بنەماڵەى شەنیاشار جارێکیتر دەستگیرکران

ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە بۆ داوای دادپەروەری لە چالاکی ئێشکگریدا بوون، جارێکیتر دەستگیرکران. جێگای سەرنجە دەستگیرکردنەکە پێش سەردانی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بۆ رحا روویدا.

ئەمینە شەنیاشار ساڵی ٢٠١٨ هاوسەرەکەی و دوو کوڕی لەلایەن خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە کوژران. ئەمینە شەنیاشار لەگەل فەریدی کوڕیدا، کە ئەویش لەو هێرشەدا بریندار بوو بوو، چالاکی ئێشکگری بۆ دادپەروەری بەڕێوەدەبەن.

بنەماڵەى شەنیاشار ئەمڕۆ لە  ١٢٨هەمین رۆژی چالاکییەکەیاندا وەک رۆژانی تر بەرەو بەردەم بینای دادگای رحا بە رێککەوتن، بەڵام  دەروازەی شارەکەدا دستگیرکران.

پۆلیس بۆ دەستگیرکردنەکەیان پاساوی لێکۆڵینەوەى "سوکایەتیان بە فەرمانبەری حکومەت کردووە" بۆ هێناونەتەوە. ئەندامانی بنەماڵەى شەنیاشاریان برد بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری رحا.

جێگای سەرنجە بنەماڵەى شەنیاشار پێش سەردانی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بۆ رحا دەستگیرکران.

ئەمینە و فەرید لە ٢٠ی ئایاردا جارێکیتر بەهەمان پاساوی "سوکایەتیکردنی بە کارمەندی حکومەت" دستگیرکران. لەو کاتەشدا پەروین بوڵدان و شاندێکی هەدەپە بۆ پشتیوانیکردن لە بنەماڵەى شەنیاشار و  چالاکییەکان رۆیشتوون بۆ رحا، بەڵام پێش گەیشتنیان بە شوێنی چالاکییەکە ئەندامانی بنەماڵەى شەنیاشار دەستگیرکرابوون و پەروین بوڵدان و شاندەکەى هەدەپە ئەو رۆژە لە بریی بنەماڵەى شەنیاشار چالاکیی ئێشکگرییان بەڕێوەبرد. دوای ئەوەش بوڵدان کارو چالاکییەکانی لە رحا تەواو بوو لە شارەکە چووە دەرەوە، ئەندامانی بنەماڵەى شەنیاشاریان ئازاد کرد.

ژ.ت