هێمن حەسیب چالاکوان و نووسەر لە بواری جینۆساید دەڵێت: "ئەوەی دەسەلاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان دەیکات بە داڵدەدانی تاوانبارانی جینۆسایدی کورد، بێباکی-یە لەبەرامبەر خوێنی قوربانیانی ئەنفال، دەسەڵاتدارانی هەرێم زیانیان گەیاندووە بە ناساندنی کەیسی بەجینۆسایدکردنی کورد".
هێمن حەسیب، چالاکوانی مەدەنی ونووسەر و شارەزا لە بواری جینوساید و ئەنفال، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا دەرباری چەند پرسێکی تایبەت بە کەیسی ئەنفال و جینۆساید بۆ ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF) دوا.
رژێمی بەعس بەعەقڵیەتێکی فاشست کوردی جینۆساید کرد
هێمن حەسیب چالاکوان و نووسەری بواری جینۆساید و ئەنفال، دەربارەی پرۆسەی جینۆسایدی کورد و هۆکارەکانی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: " لە ساڵی ١٩٦٨ەوە تا ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵێک جینۆساید دژ بەگەلی کورد بەڕێوەچووە، ئەو شاڵاوانەی ئەنفالیش بەچەند قۆناغێکی جیاواز ڕوویانداوە کە پێکاتبوو لە جینۆسایدی کوردانی فەیلی، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، زیندەبەچاڵ و ئەنفالکردنی گەلی کورد، حزبی بەعس رژێمێکی فاشستی هێنایە ئاراوە بۆ حوکم کردنی عێراق لەپێناو یەک بنەماڵەدا، پەروەردەی حزبی بەعس پەروەردەیەکی فاشیستبوو لەسەر بنەمای تاکڕەوی و دژایەتی بنەما مرۆڤیەتیەکانی دەکرد، لەسەرەتای هاتنی حزبی بەعس بۆ دەسەڵات حزبێک بوو کە توندوتیژی و کودەتا هاتبووە سەر حوکم و هەر بەزەبری ئاگر و ئاسن دەستیپێکرد وحوکمی دەکرد لە دەرئەنجامیشدا بینیما کە چەندین تاوانی جینۆسایدی دژی کورد ئەنجامدا".
بەعس بەعەقڵیەتی عەرەبگەرایی هەوڵی سڕینەوەی تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی دا
هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا دەربارەی هۆکارەکانی جینۆساید کردنی گەلی کورد لەلایەن رژێمی فاشستی بەعسەوە، ئەو نووسەرەی بواری جینۆساید ووتیشی: "بەلای حزبی بەعسەوە گرنگ نەبوو چ کارێکی دڕەندە بکات لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵات، حزبی بەعس هەوڵی سڕینەوە ناسنامەی کوردی دەدا و حزبی بەعس بەعەقڵیەتی عەرەبگەرایی کاری دەکرد و هەوڵی سڕینەوەی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە ناعەرەبەکانی دەدا، لەچوارچوەی سڕینەوەی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، چەندین تاوانی جەنگ و جینۆسایدی ئەنجامدا وەکو (ڕاگواستن، بەعەرەب کردن، زیندانی و کوشتن، لە کۆتایشدا زیندەبەچاڵکردن و جینۆسایدی گەلی کوردی ئەنجامدا)".
ئەنفالچییەکان دوو بەشن
سەبارەت بەوەی کە ئەنفاچییەکان کێن، ئەو نووسەرە ئاشکرای کرد و ووتی: " ئەنفالچییەکان ژمارەیان (٤٢٣) تۆمەتبارن کە بەپی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی کە فەرمانی دەستگیرکردنیانی داوە، ئەنفالچییەکان دوو بەشن، بەشێکیان جاش و ڕاوێژکاراەکانن(مستشار) کە حکومەتی بەعس ناویانی نابوو (فەوجی خەفیفە) کە جاشایەتیان بۆ حکومەتی بەعس دەکر کە ژمارەی داواکراوانی ئەو بەشەی ئەنفالچییەکان (٢٥٨)یان بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بەپی بڕیاری دادگای نیودەوڵەتی، بەشەکەی دیکە ئەو ئەفسەرە باڵایانەن کە لە سوپای عیراقی و هیزە ئەمنیەکانی دەوڵەت بوون و دەستیان هەبووە لە پرۆسەی جینۆساید".
حکومەتی هەرێم بەپاساو تاوانبارانی ئەنفال و جینۆساید دەستگیرناکات
هەروەها سەبارەت بەهۆکاری دادگای نەکردن دەستگیرنەکردنی ئەنفالچییەکان، هێمن حەسیب دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد و ووتی: "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان جاش و موستەشارەکان دەستگیرناکات بەپاساوی ئەوی کە بەرەی کوردستانی لە ساڵی ١٩٩١ بڕیاری لیبوردنی گشتی دەرکردوە، هەرچەندە ئەو بڕیارەی لێبوردنی گشتییە لێبوردنێکی کۆمەڵەیەتی و سیاسییە و ناتوانێت ببێتە لێبوردنێکی یاسایی کە تاوانباران لەسزا و بڕیاری دادگا رزگار بکات، لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کە بۆ دادگاکردنی فەرماندەکانی عیراق دامەزراوە کە لەیاساکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری لێخۆشبوونێک لەتاوانبارانی ئەنفال هەڵدەوەشێتەوە".
دەسەڵاتی کوردی بێباکی کردووە بەرامبەر بەخوێنی قوربانیان ئەنفال و جینۆساید
سەبارەت بە داڵدەدانی تاوانبارانی ئەنفال و جینۆساید لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هێمن حەسیب چالاکوان و نووسەر لە بواری جینۆساید ووتی: "بەداخەوە ئەوەی کە دەسەڵاتداران و حوکمرانی دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان دەیکەن بە داڵدەدانی ئەنفالچییەکان و تاوانبارانی جینۆسایدی کورد بێباکی-یە لەبەرامبەر خوێنی قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید، ئەم کردەوەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم زیانی بە ناساندنی کەیسی بەجینۆسایدکردنی گەلی کورد داوە".
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زۆر کەمتەرخەم بوون
سەبارەت بە هۆکاری نەناساندنی پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنی کورد بە جینۆساید لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە، ناوبراو ووتی: "یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوەیە کە عێراق ئەندام نیە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام بەشیوەیەکی سەرەکی ووڵاتانی ئەوروپا کار لەسەر بڕیاری دادگاکان دەکەن بەداخەوە تائیستا هەوڵمانەداوە تاوانبارێکی کیمیابارانکردنی هەڵبجە لە ئەوروپا بدۆزینەوە و ڕادەستی دادگای بکەین، داواکاری ئێمە ئەوەیە کە ئەم کەیسە بەجینۆساید بناسرێت، حکومەتی عێراقیش بەهۆی ئەوەی ئەنجامدەری تاوانەکەیە کار لەسەر بەجینۆساید کردنی ئەنفال ناکات بەڵکو گەر بتوانێت دژایەتی بەجینۆسایدکردنی ئەنفال دەکات، حکومەتی هەرێم بە ئاستێک کەمتەرخەم بووە لەبەرامبەر ئەم کەیسە کە هیچ هەوڵێکی نەداوە و هیچ هەنگاوێکی نەناوە و تەنها ڕێکخراو چالاکوانی کورد لە ئەوروپا هەوڵیانداوە لە ئەوروپا تاوانی کۆمەڵکوژی دژی کورد بەجینۆساید بناسێنن".
لە مۆزەخانەیەکی نشتیمانی تاوانەکان دۆکیومەنت بکرێن
لەکۆتایدا هێمن حەسیب چالاکوان و نووسەر لە بواری جینۆساید، پەیامێکی ئاڕاستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و ووتی: "داواکارم لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە دانوساندنەکانیان پێداگیری بکەن لە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نیودەوڵەتی تا جارێکی دیکە لە عێراق پرۆسەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە، پێویستە چیتر تاوانبارانی جینۆساید لەلایەن دەسەڵاتدارنی هەرێمی کورستانەوە نەپارێزرێن، وە دۆکیومەنتەرەکان و چاوپێکەوتنەکان دەربارەی قوربانیانی جینۆساید بە ئەرشیف بکرێت و بپارێزرێت لە مۆزەخانەیەکی نشتیمانی لەسەر ئاستی کوردستان، بۆئەوەی کە وەفدێک هات سەردانی ئەو شوێنە بکەن".
ژ.ت