەرخۆدانی هەڤاڵان بشکێنێت. ئەم بەرخۆدانە لە هەموو شوێنێک لە هەموو بوارێکەووە هیوا و بوێری لە نێو گەلی کورددا خوڵقاند. بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ بزووتنەوەکەمان و گەلی کورد سەرەتای ژیانێکی نوێ بوو.
بەرخۆدانی زیندانەکان لە هەموو لایەکەوە بزووتنەوەی ئازادی بەهێزتر کرد. بەڵام پێویست بوو لە دەرەوەی وڵاتیش دەست بە تێکۆشان بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ زۆر باش دەیزانی ئەگەر ئێمە هێزی پاراستنی خۆمان نەبێت، ناتوانین گەل، بزووتنەوە و مرۆڤایەتی لە بەرامبەر هێرشە قڕکارییەکان بپارێزین. هەموو شێوازێکی گڵاو و چەکێک بۆ لەناوبردنی بزووتنەوە و گەلەکەمان بەکار هێنرا. هەنگاوی ١٥ی ئاب لە کاتێکدا سەری هەڵدا کە هەمووان پێیان وابوو کە پەکەکە لەناوچووە. زۆر کەس پێیان وابوو ئێستا دوژمن بە ئاسانی پرۆسەی جینۆساید لەسەر گەلی کورد دەست پێدەکات. بە گوێرەی ئەوان، دوای شکاندنی پەکەکە، هیچ هێزێک نییە کە بتوانێت لەبەردەم ئەواندا بوەستێتەوە. هێزە هاوکارەکانیان لە یەکەم ڕۆژەوە پشتیوانیان بوون. هێڵی تەسفیەکار خوازیاری ئەوە بوون کە ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکە بخەنە بن کۆنترۆڵەوە. زۆر کەس باوەڕیان نەمابوو. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ و کۆمەڵێک لە هەڤاڵان کە باوەڕیان بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەبوو، بە ئامادەکارییەکی زۆرەوە، لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ لە دهێ و شەمزینان چالاکیان بەڕێوە برد و (هەرەکە)یان ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ عەگید هەنگاوێکی نوێ بوو لە مێژووی گەلەکەماندا. هەرچەندە ئەم چالاکییە لە دژی دوژمن ئەنجامدرا، بەڵام لە بنەڕەتدا مێشکی کوردی خیانەتکاری پارچەپارچەکرد، کە هەزاران ساڵە گەلی کوردیان ناچاری ژێردەستی و هەژاری کردبوو، هەروەها بووە هۆی ئەوە جارێکی دیکە گەل فێری ڕێگای بەرخۆدان ببێتەوە. بڕوابەخۆبوون و یەکگرتوویی بە ژیان و تێکۆشانی ئازاد لەدایک بووەوە. ١٥ی ئاب کوردی ئازادیی لە ژێر کۆنکرێتی گۆڕدا، زیندوو کردەوە. بووە هۆی شکاندنی زنجیری کۆیلایەتی. بۆیە ئەم هەنگاوە تەنها لە ڕوانگەی چەکداری و سەربازییەوە گرنگی و کاریگەری نەبوو، بەڵکو لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، کولتووری و ڕێکخستنەوە گرنگی خۆی هەبوو. سەرەتایەکی نوێی و ژیانێکی نوێی خوڵقاند. واتە دەتوانین بڵێین سەر لەنوێ بوژانەوەی گەلی کوردە.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چۆن ڕووبەڕووی ئەم هەڵمەتی بووەوە و حکومەتی ئەوکات چۆن هەوڵی لەباربردنی کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوەی دا؟
کاتێک هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە دهێ دەستی پێکرد، دوژمنی فاشیست تووشی شۆک بوو. دوای تێپەڕبوونی ئەم شۆکە، ئەمجارەیان وەک سەرهەڵدانی پێشوو مامەڵەی کرد و وتیان لە ٧٢ کاتژمێردا لەناویان دەبەین. بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەکانی پێشوویان، لەماوەیەکی کەمدا بە کۆمەڵکوژیی لەناو بردبوو. ڕێبەر ئاپۆ کەموکوڕییەکانی مێژووی هەڵسەنگاندبوو و دوژمنی باش دەناسی. بۆیە بزووتنەوەی ئاپۆیی سەرەتایەکی جیاواز بوو لە هەموو بزووتنەوەکانی تر. هەڤاڵیەتی لەگەڵ حەقی قەرار و کەماڵ پیر هەموو ئەو بیرۆکە ڕەگەزپەرستیانەی کۆتایی پێ هێنا کە گەلانی دەکردە دوژمنی یەکتر. دوژمن جینۆسایدی کولتووری بەسەر گەلی کورددا ئەنجام دەدا، گەلی کورد بێ بیر و ئایدۆلۆژی بوو و کەسایەتییەکی کۆیلە و داڕماوی بەسەردا سەپێندرا بوو. بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی وەها بتوانێت پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادی بکات، پێویستە سەرەتا کەسایەتیەکی ئازاد بنیات بنرێت. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرۆک ئاپۆ فەلسەفەی کەسایەتی ئازاد بنیات بنێت. بە پەروەردە و تێکۆشانی کەسایەتی لە گۆڕدا دەرهێنا، باڵی پێدا و بۆ ئاسمانی بەرزکردەوە. هەر لە سەرەتاوە هەستی بە کێشەی ژنان کرد، لە بیرۆکەی سۆسیالیزمی پێکهاتەیی نزیک نەبووەوە و هێڵی ئازادی ژنانی بەرەوپێش برد. ڕژێمی فاشیست زۆر لەوە ترسا. بەو بۆنەوە دوژمنی داگیرکەر دەستی بە هێرشی بێ سنوور کرد.
دەوڵەتی تورک بۆ کاریگەری سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد. پەنای بردە بەر شێوازی گڵاو. دیسان شەڕێکی بێ ئەخلاقی لە دژی بزووتنەوەی ئازادی و گەلی کورد هەڵگیرساند. هەزاران کەس دەستگیرکران. ئەو ئەشکەنجانەی کە نازییەکانیش ئەنجامیان نەدابوو ئەوان لە بەرامبەر زیندانیاندا کردیان. بەدەیان هەزار کەس بەدەستی بکوژە نەناسراوەکانی دەوڵەت کوژران. دەیان هەزار گوند سووتێنران. سەدان هەزار کەس کۆچبەر بوون. حکومەتی فاشیست دوو ڕێگای بۆ گەلی کورد هێشتەوە؛ یان بەکرێگیراوی، ملکەچبوون و هاوکاری، یان کوشتن و دەستبەسەر بوون و کۆچکردن. بێگومان کەسانێک دەستگیر بوون و تەسلیم بوون.
بەڵام ئەو یەکڕیزییەی کە بزووتنەوەی ئازادی لە دڵی گەلی کورددا پەرەی پێدا، ڕێگر بوو لەوەی گەلی کورد بێ کاریگەر بکرێت. گەل لەدایک بوو و زیندوو بووەوە. لە گەلێکی مردوو، گەلێکی زیندوو کردەوە کە ڕۆژانە بۆ ئازادی خۆی تێکۆشان دەکات. ئەو ڕۆحەی کە هەڵمەتی ١٥ی ئابی خوڵقاند، پلانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هێزە هەژموونەکانی پووچەڵ کردەوە. لە بەرامبەر ئەو هەموو دواکەوتوویی و هێرشە داگیرکارییانەدا، بە ١٥ی ئاب مێژووی گەلی کورد سەرلەنوێ دەستی پێکردەوە. لە دڵی بۆتان، واتە لە ناوچەی هوری و مێدیادا، جارێکی دیکە سەرهەڵدان دەستی پێکردەوە و جارێکی تر مێژوو داستانی کاوەیان لە دژی ئەژدەهاکیان نووسیەوە. دوژمن بۆ کۆتایی هێنان بە بزووتنەوەکەمان، ٧٢ کاتژمێری کاتی دیاری کردبوو بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بزووتنەوەکەمان گەشەی کرد و گەیشتە ٤٠ـەمین ساڵەی تێکۆشانی خۆی.
کاتێک ئەم هەڵمەتە جێبەجێکرا، لە کوردستان هێزی جیاوازیش هەبوون. لە بەرامبەر ئەم هەڵمەتە مێژووییەدا، ئەو هێزانە لە چ دۆخێکدا بوون و هەڵوێستیان چی بوو؟
هەڵمەتی ١٥ی ئاب زۆرترین ترسی خستە دڵی نۆکەران و خیانەتکارانەوە. چونکە پێش لە هەڵمەتەکە لە کوردستان، چۆن دەیانویست ئەسپەکانیان تاو دەدا. ئەوان دەیانزانی هەڵمەتەکە زیاتر لە هەموو شتێک وەڵامدانەوەی هێڵی خیانەت و هاوکارییە لەگەڵ دوژمنانی گەل. بۆیە لە سەرەتاوە ئەو هێزانە دەیانویست چۆک بە بزوتنەوەکە دابدەن و بێ کاریگەری بکەن. لەبەر ئەوەی نەیاندەویست بزووتنەوەکە لە کوردستاندا بڵاوبێتەوە. هەموو ڕێگایەکیان تاقی کردەوە. دوای ئەوەی شەڕی چەکداری دەستی پێکرد، ئەوەی پێشتر ویستی بزووتنەوەکە بوەستێنێت دیسان هەر ئەم هێڵی خیانەت بوو. بە تایبەتی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی سەرکردایەتی ئەم هێڵەیان دەکرد. لەبەر ئەوەی بنەماڵەی بارزانی لە مێژوودا خیانەتیان لە کۆماری مەهاباد کرد، دیسانەوە بە هەمان شێوە و ئەرکەوە لەسەر شانۆ بوون و ئامادەی هەر جۆرە خیانەتێک بوون. وەک چۆن ڕۆڵەکانی گەلی کورد وەک سەعید ئەڵچی، د. شوان و هتد. بە پیلانگێڕی کوژراون؛ بە هەمان شێوە هێرشی کردە سەر پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادی. هەتا ئەمڕۆ بە بەردەوامی ئەو ئەرکەی بەڕێوە دەبات.
لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ گۆڕانکاری زۆر لە بزووتنەوەی گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا ڕوویداوە. ئەم گۆڕانکاریانە چین و چۆن دەرئەنجامیان بووە؟
لە ساڵی ١٩٨٤ سەرەڕای هەموو بێ دەرفەتیەک، شەڕ دەستی پێکرد. بەو پێیەی شەڕی گەریلا شێوازێکی نوێی شەڕ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێسینەی نەبوو. گەریلا هێز و باوەڕی لە ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرت و پشتی بە گەلەکەی بەستبوو. گەل گەریلایان وەک بەشێک لە ڕۆحی خۆیان دەبینی و بە هەموو بوونێکەوە پشتیوانیان لە گەریلا دەکرد. بزووتنەوەی ئاپۆیی لە لایەنی ماددیدا ئیمکانی زۆر کەم بوو، بەڵام بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتێکی گەورەی بۆ گەریلا خوڵقاند. بزووتنەوەی ئازادی کوردستان هەموو هێرشەکانی دوژمنی تێکشکاند. دوژمن بە هۆی چالاکییەکانی گەریلا تێکشکا. گەریلا هەنگاوێکی نوێ بوو، لە چوار پارچەی کوردستاندا بڵاوبووەوە. کچ و کوڕی کورد لە هەموو شوێنێک ڕوویان کردە چیا ئازدەکانی کوردستان.
ئەو تێکۆشانە بە پێشەنگایەتی فەرماندەی نەمر عەگید، بە سەرکەوتووترین تاکتیک دەستی پێکرد. لەگەڵ پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆژیادا سەردەمێکی نوێ شەڕ و تێکۆشان دەستی پێکرد. پێویست بوو گەریلا بەپێی ئەم سەردەمە خۆیان نوێ بکەنەوە. ئیتر شەڕ بە میتۆدی کۆن کاریگەری نەما بوو. هەروەها گەریلا لەسەر بنەماکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆی بنیات نا و پێشکەوت. هەروەها لە ڕووی ئایدیۆلۆژیدا قووڵتر بووەوە، خۆی لەبواری تاکتیک و چالاکییە پێشکەوتووەکاندا دەوڵەمەند کرد و لە بواری تەکنیکیدا شارەزایی بەدەست هێنا. ئەمڕۆ گەریلاکانی ئازادی کوردستان تواناکانی خۆیان لە زەوییەوە گەیاندە ئاسمان. تەکنیکی دوژمن لە سیخوڕیکردن لەسەر زەوی و ئاسمان پووچەڵ کرایەوە. بە شێوازی شەڕی تونێل و گرووپە گەڕۆکەکانی ئەمڕۆ، گەریلا چۆکی بە دوژمندا هێناوە. ئەمڕۆ لەهەموو لایەکی جیهاندا شەڕ هەیە. شەڕی نێوان ڕووسیا، ئۆکراین، حەماس و ئیسرائیل لە بەرچاودایە. بەڵام دەوڵەتێک کە هەموو دەسەڵاتی ناتۆی لە پشتەوە بێت، سێ ساڵە نەیتوانیوە شاخێک لە دەستی گەریلاکانی ئازادی دەربهێنێت. ئەم شەڕە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەردەمێکی نوێیە. بەهۆی دوژمن لە باکوور و باشوور و هەر چوار پارچەی کوردستان شەڕێکی بێ ئەخلاقی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوە و گەلەکەمان بەڕێوە دەبات. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی دە ساڵە لە ژێر سیستەمی گۆشەگیرییدا ڕادەگیردرێت. ماوەی ٤٠ مانگە نەیانهێشتووە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بێتەدەرەوە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بێ ئەخلاقیەکی وەها نەبینراوە. ناهێڵن تەنها وەشەیەک لە ڕێبەر ئاپۆ ببیسترێت. زۆر لەوە دەترسن کە کاریگەرییەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر جیهان دروست بێت. بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر هەموو هێرش، ئەشکەنجە و گۆشەگیر کردنێک لە ئیمرالی لە ئاستی قسەکردن تێپەڕیوە. واتە هیچ وشەیەک نەماوە بۆ پێناسەکردنی. بە گشتی دامودەزگاکانی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ئاست دۆخی گۆشەگیریی بێدەنگن. ئەمە بەو مانایەیە کە وڵاتانی ئەوروپا هاوبەشن لە سەپاندنی گۆشەگیری و تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا. گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی لە باکووردا بڵاوبووەتەوە. لە ئێستادا گۆشەگیری بەسەر کوردستاندا ئەنجام دەدرێت. هەموو شێوازە گڵاو و دژە مرۆییەکان بەرامبەر گەلی کورد جێبەجێ دەکرێن. گەلی کوردیش ڕۆژانە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لە ناوەڕاستی سەرهەڵدانەکاندایە. ڕۆژانە لە چیاکانی کوردستان دژی گەریلاکان تاکتیکی کیمیایی، فسفۆر و ئەتۆمی بەکاردەهێنن. بەڵام هێشتا خۆیان لە چیاکانی کوردستاندا چەقیون. گەریلا لە ئاستی شەڕدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆن بە سەر دوژمندا، بووەتە بەهێزترین هێزی سەردەم لەسەر ئاستی پاراستنی گۆڕەپانەکان. هاوکات تەکنیکی دوژمنی پووچەڵ کردووتەوە و هاوکات تەکنیکی کاتی شۆڕشی خوڵقاندووە.
ئەمڕۆ دەبینین وەک یەکەم ڕۆژ خیانەتێک بەسەر گەلی کورددا دەسەپێندرێت. ئەوەی سەرکردایەتی ئەم هاوکاری و خیانەتە دەکات بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بنەماڵەی بارزانییە. پەدەکە چۆن دژی گۆڕان و تێکۆشانی گەریلا دەبێتەوە؟
هێڵی خیانەتکاران و نۆکەرەکانیان لە مێژووی گەلی کورددا وەک کرمی دار وایە. بە شێوەیەکی شاراوە گەورەترین ڕۆڵی نەرێنی لە بەرخۆدانەکاندا بینیوە. هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی ئازادییەوە تا ئەمڕۆش هەمیشە لە پاڵ دوژمن وەستاوە و لە بەرەی پێشەوە هێرش دەکەنە سەرمان. یەکەم کەس کە هێرشی کردە سەرمان لە دەستپێکدا (ستێرکا سۆر) بوون. هەڤاڵ حەقی قەرار بە دەستی ئەو خیانەتکار و بێ ئەخلاقانە شەهید بوو. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە ڕێبازی خۆی دەمامکی ئەو هەموو هێزە خیانەتکار و بەکرێگیراوانەی داماڵی و ئاشکرای کرد. لە ناو گەلی کورددا نەفرەت لە خیانەت کراوە. هەموو هێزە خیانەتکارەکان چارەنووسیان لەناوچوونە. بارودۆخی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە هەر بەو شێوەیەیە. ڕێبەر ئاپۆ بە دەیان جار نامەی ناردووە و تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەی بارزانی کردووە و داوای لێکردوون کە دەست لە هاوکارییەکانیان هەڵگرن. ڕێبەر ئاپۆ داوایکرد کە دژی ئێمە مەبنەوە، چ هاوکارییەکتان پێویست بێت ئێمە لەگەڵتانین. یان وەرن پێکەوە تێکۆشان دەکەین.
بەڵام بنەماڵەی بارزانی لە پێناو یەکڕیزی نەتەوەی کورد هیچ هەوڵێکیان نەدا. بەڵکوو بەردەوام دژی یەکێتی نەتەوەیی کاریان کردووە. لەگەڵ دوژمن دادەنیشن و هاوکارییان دەکەن. ئەرکیان نەهێشتنی بزووتنەوە کوردییەکان بووە. بەڵێنیان داوە کە نەهێڵن کەس دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک تێکۆشان بکات. پەیوەندییەکی زۆر نزیک و قووڵیان لەگەڵ جولەکەی ئیسرائیلدا داکوتاوە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، لە هەموو سەرهەڵدانەکانی کورددا، شوێنی ئەوان لە پاڵ دوژمن بووە. ئەمانە لە مێژووی کوردستاندا هەموو تۆمار کراون و دەمێننەوە. ئەم بنەماڵەیە یەکەم کەس بوون کە لە کوردستان چەتەگەریی، سیخوڕی و بەکرێگیراویان کردووە. دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردەوە سوورە. زۆرێک لە پێشەنگەکانی گەلی کورد بە دەستی ئەوان کوژراون.
لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باکووری کوردستان بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوە دەچێت. پێشەنگی ئەم بەرخۆدانە گەریلایە سەرەڕای ئەوەی هەم دژی هێرشە داگیرکارییەکان و هەم دژی خیانەتەکانی پەدەکە دەبێتەوە، ئەوەندەش لەتێکۆشاندایە، چۆن دەتوانێت هێندە گۆڕانکاری و پێشکەوتنی مەزن لە شەڕدا بخوڵقێنێ؟
لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤؛ ئێمە شەڕێکی زۆر گەورە بەڕێوەدەبەین. لە باکوور، هەفتانین، مەتینا ئاڤاشین، زاپ، خاکورک و هتد. لە ماوەی ئەم ٩ ساڵەی ڕابردوودا لە چوار پارچەی کوردستان لە شەڕێکی بەردەوامدا بووین. ئێمە بە هەموو هێزمانەوە بۆ پاراستنی کەرامەت و شکۆی گەلەکەمان لە تێکۆشانداین. دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزیەوە هێرش دەکاتە سەرمان. بێگومان شەهید دەدەین، بەڵام بە خوێنی شەهیدەکانمان خاکی کوردستان دەپارێزین و تا ئێستا ڕێگامان نەداوە دوژمن سەرکەوتوو بێت. هەموو ئەو گۆڕەپانانەی کە دوژمن ویستی لێ جێگیر بێت، هێشتا لە نێوان گەریلاکان و دوژمندا شەڕ هەیە. دەرئەنجامەکانی ٩ ساڵی ڕابردوو پڕە لە شکستی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەیە. سەرەڕای ئەوەی بە هەموو چەکێکی قەدەغە کراوەو هێرش دەکات، بەڵام لەبەرامبەر فیداییانی ڕێبەر ئاپۆدا ناتوانێت سەر بکەوێت. لە کۆتاییدا دەیەوێت بە هاوپەیمانی دەوڵەتی تورک، پەدەکە، داعش ئەنجام وەربگرێت. ئەگەر پەدەکە یارمەتی دەوڵەتی تورکی نەدابا و هاوکارییەکانی پێشکەش نەکردبا، دەوڵەتی تورک هەر زوو شکستەکەی قبوڵ دەکرد. لەماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا بەدەیان هەڤاڵمان شەهید بوون. هێڵەکانی گەریلا ئاستەنگ دەکەن و هەرێمەکانی گەریلا گەمارۆ دەدەن. لەبەر ئەوەی ئێمە ڕۆڵەی ئەم خاکەین، سوپای دەوڵەتی تورک ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و تێکدەشکێت. ئێستا پەدەکە بووەتە بەشێک لە پلانی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد. ئەوەی دەوڵەتی تورک داوای دەکات پەدەکە بۆی جێبەجێ دەکات. بزووتنەوەکەمان ڕۆژانە لەسەر ئەم بابەتە لێدوان دەدات. پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بوونەتە چاوساغی ئەردۆغان و باخچەلی سەرکردەی فاشیستان. هەروەها میدیای سەر بە پەدەکە بووەتە میدیای شەڕی تایبەتی ڕژێمی ئاکەپە، مەهەپە دژ بە گەلی کورد. واتە ئیرادەی خۆیان بەتەواوی تەسلیم بە دەوڵەتی تورک کردووە. بەهەموو هێزیانەوە دەیانەوێت پەکەکە لەناوببەن. بەڵام لە تێکۆشانی ٥١ ساڵەی ئێمەدا گەلی کورد ئیتر ڕاستی و هەڵە بە باشی دەناسێت. لە تۆمارەکانی مێژوودا، کاتێک باسی ماڵی بارزانی دەکرێت، بە پەڵەیەکی ڕەش و بێ کەرامەت باسیان لێوە دەکرێت. پێویستە گەلەکەمان (بەتایبەت گەلی ناوچەی بادینان) لە هەموو شوێنێک زیاتر بەرامبەر ماڵی بارزانی بوەستنەوە، ڕێگە نەدەن بنەماڵەی بارزانی وڵات بە چەتەکانی داعش و داگیرکەری تورک بفرۆشن. هەروەها ڕێگە مەدەن بە خۆێنی ڕۆڵەکانی کورد سامان بۆ بنەماڵەکەیان کۆبکەنەوە.
لەبەرامبەر شەڕی هەمەلایەنە دژی گەریلا و گەلی کورد، لەمەودوا هەڵوێستی گەریلاکانی ئازادی کوردستان چۆن دەبێت؟
ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئازادی ڕۆڵ و ئەرکێکی زۆر گەورەی لەئەستۆە. ڕۆڵی ئازادی تەواوی پێکهاتە بندەستەکانی لە ئەستۆدایە. هەروەها گەریلا ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان دەزانن و دڵنیان لەوەی کە لەم ئەرکە مێژووییەدا سەرکەوتوو دەبن. چاوی هەموو مرۆڤایەتی لەسەر بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی ئازادی کوردستانە. دوژمن دەزانێت ئەگەر ئێمە بشکێین ئەوە هیوای یەکڕیزی هەموو گەلانی بندەست دەشکێت، لەبەر ئەوە هەموو هێزە هەژموونخوازەکان بەناو مافی مرۆڤ پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکەن. بۆ ئەوەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەم زووانە لە ئەرکەکانیاندا سەربکەون و گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی پێ بهێندرێت، پێویستە هەموو گەنجان ڕووبکەنە چیا ئازادەکانی کوردستان و دەست بە تێکۆشانی خۆیان بکەن. پێویستە هەموو گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، بزووتنەوەی ژنان، کرێکاران، هونەرمەندان و هەموو گەلانی ئازادیخواز خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن و دەست بە هەوڵدانەکانیان بکەن.
دوا پەیامی ئێوە بۆ گەلی کورد چییە؟
وەک چۆن گەیشتینە ئەم ڕۆژانە بەو شێوەیەی کە باسمان کرد، هەمووان دەزانن ڕێبەر ئاپۆ چۆن لە هیچەوە دەستی بەتێکۆشان کرد و گەیاندی بەم ڕۆژە و گەلی کوردی لە کۆمەڵکوژیی ڕزگار کرد و کردی بە گەلێکی تێکۆشەر. هەروەها بیرۆکەی ئازادی لە نێوان مرۆڤایەتیدا سەرلەنوێ ژیاندەوە. بۆ ئەوەی ئامانجە مێژووییەکانمان بەدی بهێنین، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بە هەموو شێوەیەک تێکۆشان دەکەین. ئێمە بۆ تێکشکاندنی دوژمنی فاشیست و قرکەر هەر جۆرە ئامادەکاریەک دەکەین. ئێمە وەک شەڕڤانانی ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرج هەر چۆنێک دەبێت با ببێت، تەنانەت ئەگەر هەموو دونیاش بەسەرماندا بڕووخێت، شۆڕشی گەلی کورد بنیات دەنێین و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەسەر خاک و وڵاتماندا بە ئازادیی دەژین. دیسان ١٥ی ئاب لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەین. بەگشتی شەهیدانی شۆڕش بەمنەتدارییەوە بەبیر دێنینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن دووبارە دەکەینەوە و دەڵێین؛ بژی ڕۆحی ١٥ی ئاب، بژی بژی سەرۆک ئاپۆ!