بۆ تیشک خستنەسەر کۆچی هاوڵاتیان، لە کەرکوک شانۆیەکی سەرشەقام بەرێوەچوو

گروپی شانۆی (ئایندە) لەشاری کەرکوک، بەنمایش کردنی شانۆی سەرشەقام هەوڵیانداوە تیشک بخەنە سەر کۆچی بەلێشاوی گەنجان.

کاتژمیر ٤:٠٠ی ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، لە گەرەکی شۆرجەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، گروپی (شانۆی ئایندە) کە پێکهاتوون لە کۆمەڵیک گەنجی شانۆکاری شاری کەرکوک ، شانۆگەریەکی سەرشەقامیان بەناونیشانی(کۆچی چراکان) پێشکەش کرد کە بەو رێگەیەوە تیشکیان خستەسەر کۆچی بەلێشاوی خەڵکی باشوری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات.

هەروەها لە ناوەرۆکی شانۆکەدا ئاماژە بە کێشە و نەهەماتیانەکرا کە وایکردووە خەڵک لە نیشتیمانی خۆیان کۆچ بکەن. پەنا ببەنە بەر وڵاتانی پێگانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئارام و شایستە تا خەڵکی داهاتوویەکی ڕوون بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

بەشدار سەید کە شانۆکارێکی شاری کەرکوکە، و رۆڵی باوکێکی کۆچکردووی دەبینی لە شانۆکەدا، سەبارەت بە شانۆکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) وتی: " ئێمە وەکو گروپی (شانۆی ئایندە)، لە شاری کەرکوک شانۆگەریەکی سەر شەقامان پێشکەش کرد لەژێر ناوی (کۆچی چراکان)، شانۆکەمان باسی لەو کەسانە دەکرد کە لەژیان و دۆخی ئەم ولاتە بێزارن و کۆچ دەکەن."

سەبارەت بە ئامانج و پەیامی شانۆکە، شانۆکار بەشدار سەید، ڕایگەیاند: "لەم شانۆیەدا ئێمە ئەو پەیامەماندا کە ئەوانەی نیشتیمان جێدەهێلن نیشتیمانی خۆیان خۆش دەوێت و لەناچاریدا نیشتیمان بەجێدەهێلن، ئەو هاوڵاتیانەی کە ناچارکراون نیشتیمان بەجێ بهێلن چیتر توانای بەرگەی سەختی ژیانیان نەماوە. بۆیە بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر ئامادەیە بەرەو چارەنووسێکی نادیار کۆچ بکات و ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاستەنگیە و زەحمەتیانە ببێتەوە لەسەر سنوری وڵاتانی بێگانە."

هەروەها ئەو گەنجە شانۆکارە لە درێژەی قسەکانی زیاتر باسی ناوەرۆکی شانۆکەی کرد وتی: " لەم شانۆکاریەدا رۆڵی بەرپرسانی حکومەتێشمان دانابوو کە بەرپرسان چەند بێباکن لە هاوڵاتیانی نیشتیمانەکەیان و هەمیشە لەشوێنی گەرم و گوڕ دەژێن و هاوڵاتیانیش لەو سەرمایەی سەر سنوری وڵاتان دەژێن بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر، شەوانەش بەرپرسان دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و داوا دەکەن کە خەڵکی نیشتیمان بەجێ نەهێلن و لەهەمان کاتدا ئاگایان لە خراپی و دۆخی هاوڵاتیان نیە."

لەکۆتاییدا بەشدار سەید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " خەڵکی ئاگاداری بارودۆخەکەیە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە دۆخی کۆچبەرانی کورد کە لەسەر سنورەکانن بگوازینەوە بەنمایش کردنی ئەم شانۆکارییە تاوەکو خەڵکی لەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی کۆچبەرانی کورد بن، لەئیستادا بەڕاستی گەشبین نین بە داهاتوو ، تا ساڵی ٢٠١٣ خەڵکی بەردەوام لەدەرەوەی وڵات دەگەرانەوە بەڵام لەو ساڵە بەدواوە خەڵکی بەردەوامن لە کۆچ کردن بەرەوە دەرەوەی وڵات. لەئیستاشدا بەڵێشاو کۆچ بۆ جێهێشتنی نیشتیمان بەردەوامە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی حکومەت بەخۆیاندا بچنەوە تا کۆچی خەڵک بەردەوام نەبێت و نەبێتە هۆی چۆڵکردنی نیشتیمان."

ف.ق