"بەهۆی جموجوڵی داعشەوە گوندە کوردییەکانی کەرکوک چۆل دەکرێن"
شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی، دەڵێت: " لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە هەندێک گروپ کە ئەجیندای وڵاتانی هەرێمی جێبەجێ دەکەن، هیزی چەکداری خۆیان دروستکردووە".
شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی، دەڵێت: " لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە هەندێک گروپ کە ئەجیندای وڵاتانی هەرێمی جێبەجێ دەکەن، هیزی چەکداری خۆیان دروستکردووە".
سەرەڕای ئەوەی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧وە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق ڕایگەیاند كە داعشیان تێكشكاندووە، بەڵام هێشتا شانە نهێنییەكانی داعش لە عیراق بەگشتی و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی هەرێم بەتایبەتی بەردەوامن لە چالاکی، جموجوڵی داعش لە هێرشی لەناکاو و هەڵکوتانە سەر خەڵک و جوتیاران و وەرگرتنی سەرانە دەگرێتەوە، زیادبوونی هێرشەکانیش هۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچە دابڕێندراوەکان دەگەڕێتەوە، داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان) زیاتر لە ٥ هەزار هێرشی ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان لە کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدینن.
جێگای باسە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپی تیرۆرستی داعش، چوار رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەك چەكداری داعش هەڵیانكوتایە سەر گوندی سمودی کوردنشین لە باشوری قەزای داقوق سەر بە شاری کەرکوک و لەئەنجامدا و دوو برایان ڕفاند كە سەرقاڵی كاری كشتوكاڵ بوون کە تائیستا چارەنووسی یەکێک لەو برایانە بەنادیاری ماوەتەوە، هەروەها لە ماوەی ٢٤کاتژمیری ڕابردوو، لە قەزای تەلەعفەر سەر بە شاری موسڵ داعش وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە هاوڵاتیەک سەردەبڕێت، هەروەها داعش لە نزیک قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای دیالە پۆلێسیکی بریندار کرد، هەروەها دوێنێ لە موسڵ و کەرکوک چەند سەرکردەیکی داعش دەستگێرکران کەنیازی کردەوەی تێرورستیان هەبووە".
لەلای خۆیەوە شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی دەربارەی چربوونی هێرشە تیرۆرستیەکانی داعش لەناوچە کوردستانیەکانی دەروەی هەرێمی کوردستان و مەترسی بوونی ناوچەیەکی فراوانی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و چەند پرسیکی دیکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
بەهۆی کێشەی سیاسیەوە کێشەی ئەمنی دروستبووە
لەهەر ناوچە و وڵاتێک کاتێک کێشەی سیاسی هەبێت کێشەی ئەمنیش سەرهەڵدەدات وەکو هەمووان دەزانن پرۆسەی سیاسی عێراقیش دابەش بووە بەسەر دوو بەرەی وڵاتانی هەرێمی، لەئیستادا لە عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەر هەیە وە پەرلەمانیش نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنی. ئابوری و سەروەری سنورەکانی ولات هەموو ئەمانەش کۆمەڵێک کێشەی دروست کردووە، کە دەبینین بۆشایی ئەمنی لە زۆر ناوچەی عێراقدا هەیە و هەروەها سوپای تورکیا رۆژانە هێرش و لەشکرکێشی لەناو خاکی عێراق ئەنجام دەدات بەبێ گوێدانە سەروەری عێراق کە ئەم هێرش و لەشکرکێشیانەی تورکیا بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق مەودایەکی دورتری لەدوایە".
بەهۆی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەوە بۆشاییەکی ئەمنی لەناوچە دابڕێندراوەکان دروستبووە
هەروەها سەبارەت بە چڕبوونی هێرشەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکانی دەروەری هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزای ئەمنییە وتی: "پێش لێکەوتەکانی ریفڕاندۆم، هێزەکانی پێشمەرگە تا سنوری حەمرین لەناوچە دابڕێندراوەکان(ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) بوونیان هەبوو، بەڵام دوای لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم کە هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەی پێکرا، لەئیستاشدا لە سنوری شەنگال تا دەگاتە خانەقین و بە کەرکوکدا تێدەپەرێت، بۆشاییەکی ئەمنی زۆر لەو ناوچانە هەیە، بەهۆی ئەوەی کە ئەمە هێڵێکی هاوتەریبە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق".
گروپی چەکداری سەر بە ولاتانی هەرێمی لەناوچە دابڕێندراوەکان دروستکراون
سەبارەت بە هۆکاری بوونی ناوچەیەکی فراوانی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، ئەو شارەزای ئەمنیە دەشڵێت: "لەئیستاشدا سوپای عێراق ناتوانێت ئەو ناوچانە بە تەواوی بپارێزێت و ڕێگەش نادەن هێزەکانی پێشمەرگە هاوکارییان بن لە پاراستنی ئەو ناوچانە و لە هەندێک شوێن سەدان کیلۆ مەتری چوارگۆشە بۆشایی ئەمنی بوونی هەیە بەهۆی ناتەبایی سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستە چەندین پشتێنەی ئەمنی لەو ناوچانە دروست بکرێت، چونکە بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنیە گەورەیەی هەیە، داعش بە ئاسانی هاتوچۆ دەکات و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بە ئامانج دەگرێت، هەروەها لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە هەندێک گروپ کە ئەجندای وڵاتانی هەرێمی جێبەجێ دەکەن، هیزی چەکداری خۆیان دروستکردووە کە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان".
ئەجیندایەکی دوور مەودای ولاتانی هەرێمی هەیە بۆسەر ناوچە دابڕێندراوەکان
هەروەها ناوبراو باسی لە لەشکرکێشی تورکیا و مەترسییەکانی وڵاتانی هەرێمی کورد بۆسەر ناوچە جێناکۆکەکان و وتی: "بۆشاییە ئەمنییەکان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنەوە کە یەکەمیان ناتەبایی هێزە عێراقییەکان و هێزە کوردییەکانە هۆکاری دووەمیش ناتەبایی هێزە کوردییەکان لەناو خویاندا کە بەهۆی دەرئەنجامی شەری ناوخۆی هەردوو هێزی سیاسی سەرەکی لە هەریمی کوردستان بەشیوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە دابەشبوونێکی جوگرافیای سەربازیی لەوناوچانەدا هەیە، ئەمانەش هەمووی هۆکارن کە دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و لەشکرکێشی سوپای تورکیا و جموجۆڵی داعش لەم ناوچانە بوونی هەیە، بە بڕوای هەموو چاودێران ئەجیندایەکی دوور مەودای ولاتانی هەرێمی هەیە بۆسەر ناوچە دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان)، ململانێکە لەسەر ساغکردنەوەی ناسنامەی ئەو ناوچانەیە".
پێکهاتەکانی جگە لە عەرەب بوونە قوربانی داعش
دەربارەی چربوونەوەی هێرشەکانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان بە ئامانجگردنی گوند و ناوچە کوردییەکان بەدیاریکراوی، شێرازاد سەمەد ڕایگەیاند: "کاتێک تیرۆرستانی داعش شاری موسڵ و چەندین ناوچەی دیکەی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کرد، ئەوەی کرا بەئامانجگرتنی نەتەوەکانی جگە لە عەرەب بوو، چونکە شاری موسڵ شارێکی سونەنشینە و ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش خۆی وەکو جێگرەوەی خەلافەتی سونەکان دەزانێت و خەڵکی عەرەبی موسڵ وەفادارییان هەبوو بۆ داعش کاتێک کە هاتنە شارەکەوە، و زەرمەندی یەکەم پێکهاتەکان بوون جگە لە عەرەب".
بەهۆی داعشەوە گوندە کوردییەکانی کەرکوک چۆل دەکرێن
لە کۆتاییدا سەبارەت بە چربوونەوەی هێرشەکانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان بە ئامانجکردنی گوند و ناوچە کوردییەکان بەدیاری کراوی، شێرزاد سەمەد شارەزای ئەمنی ڕایگەیاند: "لەشاری کەرکوک کاتێک جموجۆڵی داعش زیاد دەکات، خەڵکی کوردی شارەکە زەرمەند دەبن و بەئاڕاستەی چۆڵکردن دەچن، لەئیستادا بەهۆی جموجۆڵەکانی داعش شێوازێک لە چۆلکرنی کوردان لە کەرکوک هەیە کە بەشەوان ناتوانن بچنەوە گوندەکانیان بەهۆی مەترسی داعش وەکو ئەڵتەرناتیفێک کوردەکان گوندەکانی باشوری کەرکوک پشتیان بەجووتیاری عەرەب بەستیوە کە ئەمەش مەترسییە بۆسەر ئەو گوندە کوردنیشینانە چونکە ئەو جووتیارە عەرەبانە خەڵکی هەندێک ناوچەی وەکو(موسڵ، بەعاج، حەویجە، دیالە و چەند ناوچەیەکی دیکەن) کە عەرەبی ئەو ناوچانەش ناسراون کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و یان جۆرێک لە هاوسۆزیان هەیە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش، کە بوونەتە لانەیەک بۆ گروپە تیرۆرستیەکان کە کوردیش زەرمەندە دەبێت لەم کارەدا".
ف.ق