بافڵ تاڵەبانی: با هەموومان بە گوتارێکی نیشتیمانییەوە پشتگیری لە ڕۆژئاوا بکەین

سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی دەربارەی پێشهاتەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: " لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) بافڵ تاڵەبانی دەربارەی دۆخی سوریا و بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات بە گرنگییەوە لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەڕوانن و دەڵێت: "ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت".

بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەڵێت:لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان".

بافڵ تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە پێویستە مافەکانی گەلی کورد پارێزراوبێت و هەمووان ژیرانە بڕیاربدەن و ئاشتی و پێکەوەژیان بپارێزن، دەڵێت: "تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت".