٣٤ ساڵە ئەنفال وەكو جینۆساید نەناسێندراوە

٣٤ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت. ئەنفالێك كە بەدەستی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ و دەسەڵاتەكەی بەمەبەستی قڕكردن و لەناوبردن و سڕینەوەی شۆناسی و هەبوونی گەلی كورد پێكهات.

٣٤ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت. ئەنفالێك كە بەدەستی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ و دەسەڵاتەكەی بەمەبەستی قڕكردن و لەناوبردن و سڕینەوەی شۆناسی و هەبوونی گەلی كورد پێكهات.

رژێمە یەك بەدوای یەكەكانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان هەر یەك بەشێوەیەك لەشێوەكان هەمیشە هەوڵیانداوە، هەبوون و بەرخۆدان و تێكۆشانی ئازادیخوازانە و مافدارانەی گەلەكەمان بەزەبری ئاسن و ئاگر وەڵام بدەنەوە. تاوانەكانی رژێمی بەعسی رووخاو بەرامبەر بەگەلەكەمان لەباشوری كوردستان بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاكاندا گەیشتە لووتكە و ئاستی دەڕندەیی و زۆڵم و ستەمی داگیركەری هەموو سنوورەكانی مرۆڤی تێپەڕاند. لەبەرەبەیانی زوویەكی هاویندا لەساڵی ١٩٨٣ەوە دەست بەوێرانكردنی گوندەكان و سووتاندنی زەوییە كشت و كاڵییەكانی دەڤەری بارزان و دەستگیركردنی پیاوان و گەنجان كرا. لەو ئەنفالەی بەرامبەر بە بارزانیەكان ٨ هەزار كەس بێسەروشوێن كران و ئەمەش وەكو پێش زەمینەیەك و ڕێ خۆشكردنێک بۆ شاڵاوێكی گەورەتری ئەنفالی گەلی كورد و قڕكردنی بەكارهێنا.

ئەنفال بەواتای سڕینەوە و پاكتاوكردن، ئامرازەكەی دەستی رژێمە دیكتاتۆرەكانە كە لەدژی هەبوونی كوردان و حەڵاڵ كردنی سەروماڵی بەكاریانهێناوە. هەر چەندە لەكاتی ئەم سورەتەی قۆڕئان گوایا لەدژی بێ دینان "كافران" بەكارهاتووە، بەڵام دەوڵەتە داگێركەرەكانی سەر كوردستانیش ئەم چەكەیان لەدژی گەلی كورد بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتداریەتیان بەكارهێناوە. تەنانەت كاتێك سەددام حسێن پرۆسەی ئەنفالی لەدژی گەلی كورد بەرێوە برد، كە گوایا گەلی كورد، بێ دینە، بۆیە كۆشتن و بەتاڵانبردنی سەروماڵی حەڵاڵ كردووە. هەرچەندە لەو كاتەدا و دوای سی و چوار ساڵە ئەم تاوانە "جینۆساید"، تاوانێكی قیزەونە بەنێوچاوانی هەموو سیستەمە دەسەڵاتدارەكان لەسەر ئاستی جیهاندا خۆیانیان لێ كەڕ و لاڵ و كوێر كردووە و كەس قسەیەكی خێری لەدژی ئەو تاوانە و تاوانباران نەكردووە.

پرۆسەی ئەنفال لەلایەن رژێمی گۆڕبەگۆڕی سەددامەوە بەچوار قۆناخ لەبەرامبەر بەگەلەكەمانەوە بەرێوە چوو:

-              ئەنفالی یەك، ٢٢ی شوباتی ١٩٨٨ بەسەرپەرشتی سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی ئەوكاتی عێراق دەستیپێكرد و تا ١٨ی ئازار بەردەوام بوو، سەرجەم گونەدكانی دۆڵی جافایەتی وێران كران.

-              ئەنفالی دوو، لە ١٤ی ئازاری هەمان ساڵدا دەستیپێكرد و تا ٢٢ی ئازاری خایاند، ئەم قۆناغە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە، سەرەتای هێرشەكە بە كیمیابارانكردنی چەند گوندێك دەستیپێكرد، لەم هەڵمەتەدا نزیكەی ٨ هەزار كەس دەستگیركران و بەسەر زیندانەكانی تۆپزاوە و نوگرەسەلماندا دابەشكران و بێسەروشوێن كران.

-              ئەنفالی سێ، گەورەترین و بەرفراوانترین قۆناغەكانی ئەنفال بوو لە ٣١ی ئازار دەستیپێكرد ، ناوچەكانی دووبز، قادركەرەم، كەلار، كفری، چەمچەماڵ، تیلەكۆ، پێباز، سەنگاو، تەكیە، بەشێك لەناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە.

لە ١٤ی نیساندا، چوار شارۆچكە پێكەوە خاپوور كران، نزیكەی ٢٠ هەزار كەس ڕەوانەی سەربازگەی قۆرەتوو كران، زۆرترین ئەنفالكراوەكان لە گوندەكانی ملە سوورە و كۆڵەجۆی حاجی حەمەجان بوون، لەبەر زۆری و بەسۆیی تاوانەكانی ئەو ڕۆژە هەموو ساڵێك ئەم یادە لە ١٤ی نیساندا دەكرێتەوە.

ئەگەر ڕاپەڕینی خەڵكی چەمچەماڵ نەبوایە، ڕۆژی ١١ی نیسان ژمارەیەكی زۆر زیاتر بێ سەروشوێن دەكران، لەم ڕۆژەدا كاتێك كاروانی ئەنفالكراوان بە شارەكەدا دەبران، خەڵك ڕاپەڕین و بەریان بە كاروانەكە گرت و شەش هەزار كەسیان لە مردن ڕزگاركرد.

بۆ زیندوومانەوەی یادی قوربانیانی ئەم تاوانە لە چەمچەماڵ مۆنۆمێنتی ئەنفال دروستكراوە و ئەو ڕووفاتانەی دەهێندرێنەوە لەوێ بەخاك دەسپێردێنن، مۆنۆمێنتەكە لە ئێستادا سێ مۆزەخانەی تێدایە كە چیرۆكی ئەو تاوانە بێبەزەییە دەگێڕێتەوە.

 

-              ئەنفالی چوار، ١٨ی نیسان تا ٢٠ ی نیسان بەردەوامبوو، ناوچەكانی نێوان هەولێر و كەركوكی گرتەوە، كەدەكاتە ناوچەكانی، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێكی گەورەی وەك گۆپتە و عەسكەر. لەم قۆناغەدا گوندی گۆپتەپە كیمیابارانكرا و ٣٠٠ كەس بوونە قوربانی بۆردوومانەكە.

لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب قۆناغەكانی پێنج و شەش و حەوت جێبەجێ كران، ناوچەكانی شەقڵاوە و ڕەواندزی گرتەوە، زۆربەی ناوچەكان بە چەكی كیمیایی بۆردوومان كران، سەدان گوند خاپوركران.

-              دوایین قۆناغی ئەنفال لە ٢٥ی ئاب لە ناوچەی بادینان ئەنجامدرا، زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاكرێی گرتەوە.

حزبی بەعس لەپاڵ چەكی كیمیاییدا بۆمبی هێشوویی قەدەغەكراویشی بەكارهێنا، لەم قۆناغەدا گرتن و گوللـەبارانكرانی هاوڵاتیان لەیەك كاتدا بوو، ئەوانەی دەگیران هەر لەهەمان شوێنی خۆیان گوللـەباران دەكران.

تاوانباری سەرەكیی هەموو ئەم كۆمەڵكوژییانە سەدام حسێن بوو، پاشان عەلی حەسەن مەجید، دوای ئەمانیش ئەو جاش و مستەشارانە بوون، كە پێش زیلەكانی بەعس دەكەوتن و ئاگریان لە ماڵی قوربانیان بەردەدا.

لەدوای ڕوخانی بەعس و دەستگیركردنی سەدام حسێن، لەگەڵ دار و دەستەكەی خرانە قەفەسی دادگایی و لەسەر تاوانەكانیان سزادران، عەلی كیمیایی لەسێدارەدرا و پەتەكەی ملی بەدیاریی پێشكەشی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە كرا.

دوای ٣١ ساڵ لە دەسەڵاتداریی كوردیی باشووری كوردستان، لە كۆی ١٨٢ هەزار ئەنفالكراوی دەست ڕژێمی بەعسی عێراق، تەنها ڕووفاتی ٣ هەزار و٧٣٧ ئەنفالكراویان گەڕاندووەتەوە زێدی خۆیان، بەو پێیەش نزیكەی ١٧٩ هەزار ڕووفات لە بیابانەكاندا ماون، كە بدۆزرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە.

١٤ی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی عێراق تاوانی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە.

ژ.ت