"بۆ بەفەرمیکردنی زمانی کوردی تێدەکۆشین"

لە جزیر ڕێکخراو و دەزگاکانی زمان و چاندی کوردی لە باکوری کوردستان و شارەکانی تورکیا نەخشەڕێگای کارکردن بۆ زمانی کوردیان ئاشکرا کرد، دەستنیشانیان کرد بۆ بەفەرمی کردنی زمانی کوردی لە هەموو گۆڕەپانێک تێدەکۆشن.

ڕێکخراو و دەزگاکانی زمانی کوردی لە شارەکانی باکووری کوردستان و شارەکانی تورکیا لە پارکی برجا بەلەکی ناوچەی جزیری شەرناخ کۆبوونەوە، بۆ دەستپێکردنی خەباتی زمان و دژی فشارەکانی سەر زمان، نەخشەڕێگایەکیان ئاشکرا کرد. نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون و درووشم و پانکارت بەرزکرایەوە. دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن هاوسەرۆکی کۆمەڵەی زمان و چاندی برجا بەلەک، جاهید ئاکل خوێنرایەوە.

گۆشەگیری هەڵبگرن و ڕێگەی دیالۆگ بکەنەوە

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی هێڵی سێیەمەوە کە وەک سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک ناوی دەبات، ڕێگەیەکی چارەسەری بۆ مرۆڤایەتی پێش دەخات لە دەرەوەی شەڕ. بەڵام بەداخەوە، ئەوە سێ ساڵە بەڕێز ئۆجالان لە گۆشەگیرییەکی تونددایە و هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نییە. ئەم ڕەوشە پێشێلکردنی ماف و یاسا مرۆڤایەتییەکانە. گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان لە ڕاستیدا گۆشەگیرکردنی بەهاکانی نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتییە. فیکری بەڕێز ئۆجەلان زۆر گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان. لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و ڕێگا بۆ دیالۆگ بکرێتەوە".

ئاماژە بەوە کراوە لەبری دیالۆگ، دەسەڵاتی فاشیست لە تورکیا لەسەر ژنان و هەموو گەلی کوردی ئازادیخواز قڕکردنی جەستەیی و چاندی ئەنجام دەدات، بەم دواییانەش دژی زمان و چاند و هونەر و هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی فشار و هێرش و گرتن پیادە دەکرێت. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات زمانی کوردی لە جڤاک دوور بخاتەوە و گەمارۆی بدات.

"زمان جەستەیە، خاوەنداری لە جەستەت بکە"

جەختکرایەوە، زمان پایەی سەرەکییە بۆ مرۆڤ و جڤاک و نەتەوەکان هێندەی نان و ئاو پیرۆز و پێویستە، گوترا: "بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی دەکات، ئاستی پێشکەوتنی جڤاک بە پێشکەوتنی زمانەوە بەندە، لەڕێگەی وتە بەناوبانگەکەی "زمان جەستەیە، خاوەنداری لە جەستەتان بکەن"، تیشک دەخاتە سەر گرنگی زمانی دایک. بەڵێ زمان خودی ژیانە، بۆیە هێرشەکان بۆ سەر زمان تاوانی مرۆڤایەتییە. بۆ نەتەوەی کورد ئەمە ڕاستییەکی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگرە".

لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراو و دەزگاکان جەخت لەم خاڵانە دەکەنەوە:

* تێکۆشان و خەبات بۆ هۆشیاری زمانی کوردی لە هەموو جێگەیەک کە کورد تێیدا دەژی لەڕێگەی چالاکی جۆراوجۆرەوە.

* دژی هەر جۆرە پەراوێزخستنێک، تێکۆشان و خەباتی سەربەخۆ و گشتی بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی بازاڕ و سیاسەت و زمانی دامەزراوە گشتییەکان و هەموو بوارەکانی ژیان.

*بڵاوکردنەوەی سەدان هەزار بڵاوکراوە و پانکارت و لافیتە و تابلۆی کوردی بۆ هۆشیاری زمانی کوردی لەناو سیاسەتمەداران و نووسەران و ڕێکخراوەکان و پیشەوەران و کرێکاران و هەموو لایەنە کوردییەکان و گەلی کورد.

* لە هەموو جێگەیەک، قسەکردن و نووسین و خوێندنەوە بە کوردی بێت، شیعر و گۆرانی بە کوردی، ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ بە جلوبەرگی کوردییەوە.  

* کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لە هەموو گوند و شەقام و گەڕەکێک تا هەموو ماڵێک قوتابخانەی کوردی.

* لە هەموو شوێنێک ئەنجامدانی وۆرک شۆپی هۆشیاری و فێرکردنی زمانی کوردی بۆ مناڵ و ژن و گەنجان و هەموو بەشەکانی جڤاک.

* کارکردن لەسەر میدیای دیجیتاڵ دەربارەی زمانی کوردی.

*بڵاوکردنەوەی کورتەڤیدیۆ دەربارەی زمانی کوردی لە میدیای دیجیتاڵ.

* بۆ پەروەردەکردن بە زمانی کوردی و بەفەرمی کردنی زمانی خەباتی جۆراوجۆر و تێکۆشانی دیموکراتیک ئەنجام بدرێت.

* داوا لە پارت و شارەوانیەکان و سەندیکا و پلاتفۆرم و ڕێکخراو و دەزگا و لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و هونەر و کەلتووری و ڕۆشنبیریی و پیشەییەکان و ژنان و گەنجان و وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕان و دیموکراتەکان و دەکرێت، هەموو هەوڵێک بدەن بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی.

* تێکۆشان بۆ هەڵگرتنی هەموو فشار و گەمارۆ و گۆشەگیری و هێرش و قەدەغە و پەراوێزخستنێک بۆ سەر زمانی کوردی. گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، بڵاوکردنەوەی تێکۆشان و خەباتی زمانی کوردی لە هەموو کوردستان و تورکیا و ئەوروپا و جیهان.

لەکۆتاییدا داوا لە هەمووان کراوە، هەموو جێگەیەک بکەنە فێرگە و قوتابخانە و زانکۆی کوردی، هەمووان زمانی کوردی فێرببن و زمانی کوردی فێری هەمووان بکەن. هەر کوردێک ببێتە مامۆستای زمانی کوردی.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "زمانمان، هەبوونمانە" و "زمان شکۆی ئێمەیە" و ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.