عەبدوڵا زەیدان: دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان ڕایگەیاند چاوەڕوانن هەمووان دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن و گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە کراوە، سبەی لە ئەزمیریش دەسەپێنرێت".

بە بڕیاری ئاکەپە مافی هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان زەوتکرا، ئەم بڕیارە لە چەندین جێگە شەرمەزارکرا. هاوسەرۆکانی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و عەبدوڵا زەیدان لەبەردەم رێکخستنی دەم پارتی لە وان قسەیان کرد. زەیدان گوتی: " ئێمە لە وان بە ئیرادەی گەل ١٤ شارەوانیمان بردەوە، هەرچەند مافی دەستبەکاربوونم بەدەستهێناوە، هەوڵ دەدەن بۆسە بۆ ئیرادەی گەل دابنێن".

زەیدان ئەم بڕیارەی بە نادادی و نایاسایی ناوبرد و ڕایگەیاند بۆسەیەکە بەرامبەر ئیرادەی گەل و ئێمەش تا دوایی ئیرادەی گەل دەپارێزین و سکاڵا دەکەین، گوتی: "مەسەلەکە زەیدان و شەدال نییە، بۆسەیەکە بۆ گەلی کورد و گەلی وان. چاوەڕێی ئەوەین هەمووان دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە دەکرێت، سبەی لە ئەزمیریش دەسەپێنرێت. کەس ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە پێشێل بکات".

زەیدان بانگی لە کاندیدی ئاکەپە کرد و گوتی: "چۆن ئیرادەی گەل پێشێل دەکەیت و لەسەر ئەو تەختە دادەنیشیت؟ چۆن ڕووت دێ سەیری ڕووخساری ئەم گەلە مەزنە بکەیت، چۆن دەتوانیت بێیتە حزووری گەل. ئەم گەلە قبووڵی ناکات. بانگەواز لە هەمووان دەکەین بە عەقڵی سەلیمەوە مامەڵە بکەن. سڵاو لە گەلی وان دەکەین کە خاوەنداری لە ئیرادە و شکۆی خۆیان دەکەن".

لای خۆیەوە نەزلیهان شەدال ئەم حاڵەتەی وەک "کودەتای سیاسی" شرۆڤەکرد و ڕایگەیاند ئەوەی لێمان زەوتکراوە بەدەستی دەهێنینەوە، ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و زەوتکردنە، قبووڵی ناکەین.

شەدال ڕایگەیاند گەلی وان سەلماندی بەرامبەر ئەم زەوتکردنە ڕادەپەڕێت و گوتی: "بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین ڕێگە بەم کارانە نەدەن و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن".