بنەماڵەى شەنیاشار: تاوەکو هەر ٢٣ تۆمەتبارەکە نەگیردرێن درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین

بنەماڵەى شەنیاشار کە لە هێرشی ئاکەپەییەکاندا ٣ ئەندامی بنەماڵەکەیان کوژران رایانگەیاند، تاوەکو هەر ٢٣ تاوانباری هێرش و کوشتارەکە دەستگیر و زیندانی نەکرێن بەردەوام دەبن لە چالاکیی ئێشکگریییان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری.

پاسەوانان و خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە هێرشیان کردە سەر دوکانی بنەماڵەى شەنیاشار و ٣ کەسیان لەو بنەماڵەیە کوشت. دایە ئەمینە شەنیاشار لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕیدا، کە لە هێرشەکەدا بە برینداری رزگاری بوو بوو، لە بەردەم دادگای رحا لە چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرین و چالاکییەکەیان لە ٣٥هەمین رۆژدایە.

دایک و کوڕ ئەمڕۆ دیسانەوە رۆیشتن بۆ بەردەم دادگا و لە بەر کۆنکرێتەکانی دادگاکەدا دەستیان بە چالاکیی هێنانەدیی دادپەروەری کرد.

دایە ئەمینە شەنیاشار لە چالاکییەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، "لە بنەماڵەکەم ٣ کەس کوژراون، سزای زیندانی بەسەر یەکێکی تریاندا سەپێنراوە، بکوژانی منداڵەکانم ئازادانە دەسوڕێنەوە. منیش لێرە ناڕۆم با منیش بکوژن. با ئەو کەسانەی تاوانی کوشتنەکەیان ئەنجامداوە بگیردرێن. لە نەخۆشخانە منداڵەکانی منیان کوشت. با تۆماری کامێراکانی نەخۆشخانەکان بڵاوبکەنەوە. هەروەها راپۆتی پزیشکەکان و تۆماری نەخۆشخانەکە بڵاوبکەنەوە. باش ئەوە ویژدانە؟ ئەوە چ دادپەروەرییەکە؟ بۆ راستگۆیانە و دروست ناجوڵێنەوە؟".

فەرید شەنیاشار رایگەیاند، بە کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەکەى لە دژیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە و وتی، "کاتێک لەگەڵ داواکار گشتی لەسەر دۆسیەکە لە نەخۆشخانە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد داواکاری گشتی وتی، ئێمە ٢٣ تۆمەتبارمان دەستنیشانکردووە. دەبێت ئەو کەسە دەستنیشانکراوانە دەستگیر بکرێن، دوای ئەوە ئێمە لێرە دەڕۆین. تاوەکو ئەو کەسانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە، دەستگیر و زیندانی نەکرێن لێرە ناڕۆین".

فەرید شەنیاشار رایگەیاند، ئەمە تێکۆشانی هەموو کەسێکە و داوای خاوەنداری و پشتیوانیی لە تێکۆشانەکەیان کرد.

ژ.ت